خوێندنەوەی سەردانەکی ترەمپ

هەموو شتێک کۆد بوو. لە هاتنی بۆ کەنداو، لە ڕەنگی پێشوازی مۆر، لە ژمارەی فەلەکی دۆلارەکان، لە گرێبەستە زەبەلاحەکان، لە شاندە پڕ لە لە CEOکان، لە فەرامۆشکردنی ئیسرائیل، لە فوتێکردنە سعودیە.

خوێندنەوەی ئەم سەفەر زێدە گرنگە چونکە وەک شانۆی نمایشی ئەمریکای نوێ بوو. وتارەکەی ترەمپ لە سعودییە پڕ بوو لە دیدی ئەم نوخبە نوێیەی کە حوکمی ئەمریکا دەکەن.

 

هەندێکی بە زمانێکی نیمچە شاعیرانە هۆنرابوە. بۆ نمونە ئەمریکا بایەخ بە کۆمەرس دەدات نەک کەیوس. بە کوردی یانی ئەمریکا بازرگانی بەلاوە گرنگە نەک پشێویی. لە پشێوی مەبەستی دیدی بونیادی نەتەوە و دەوڵەتان بوو کە سیاسەتی ئەمریکا بوو لە پاش یانزەی سیپتەمبەرەوە. ئەوەی دەبێت بزانرێت لە هەناوی پارتی کۆماریدا جەنگێک هەیە کە خۆی لە دژایەتی پارێزگارە نوێکان، یان کۆمارییەکانی سەردەمی جۆرج بۆشدا دەبینێتەوە. وەک لە مامەڵەی ترەمپ لە گەڵ ئێراندا دەیبینین، یەکێک لە وەسفەکان ئەوەیە کە ترەمپ نیوکۆن، یان پارێزەنوێکان نیە. باوەڕی پارێزەرە-نوێکان، خەڵکانی وەک دیک چینی و ولفەویتز و ڕامسفێلد و ئەوانیتر، ئەوەبوو کە ئەمریکا لە ڕێگای زەبری هێزەوە یان لە ڕێگای جەنگەوە دەتوانێت دونیا بگۆڕێت بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ترەمپیەکان بڕوایان وەهایە، ئەوە کەسایەتی سەرۆک ترەمپە دەتوانێت دونیا بگۆڕێت نەک جەنگ، وەک تەکەر کارلسۆن بە زەقی دەریدەبڕێت، هەروەها سیڤین ویتکۆف بە ڕەوانی ئاماژەی پێدا.

 

ترەمپ یان ترەمپیەکان، دەڵێن کاری ئێمە نیە کێ باشە و کێ خراپ، سەرکردەیەک لە وڵاتی خۆی چیدەکات، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت پارە و بازرگانی و سودمەندییە. چیدی سەردەمی مافی مرۆڤ و دیموکراسی و جیهانگیریی و بەئەمریکاییبون تەواو. تەرمپ دەڵێت خودا لە چاکە  و خراپ دەپرسێتەوە، کاری ئەو پاراستنی ئەمریکایە. ئەم زمانە تیولۆجیە، مەبەستەکەی ڕونە. ئەگەر پارەت هەبوو دۆستی ئەمریکایت، ئەگەر پارەت نەبوو، بناڵە.

 

سەرباری ئەمە ترەمپ هەندێک ئامانجی بە ڕاستەوخۆیی و ناڕاستەوخۆی پێکا. یەکەم، کردنی سعودیە بە هێزێکی ئیقلیمی کاریگەر. هێزێک کە ئەمریکا نەک دەیپارەزێت بەڵکو گوێڕایەڵیەتی. دەرئەنجامی ئەمە دیداری ترمپ و شەرع بوو. لە هەمانکاتدا کردنی محمد بن سەلمان بە کەسی باڵادەستی کەنداو و ناوچەکە، وەک بینیمان چۆن محمد بن سەلمان قسەکانی بە ئەمیری کوەیت ڕاستکردەوە.

