لەگەڵ هاتنەوەی
١ی ئایار، جارێکی تر پرسی مافە بنەڕەتییەکانی چینی کرێکار دەبێتەوە بە باسی گەرمی
کۆمەڵگە. بەڵام ئەمساڵ یادەکە لە کاتێکدا دێت کە بازاڕی کار لە هەرێمی کوردستان
لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە؛ لە لایەکەوە قەیرانی دارایی و پەککەوتنی
پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بڕستی لە کرێکار بڕیوە، لە لایەکی تریشەوە ئەو قەڵغانە
یاساییەی کە دەبێت پارێزگاری لەم چینە بکات (یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی)، لە
نێوان چەقبەستوویی سیاسی و نەبوونی پەرلەمانێکی چالاکدا وەک پڕۆژەیەکی
هەڵپەسێردراو ماوەتەوە.
کەرتی
تایبەت و پێویستیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی
لە سایەی
گۆڕانکارییە ئابوورییەکاندا، کەرتی گشتی چیتر توانای هەڵمژینی هێزی کاری نوێی
نەماوە، ئەمەش وای کردووە کەرتی تایبەت ببێتە تاکە پەناگەی گەنجان و کرێکاران.
بەڵام کارکردن لە کەرتی تایبەت بەبێ "دەستەبەری کۆمەڵایەتی" وەک ڕۆیشتنە
بەسەر پەتێکی ڕزیودا وایە. دەستەبەری تەنها پاشەکەوتکردنی بڕە پارەیەک نییە، بەڵکو
دابینکردنی شکۆمەندییە بۆ مرۆڤ لە کاتی پەککەوتن، نەخۆشی و گەیشتنە تەمەنی
خانەنشینی.
گرێکوێرەی
بودجەی وەبەرهێنان و هەڵکشانی بێکاری
یەکێک لە
گەورەترین گورزە ئابوورییەکان کە بەر چینی کرێکار کەوتووە، بڕانی بودجەی
وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستانە لەلایەن بەغداوە کە لە ساڵی 2014هوه بەردەوامی
هەیە. بۆ تێگەیشتن لە قەبارەی ئەم کارەساتە، تەنها پێویستە ئاماژە بە ساڵی 2013
بکەین کە تێیدا زیاتر لە 5 ترلیۆن دینار بۆ وەبەرهێنان تەرخان کرابوو.
ئەم پەککەوتنە
تەنها ژمارەیەکی ناو خشتەی بودجە نییە، بەڵکو بە واتای وەستانی هەزاران پڕۆژەی
بیناسازی، ڕێگاوبان و پیشەسازی دێت. کاتێک وەبەرهێنان دەوەستێت، کەرتی تایبەت
تووشی سستی دەبێت و یەکەم قوربانیش ئەو کرێکارەیە کە بژێوی ڕۆژانەی لەسەر ئەو
پڕۆژانە بەندە. ئەم دۆخە جیاوازییەکی کوشندەی لە نێوان تێچووی ژیان و ئەو داهاتە
کەمەی دەست کرێکار دەکەوێت، دروست کردووە.
یاسای
نوێ و بیمەی بێکاری؛ خەونە هەڵپەسێردراوەکان
هەوڵەکان بۆ
هەموارکردنەوەی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان، ئامانجیان ئەوە
بوو کە مافەکانی کرێکاری کەرتی تایبەت لە فەرمانبەری دەوڵەت نزیک بکەنەوە،
بەتایبەت لە پرسی "بیمەی بێکاری". بیمەی بێکاری پایەیەکی سەرەکیی
ئاسایشی نیشتمانییە؛ چونکە ڕێگرە لەوەی خێزانەکان لە کاتی قەیراندا بکەونە ژێر
هێڵی هەژارییەوە.
بهپێی
داتاكان، ئهم كابینهیه توانیویهتی، پرۆسەی دەستەبەری گەشەی پێداوه و تاکو
ئێستا 144 هەزار و 930 کرێکار دەستەبەر کراون، کە بەپێی یاسای ژمارە 39ی ساڵی 1971
و یاسای کاری ژمارە 71ی ساڵی 1987 مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. بەڵام خاڵی لاواز
لێرەدایە: لە غیابی پەرلەمانێکی چالاکدا، ئەم هەوڵانە ناتوانن ببنە سیستەمێکی
سەردەمیانەی گشتگیر کە هەمووان بگرێتەوە.
تەمومژاویبوونی
دۆخی سیاسی و ژیانی کرێکار
ئەو
چەقبەستووییە سیاسییەی ئێستا و دیارنەبوونی ئاسۆی پێکهێنانی کابینەی نوێ، ڕاستەوخۆ
ژیانی کرێکاری پەکخستووە. چاکسازیی ئابووری پێویستی بە دامەزراوەی بەهێز و بڕیاری
سیاسیی بوێرانە هەیە. کاتێک دامەزراوە یاساییەکان لە دۆخی کاربەڕێکەردان،
خاوەنکارەکان کەمتر پابەند دەبن بە بیمەکردنی کرێکارەکانیان و مافە یاساییەکان
دەبنە قوربانی بەرژەوەندیی کاتیی خاوەن سەرمایەکان.
ئەنجام:
دەستەبەری کۆمەڵایەتی کەرتی سیاسی ناناسێت
پێویستە لایەنە
بڕیاربەدەستەکان بزانن کە پاراستنی ژیانی کرێکاران و دابینکردنی بیمەی بێکاری،
پرسێکی کاتی نییە و نابێت تێکەڵی ململانێی حزبی بکرێت. ئەولەویەتی کابینەی داهاتوو
و پەرلەمانی نوێ، دەبێت چالاککردنی ئەم یاسایە بێت بە جۆرێک کرێکار لە کەرتی
تایبەتدا هەمان ئەو ئاسایشە داراییەی هەبێت کە فەرمانبەرێکی حکومی هەیەتی.
1ی ئایاری ئەمساڵ تەنها یادکردنەوە نییە،
بەڵکو بانگەوازێکی بەپەلەیە بۆ گەڕانەوەی شەرعیەت بۆ یاساکانی کار و پاراستنی ئەو
دەستانەی کە لە نێوان قەیرانی دارایی و جەنگەکانی ناوچەکەدا، هێشتا بە ئومێدەوە
کار دەکەن.
52 جار خوێندراوەتەوە