سیاسی دوڕوو

لە زانستی سیاسیدا دوڕو بەو کەس و گروپ و کارەکتەرانە دەوترێت کە لە یەک کاتدا خاوەنی دو جۆر کەسایەتی و دو تێڕوانینی پێچەوانەو دژ بە یەکن ئەو کەسانە هەمو وتەکانیان کردارەکانیان دو روی هەیە لە یەک کاتدا دو جۆر بیر دەکەنەوە، ئەوەی دەیکەن ئەوە نیە کە بڕوایان پێی هەیە، ئەوەی دەیڵێن ئەوە نیە کە مەبەستیانە..!

ئەم جۆرە کەسانە ئەوانەن کە لە کلتوری کۆمەڵایەتی و لەناو خەڵکدا بە کەسایەتی ساختە چی و دەست بڕ و درۆزن وەسفیان دەکرێت، ئەوانە ئەوەن کە بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن نەک بەرژەوەندی گشتی و چاکەی گشتی و مافی گشتی، بۆیە ئەمانە هەرشتێک بۆ خۆیان نەبێت گومانی لێ دەکەن، گومان لە هاوڕێکانیان دەکەن گومان لە حیزبەکەیان دەکەن. ئەوان هاوڕێکانیان وەک پەیژە تەماشا دەکەن کە چۆن پیایدا سەرکەون، ئەوانە لە هیچ ناگەڕێنەوەو کەسیان بەلاوە گرنگ نیە، تاکو سەر دۆستی کەس نین جگە لە خۆیان، کەس بە شایەنی هیچ نازانن.

ئەمانە کەسانێکن خەتەرن لە هەرکوێبن وێرانی دەکەن، ئەوانە ئەو کەسانەن کەتاسەر نە بڕوایان بە ئایدیۆلۆژیایەک- فەلسەفەیەک- ڕێبازێک- هەیە، هەمو ئەمانە لای ئەو جۆرە کەسانە ئاوایە ...  لەسەر پۆستێک، پلەیەک، ئیمتیازێک، ئەگەر بۆ خۆیان نەبێت هەمو هاوڕێکانیان و "ڕێبازەکەیان" حیزبەکەیانی بۆ دەگۆڕنەوە و ئامادەن لە یەک چرکە ساتدا بەتاڵ بنەوە لە هەمو جۆرە مۆراڵێکی سیاسی، ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی.

ئەم جۆرە کەسانە، کەسیان بەلاوە گرنگ نیە جگە لە خۆیان، گاڵتە بە هەمو کەس دەکەن چاویان کەس نابینێت کەس بە شایستە نازانن جگە لە خۆیان، رەخنە لە هەمو شتێک دەگرن کە خۆیانی تێدا نەبن و بۆ خۆیان نەبێت، ئەمانە ئەو جۆرە کەسانەن کە جگە لە بوغز و کەراهیەت هیچ شتێک شک نابەن و هیچیان لە باردا نیە کە بە توانای خۆیان دەرکەون، ئەمانە خەڵکانێکی فاشیلن جگە لە دوڕوی هیچ شک نابەن پێیدا سەرکەون.

ئەمانە لە هەر کوێ بن و لە هەر دەزگاو دامەزراوەیەک بن وەک مۆرانە وان هەتا زو پاک بکرێنەوە درەنگە، بۆیە مەترسی ئەمانە زۆر لەوانە زیانبەخش ترە کە بە ئاشکرا دوژمنایەتیت دەکەن رەخنەت لێدەگرن و سەنگەرت لێدەگرن.

845 جار خوێندراوەتەوە