 

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەند دەیەیەکە، بەتایبەتی پاش کەوتنی عێراق عەرەب، سەرباری زۆرییان خاوەن پێگەیەکی جیوپۆلتیکی نین. ئێستا سعودیە و کەنداو بە گشتی لە هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەدان. کەنداوییەکان چەندین ستراتیژی ئاڵۆزیان گرتوەتە بەر لەم بوارەدا، لە لۆببیکردنی چڕ لە ئەمریکا. وڵاتێکی وەک قەتەر زۆرترین پارە لە لە لۆبیکردندا سەرفدەکات لە ئەمریکا، نەک تەنها لە واشنتۆن بەڵکو لە زۆر زانکۆ و ناوەندی بیر و میدیا و بوارەکانی تردا.

 

لە سەرجەم سەفەرەکەیدا ترەمپ بۆ جارێکیش باسی دیموکراسی نەکرد. ئەمە ڕەنگە بۆ قەتەرییەک مایەی نیگەرانی نەبێت یان ڕەنگە مایەی خۆشی بێت. بەڵام بۆ سورییەک دۆخەکە جیاوازە. ئەمەش وەها دەکات کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ترەمپ یان ئەمریکا دوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، ئەوانەی هەیانە و ئەوانەی نیانە. هەبوەکان دەبنە هاوڕێ و نەبوەکان کەیفی خۆیانە.

 

سەفەرەکەی ترەمپ چەندێک بۆ دەرەوەبو زۆر زیاتر بۆ ناوەوە. هەموو دەرکەوتەکانی وڵاتانی کەنداو ئەوەبوو کە بڵێت ببینن چۆن پێشوازیم لێدەکرێت، من جەند مەزنم، چۆن بە تریلۆن دۆلار دەهێنمەوە بۆ ئەمریکا بەبێ ئەوەی هیچ شەڕێک دەستپێبکەم. ئەمە کرۆکی دونیا بینی ترەمپیەکانە، چۆن پێگەو هێزی ئەمریکا بەکاربهێنین بۆ بە دەستهێنانی داهات بۆ ئەمریکا. ئەمە کۆتایی هەژەمۆنیەتی ئەمریکایە. هەژەمۆنیەت بە مانا گرامشییەکەی.

 

ئەو سیستەمەی کە ترەمپ و ترەمپیەکان دژین، ئەمریکا خۆی وەک پێداویستیەک بۆ زاڵبونی ئەمریکا دروستی کرد. هەر ئەو سیستەمە ئەمریکای کرد بە زلهەزی جیهان. لە پێش جەنگی جیهانی دووەم، ئەمریکا تەنها هێزێکی هەرێمی بوو.

 

بەڵام سەرباری هەموو ئەمە سەردانەکە دوور نەبوو لە جیوپۆلەتیک. سەرباری ئەوەی ناوی نەهێنرا، بەلام چین لە هەموو ساتێکی سەفەرەکەدا ئامادەبوو. بڕیاری ناردنی تەکنەلۆجیای هۆشمەندی زیرەک بۆ پرۆژەی G42ی ئیماراتی هەوڵە بۆ جێگرتنەوەی تەکنەلۆجیای چین و دەرپەڕاندنی. هەرچەندە لە واشنتۆن مشتومڕێکی دروستکردوە، کە گوایە لە بڕی دەرپەڕاندن، ئەم هەنگاوە دەبێتە مایەی دزەکردنی دیزانی ئەی ئایەکان بۆ پەکین. ئەم هەنگاوانە لە گەڵ کۆمپانیای Humainی سعودیشدا بەڕێوەدەچێت. ئەمریکیەکان زۆر هەستیاربوون بەرامەبر پێدانی چیپسی باڵا بە کەنداو لە ترسی چین، بەڵام وەها دیارە ترەمپ ملکەچی ئەو داوایە دەبێت. ئەمە بۆ ئیسرائیل باش نیە، چونکە کاتێک ئەمریکا ڕێگریی لە هاتنی تەکنەلۆجیای باڵا دەکرد، کەنداویەکان بە هیوابون لە ئیسرائیل وەری بگرن.

 

ترەمپ ئەمریکا بەهێز ناکات. بەڵکو وەها دەزانێت خۆی گەورە دەکات کاتێک پیایا هەڵدەدەن و دیاری گەورەی دەدەنێ. ئەو ئێستا ئەوەندە خۆی سوککردوە لە پوتین دەپاڕێتەوە بیبینێت.


260 جار خوێندراوەتەوە