وێنەیەک بەهای هەزار ووشەی هەیە.
لەکاتی پرۆسەی نیازپاکی و سوتاندنی
چەکەکانا، وێنەی کچە گەریلایەک بووە ترێند و گڕی لە هەست و دڵی خەڵکانێکی زۆر
بەردا، وێنەی کچە گەریلاکە دڵێکی خەمبار، چاوێکی پڕ فرمێسک، دوودڵی، نەبوونی
متمانە بە تورک و ئارەزووی بەردەوامی بەرخودانی نمایش ئەکرد.
لەنیگای بێدەنگی ئەو پۆلە گریلایە ئەوە
ئەخوێنرایەوە کە وەک بڵێن:
٠ ئێمە لە خەباتکردن خەمساردنەبووین،
لەبەرگریش بێزارنەبووین.
٠لەقۆناغی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریا سەری
قەندیلمان بەرزترکرد، شکۆی کوردمان مەزنترکرد، باوەڕی کوردبوونمان بەهێزترکرد.
ئەبێ ئێمە باوەڕمان بەوە هەبێ ئەگەر لقی
دارەکەی ژێر پێشمان بشکێ، نابێ متمانە بە باڵەکانمان لەدەست بەین و پشت بە توانا و
شەقەی باڵەکانمان ببەستین بۆ فڕین بەرەو ئاسۆ.
گومانی
تیانییە کە لە پشتی پرۆسەی ئاشتییەوە نهێنییەکی شاراوەو مەرامێکی تورکەکان بوونی
هەیە، کە هەم شاردنەوەکەی لە بەرژەوەندی کورد نییە هەم هەر مەرامێک کە لە
بەرژەوەندی تورک بێ، گومانی تیانییە کە کارەساتی بۆ کورد پێیە، چونکوم واباوە کە
هەرکاتێ تورک دەستی ئاشتی درێژکرد ئەوا لەخۆ ئامادەکردنان بۆ پلانێکی
ماڵوێرانکەرانە دژی کورد.
لە
ئێستاشا سەنگی تای تەرزازووی گومانەکان قورسترە تا دڵنیایی، هەربۆیە هەر ڕەخنەیەک
یان گومانێک لە بێمتمانەبوون بە تورک و ميژووەکەیەوە سەرچاوەئەگرێ نەک بێ باوەڕی
بەرامبەر پەکەکەو دانوستانکارانی کورد.
ئەو ڕەشبینیەی کە لای بەشێکی فراوانی
شەقامی کوردیا بەدی ئەکرێ ئەگەڕێتەوە بۆ مێژووی پڕ گەمە و هەڵخەڵەتێنەری تورک کە
بەرامبەر کورد پەیڕەوکراوە، لەڕاستیا خۆشم هەروام و متمانەم بە تورک نییە ، نەک
لەبەر نەشارەزایی دانوستانکەرانی کورد، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەو کەسەی دەستپێشخەری
بۆ پرۆسەی ئاشتی ئەمجارەکرد دەولەت باخچەلییە کە نوێنەرایەتی ڕەگەزپەرستی تورک،
گورەکەبۆرەکان و دەوڵەتی قوڵ ئەکا، کە نە مێژوو کارەکانی ڕەگەزپەرستە
تورکەکان، نە گورگەبۆرەکان و نە دەوڵەتی قوڵیش لە بەرژەوەندی کورد نەبوون، بگرە
هەموو کارەکانی ئەوان لە دژ و بوونی کوردە، ئەوان مناڵەکانیان لەسەر ئەوە پەروەردە
ئەکەن کە نەمانی کورد کورد خۆشبەختی بۆ تورک ئەهێنێ.
