8ی مارس ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، لە ڕوانگەیەکی نوێ و جیاوازەوە

چۆن  8ی مارس  دەستنیشانکرا ؟

 یەکەم کۆنگرەی جیهانیی ئافرەتە سۆشیالیستەکان لە ساڵی 1907 لە شاری شتوتگارد/ئەڵمانیا بەسترا.لەو کۆنگرەیەدا ( کلارا تێستکین) بووە ئەندامی دەستەی سکرتارییەتی ئافرەتان، کە ژنێکی زۆر چالاکی ئەڵمانیا بوو. کلارا ڕۆژنامەیێکی تایبەتیی بۆ کاروباری ژنان دەردەکرد بەناوی ( گلایشهایت ) کە بە زمانی ئەڵمانیی واتا ( یەکسانیی) .


ئەو گۆڤارەی کە خۆی دەریدەکرد کردییە ئۆرگانی ڕێکخراوەکە .


دوەم کۆنگرەی ئافرەتان لە دانیمارك بەسترا. یەکێك لە بڕیارە گرنگەکانی کۆنگرە ئەوە بوو کە ڕۆژی 8 ی مارسی دەستنیشان کرد بۆ ڕۆژی جیهانیی ژنان ، چونکە تا ساڵی 1914 ئافرەتانی هەر وڵاتێك لە یەکێك لە ڕۆژەکانی مارس یادی ڕۆژی ئافرەتانیان دەکردەوە، بەڵام بەڕێکەوت لەو ساڵەدا وڵاتانی ئەمریکا، ڕوسیا، نەمسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، هەنگاریا و سویسرا لە هەمان ڕۆژ یادەکەیان کردبۆوە. کاتی خۆیشی خۆپیشاندانێکی گەورە لەو ڕۆژەدا ڕووی دابوو کە لە خوارەوە بە کورتیی باسی دەکەم.



مێژووی خەباتی ژنان دوورو درێژە ، بەڵام ساڵی 1856 گەیشتە ترۆپکی. لەو ساڵەدا خۆپیشاندانێکی گشتیی ئافرەتان دژی نایەکسانی و زوڵموزۆر لە نیویۆرك کرا.پۆلیس زۆر دڕندانە سەرکوتی کردن. لە 1908/03/08 واتا پاش 52 ساڵ و هەر لە نیویۆرك خۆپیشاندانێکی دیکەی ژنان کرا. خۆشبەختانە ئەمجارە بەس ژنانی هەژار و چەوساوەو ڕەنجدەر نەبوون ، بەڵکو بەشێك لە ژنانی چینی مامناوەندیش هاوپشتیان بوون.  ژنان بە شێوەیێکی نوێ هاتنە سەر شەقامەکان ، هەر ئافرەتەو پارچەنانێکی وشك و دەستەیێك گوڵی هەڵگرت بوو. ئەمجارەیان داواکارییەکانیان زۆرتر بوو لە خۆپیشاندانەکانی پێشوو. هەر داوای ( یەکسانیی ) نەبوو ،بەڵکو : کەم کردنەوەی سەعاتی کار و مافی هەڵبژاردن ..هتد. 



 تێکۆشانی ئافرەتان بەردەوام  بوو تا ئەوەی ئیتر لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتان ئەو ڕۆژە 8 ی مارس دەکرایە ڕۆژی پشووی فەرمیی بۆ ئافرەتان و زۆربەی ڕێکخراوە جیهانییەکان بەتایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دانیان بەو ڕۆژەدا ناوە. هەر لە لایەن ئەو ڕێکخراوەوە چەندین یاسای جۆراوجۆر بۆ پشتگیریی ئافرەتان دەرچوە.



وێڕای سووربوونی ئافرەتان خۆیان  لەسەر داوای مافەکانیان ، بەشێکی بەرچاوی پیاوانی مافخواز، ڕێکخراوەکان، دامودەزگا جیهانییەکان پشتگیریی خەباتی ڕەوای ئافرەتانیان کردووە.



وێڕای سوپاس و پێزانینی ئەو هاوکاریی و یارمەتییانە ، ئیتر ئەو قۆناغە تەواو کە ژنان بێ پیاوان هیچیان پێ نەکرێ و هەر چاویان لە هاوکاریی و کۆمەکی ئەوان بێ . ئێستا ژنان بە گشتیی و هی کورد بەتایبەتیی  و باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان تایبەتتر خۆیان سەرکردایەتیی و سەرپەرشتیی بەرخۆدان و خەباتی ڕەوای گەلەکەمان دەکەن . داستانەکانی کۆبانی و عەفرین. شەنگاڵ و شەڕناخ و قەندیل بە دەستومەچەکی کچان و ژنانی کورد تۆمار کراون.



لە داستانی کۆبانی ، ژنانی کورد هاوشانی پیاوان نەبوون ،بەڵکو بەرپرس و سەرکردەشيان بوون.

ژن، ژیان، ئازادی
 وا بۆ 5 مانگ دەچێ ئەو دروشمە بووەتە سیمبوڵێکی جیهانیی. ئەوە خوێنی ژینا-ی منی کوردە بووەتە بەنزین و داگیرکەر دەسووتێنێ ، ئەوە قژی ژینای منە بۆتە مار و لە ملی داگیرکەر دەئاڵێ و دەیخنکێنێ ...ژن ، ژیان ، ئازادی داهێنانی منی ژنە ..
ئەم سەدەیە هی ئێمەیەو هی ئێمەیە...

65 جار خوێندراوەتەوە