"خەبات"ی بیابان

I

خەبات عەبدوڵا، لەسەرخۆو بە شێنەیی، دو وێنەی گۆڕە بە کۆمەڵەکەی بادیەی سەماوە لە بیابانی خواروی عیراق بڵاوکردەوە. دوای ئەوە هەردو وێنەکە لەسەر تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا و کەناڵەکانی میدیا لە کوردستان بەشێوەیەکی فراوان بڵاوبونەوە: یەکەمیان دیمەنێکی گشتی گۆڕەکەیەو چەند کەسێک لە تیمی کارکردنەکە خەریکی کارکردنن، ئاڵای سوری بچوک لە شوێنەکەدا دانراوە. وێنەکە زۆر بە هێمنانە گیراوە، بەڵام دیوێکی دیار نیەو تەنها وێنەگرەکە دەزانێت چی بەدوای خۆیدا ئەهێنێت و لەوانەیە پرسیاری ئەوەمان لا دروست بێت؛ بۆچی خەبات عەبدوڵای نوسەری بەتواناو سەلیقە لە هەڵبژاردنی هەر وشەیەکدا، تەنها چەند دێرێک دەنوسێت و دیمەنەکە دەکاتە موڵکی هەموان. لەوانەیە پێمان بڵێت، ئیتر هیچی ترم بۆ نانوسرێت و ئێوەش ناونیشان و وردەکاری وێنەکە بگرنە ئەستۆ. لە ڕاستیشدا وایە، خەبات دوای چرکاندنی هەر وێنەیەک، کە ئەمجارە وێنەی چیاو هەورو ڕێگاکانی ناو چیاکانی قەندیل و سەکران نیە، بەڵکو ئێسک و پروسکی ئەو کوردانەیە لە بینینی هەمان ئەو چیایانە بێبەش کران و لە مافی ژیان داماڵران، تەنانەت لە خەوێکی ئارامیش بێبەش دەبێت.

دوای چەند ڕۆژێک خەبات وێنەیەکی تر بڵاو دەکاتەوە کە کەرەستەکانی بریتین لە جل و بەرگ و بوخچەی ڕەنگاو ڕەنگی ژنانی کوردستان، ئەو ژنانەی شاعیری گەورە شیرکۆ بێکەس لە (گۆڕستانی چراکان)دا گۆرانیەکانیان دەگێڕێتەوە. دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ هێشتا بیابان نەیتوانیوە ڕەنگی ژنانی کوردستان کاڵ بکاتەوە؛ ئەمە یەکەم تێبینی بو کە لام ردوست بو. لە ناویاندا ڕەنگ و دەنگی ئەو کیژۆڵەیەش هەیە کە لە شەوی گولەبارانی بەعسیەکاندا، تەیمور پێی وتبو: وەرە با ڕابکەین، بەڵام ئەو نەیویستبو دایکی بەجێبهێڵێت. کارەکەی خەبات لە بیابانی بادیەی سەماوە لە تۆمارکردنی ئەم ڕەنگانەدا تەنها لەوەدا نەبو کە ژینۆسایدی ئەنفال بەبیری ئێمە بهێنێتەوە، بەڵکو لەوەشدا بو کە جارێکی تر بەعسیەکان لە تاوانەکانیان ئاگادار بکاتەوە. ژنێک نوسیبوی کە ئەم گۆڕانە بە مەبەست لەم کاتەدا هەڵدەدرێنەوەو دانانی ئاڵا سورەکانی لەسەر روبەری گۆڕەکە وەک کارێکی مەبەستدار لەقەڵەم دابو. ئەمەش میراتێکی ئەوانەیە کە تا ئەمڕۆ "عیراقیبون" لەو سەقامگیرییەدا دەبیننەوە کە بەعسیەکان کوشتنیان تیادا کردبوە ئاکتێکی ڕۆژانەی ڕۆتینی و بەرهەمهێنانی بکوژی وەها کە تەنانەت کاتی تەماشاکردنی قوربانیەکانیشی نەبو. لە گفتوگۆیەکدا بە یەکێک لەو ژنانەم وت کە لە ژێر هەر ئاڵایەکی سوری بچوکدا لاشەی ژن یان مناڵێکی کورد هەیە، دوای ئاڵا سورەکانیش ئاڵای سپی هەیە کە ئاماژەیە بۆ کەرەستەو کەل و پەل ژن و مناڵەکان. کاتیكێش بەو ژنە "عیراقییەم" وت کە لەگەڵ ئەوەی کەسێکی هێمن لە پشت وێنەکەوە دەبینین، بەڵام ئەو خەویشی لێ "حەرام" بوە، چونکە لەناو گۆڕەکدا ڕوحی گەڵێک ئەجولێت، ئیتر کۆتایی بە گفتوگۆکە هێنا. بەلای منەوە ئەمە سەرەتاکە بو.

II
گوێم لە قسەو داواکاریەکانی تەیمور گرت؛ ئەوانەی پەیوەستن بە حکومەتی عیراق، لەوانەشدا کە وا باسی داڵدەدانی بەشدارەکانی ئەنفال دەکات لە کوردستان. لە ڕاستیدا کەس نیە پاڵپشت و هاوخەم و لایەنگری تەیمور نەبێت لەم مەسەلەیەدا، بەڵام مانەوەی روفاتی کەس و کارمان لە باشوری عیراق نابێتە کارتێکی بەهێزو پاڵەپەستۆ بۆ سەر حکومەتی عیراق تا داوای لیبوردن لە گەلی کورد بکات و داواکاریەکانی تر جێبەجێ بکات. پێویستە لە ئاستێکی ترداو بە میکانیزمی تر ئەو کارە بکرێت، لەوانەیە دەرکردنی ڕوفاتەکان و پشکنینی جۆری لە ناوبردنیان و شاردنەوەیان لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا ئەو میکانیزمە بن یارمەتی تەیمورو کەس و تری ئەنفالکراوەکان لە دروستکردنی جۆرێکی تر لە رای گشتی و پاڵەپەستۆ بۆ سەر هەردو حکومەتی فێدرالی و هەرێم. گەڕاندنەوەی ڕوفاتەکانیش بۆ کوردستان ئیدانەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ تومەتبارەکانی ئەنفال و ئەوانەش وا داڵدەیان دەدەن.

 

هاتنەوەی تەیمور لەگەڵ روفاتەکاندا بۆ کوردستان و دروستکەری ڕوداوێکە، لە ڕوبەری گشتی سیاسی و ئەخلاقی و میدیای و کۆمەڵایەتیدا، بە پلەی یەکەم کوردە "ئەنفالکەرەکان" دەخاتەوە ناو یادەوەری خەڵک و ئەمەش کەم نیە.

 

له‌ ئه‌ژماری تایبه‌تی نوسه‌ر له‌ فه‌یسبوك وه‌رگیراوه‌

870 جار خوێندراوەتەوە