ئەنجومەنی وەزیران بۆ تاووتوێکردنی دۆسیەکانی نەوت، داهاتی ناوخۆ و دانوستانەکانی بەغدا کۆدەبێتەوە

KNN : Kurdish News Network
09:29 - 10/06/2026
کوردستان
+
-

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی ئەنجام دەدات. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخانکراوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر نەخشەڕێگەیەک بەمەبەستی بەردەوامیدان بە دانوستانەکان لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و کابینەی وەزاریی نوێی حکومەتی فیدراڵی.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا تاووتوێی سێ خاڵی گرنگ دەکرێت؛ یەکەمیان، پێشنیاری هێنانەکایەی دەستەیەکی باڵای وەزاریی هەماهەنگیی هەمیشەییە، کە پێکهاتبێت لە وەزیر و بەرپرسانی پەیوەندیداری هەردوو حکومەت. خاڵی دووەمیش، تایبەتە بە خستنەڕووی دوابەرهەم و ئەنجامەکانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت لەگەڵ بەغدا و دەرئەنجامی دوایین کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا.

 

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پرسی داهاتە ناوخۆییەکان و سیستەمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، کە تیایدا خشتەی داهاتەکان، کاریگەرییەکانی دۆخی ناوچەکە، هەروەها یەکلانەکردنەوەی دۆسیەی ئەسیکۆدا و کاریگەرییەکەی لەسەر کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ دەخرێنەڕوو.

116 جار خوێندراوەتەوە