خۆ هەر من وا ناڵێم، زۆرن ئەوانەی دەڵێن لە ساڵانی نەوەدەکانی رابردووشدا خەڵکی بەم ڕادەیەی ئێستا خەمۆک و دۆستی خەم نەبوون، کاتێک بە شەقامەکانیشدا دەڕۆی جگە لەوەی پێکەنین و قاقاکانی جارانی خەڵک کەمتر دەبیستی و دەبینی، ئەگەر تاکە تاکەیەک ببینی سەرقاڵی شاشەی مۆبایلەکەی نەبێت، سەرنجی بە، خەم دایگرتووە، مەسەلەکە زۆریش پەیوەندی بە دۆخی داراییەوە نییە، بەو پێیەی خەڵکی ناو ئۆتۆمبێلە هەرزان و مامناوەندەکان دەنگی گۆرانیەکانیان زیاتر بۆنی شادی لێ دێت وەک لە خەڵکی ناو ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان، کە دەیانبینی توڕەییەکی زۆریان پێوە دیارە.
هۆکارەکانی ئاشکراکانی خەمی خەڵک لەوانەیە ئەگەری شەڕی ئێران - ئەمریکا بێت، یان ئەگەری دیسان کەمبوونەوەو نەمانی موچە، کە وەک مۆتەکەیەکی لێهاتووە لە ژیانی موچەخۆرانا، بەڵگەش بۆ ئەوە خراپی و کەمی فرۆشتنە لای فرۆشیاران، کە تەنانەت بەرە جەژنانەکەش لە پارساڵ فرۆشیان کەمتر بووە، ئیتر هەر ڕۆژەو یەکێک فووی پیاکات بڵێ مووچە نامێنێت، بێگومان کاریگەری دروستدەکات، ئیتر خەڵکی حەقیانە دەست بە دەستی خەرجکردنیانەوە بگرن.
جگە لەو هۆکارە زەقانە، هۆکاری گەورەی خەمۆکی خەڵک هەواڵی ناخۆشه، دەچیتە هەر شوێنێک هەواڵی ناخۆشه، کوڕێک باوکی خۆی کوشت، بە دوو برا باوکیان کوشت، برایەک لەسەر پوش و پەڵاش براکەی تری کوشت، پیاوێک دەستدرێژی کردە سەر کچێکی چوار ساڵان و دواتر کوشتی، ژنێک پیاوەکەی خۆی خنکاند، پیاوێک ژنەکەی خۆی پارچە پارچە کرد، ئەوەی لە هەمووی زیاتر جێگای داخە، ئەو هەواڵانەی وشەی دەستدرێژییان تێدایە، زۆرترین خوێنەریان هەیە، لەوانەیە هەر ئەوەش هۆکار بێت بۆ ئەوەی میدیاکان زۆر بە شوێن ئەو هەواڵانەوەن و زۆریش زەقیان دەکەنەوە.
هەرچەندە گرنگترین کەس لە میدیای بینراوو بیستراوو خوینراویشدا هەر بینەرە، بەڵام بە داخەوە میدیاکان هێندەی لە خەمی زۆری ژمارەدان، قیچێکی ئەوە لە خەمی باری دەروونیی خەڵکیدا نین، تۆ بەیانی زوو لەگەڵ دەستپێکردنی رۆژا هەواڵێکی ناخۆش ئەیەن بە تەنگەتا، ئیتر چۆن ئەو ڕۆژە دڵخۆشی رووت تێ ئەکاتەوە، بە شێوازێکیش ئەینوسن و ئەیڵێن، ڕێک ئەڵێی هەواڵی دووبارە ڕزگارکردنەوەی کەرکوکە نوسیویانەو شەوان بەو دەنگە دلێرە ئەیخوێننەوە، ئەی ئیتر چۆن خەوێکی خۆشت لێئەکەوێ؟
ئەی چار چییە؟
هەرچەند لەگەڵ میدیا بدوێی بێسوودە، نە سانسۆر هەیە نە ئەشبێت، کورد وتەنی دەرگای خۆو قایمکەو دراوسێ ماڵ بە دز مەکە، باشترین چارەسەری دورکەوتنەوە لە خەم وازهێنانە لە میدیا خەمهێنەرەکان، بە گرنتی هەر لە ئێستاوە تا ئەمرن گوێ لە هەواڵ مەگرن یەک زیان چییە نایکەن، خۆی ئەسڵەکە وابوو میدیاکان تەربیەتی ئێمە دابەن، بەڵام ئیتر رۆژگارەکە وا چەرخاوە ئەوە ئێمەین ئەبێ تەربیەتی میدیا بێ ویژدان و دڵرەقەکان بدەین، وازیان لێبهێنین و وێڵیان بکەین، ئێمە نەبین ئەوان هەر هیچ نابن، با لە خەمخانە دەرچین، پێکەنین و شادی تەمەنمان درێژ ئەکەن و تەندروستیشمان باشتر ئەکەن.
لهوێبساتی (پهیسهر) وهرگیراوه
591 جار خوێندراوەتەوە