ترسی خەڵک و نەبوونی متمانە بە تورک
ترسێکی ڕەوایە، بەڵام لەڕاستیا چەک ڕادەستی دوژمن نەکرا، سوتاندنی چەکەکان
نیازپاکی و دەستپێشخەرییەکی زیرەکانەی کوردبوو لەبەرچاوی مێدیای ناوخۆ، تورکی و
جیهانی کە جیهان گەواهیدەری هەنگاوێکی گرنگ و کرداری ئاشتی کوردبوون و تۆپەکە خرایەوە
ناو گۆڕەپانی تورکیا، تا پەستان بخرێتە سەر ئەو وڵاتە و چیتر کورد و پەکەکەش بە
شەڕەنگێز و تیرۆرست نەناسرێ وەک ئەوەی تورکەکان لە سەرانسەری جیهانا بازاڕگەرمی
بۆئەکەن.
ناشبێ ئەوە لەبەرچاو نەگیرێ کە پ.ک.ک لە
٣٠ کەس و لە ٣٠ چەک پێکنەهاتووە، بەڵکو ڕێکخراوێکە لە سەرتاپای کوردستانی گەورەو
بەشێکی وڵاتانی سۆڤیەتی کۆن و زۆرێکی وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەتی ئەڵمانیا بوونی
هەیە و لە ئەگەری شکستی پرۆسەی ئاشتیا توانای ئەوەیان هەیە بەئاسانی ڕێکخستنەکان
چالاک بکەنەوانێ.
٣٠ چەک سوتێنران بەڵام ٣٠ شەڕڤان تەسلیم
نەبوون، بەڵکو ئەوان بەئازادی و بوێری هاتنەخوارێ بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتی، بە
شکۆ و شانازی و بوێرییەکی زۆرەوە گەڕانەوە بۆ جێگەکانی خۆیان.
لەبەرامبەر ئەو ٣٠ چەکەیا ئەبێ لە هەرسبەینێوە
ئەردۆگان:
١. مافی هیوا، بۆ ئەو زیندانیانە دەربکات کە
کاتی دیاریکراوی زیندانیکردنیان تەواوکردووە، لەگەڵ ئەو خەڵکانەی کە نەخۆشن و پێویستیان
بەچارەسەر هەیە.
٢. لێبوردنی گشتی، بۆ کۆی زیندانییە سیاسییە
کورد و هەموو نەتەوەکانی تر دەربکات.
٣. ئازادی بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش، ئۆسمان
کاوا و زۆررێکیتری ئەو سیاسیانە ڕاگەیەنرێ کە تۆمەتی ئەندامێتی و هاوکاری کردنی
پ.ک.ک خراوەتە پاڵیان.
ئاشکرایە کە ئەردۆگان سیاسیەکی لوت بەرز و
باوەڕپێنەکراوە، متمانەی لەسەر ئاستی جیهانا زۆر لاواز بووە، بەتایبەتی دوای پرسی
چوونە ناوەوەی سوید بۆ ناو ناتۆ کە ڕۆڵێکی زۆر ماندووکەرانەی بینی، ئەمە و چەندین
ڕەفتاری شەڕەنگێزی تری تورک و ئەردۆگان وایکردووە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
بەچاوکراوەییەوە تەماشای هەنگاوەکانی پرۆژەی ئاشتی بکەن و لە ئەگەری شکستهێنانی
پرۆسەی ئاشتیا چەندین پرسی خەوێنراو بۆ تورکیا زیندوو ئەبێتەوە لەوانەش پرسی قوبرس،
دورگەکانی یۆنان، ئەندام بوونی تورکیا لە شنگن و تا پەراوێزخستن و دەکردنی ئەو
وڵاتە لە ناتۆ.
نە سیاسەتی ئەمڕۆی ئەوروپا، نە ئەمریکا ،
نە ئیسرائیل و نە وڵاتانی عەرەبیش لە بەرژەوەندی تورکیایا نییە تەنانەت ڕوسیاش
متمانەی تەواوی بە ئەردۆگان و تورکیا نییە، هەربۆیە ئەقڵ و لۆژیک پێمان ئەڵێ کە
گەمەو هەڵخەڵەتان لە بەرژەوەندی تورکیا و ئەردۆگانا نییە، بەتایبەتی لەهەردوو پرۆژەی داودی ئیسرائیل و پرۆژەی
ئیبراهیمی بەسەرپەرشتی ترەمپ-ئەمریکا، تورکیا بەشداری پێنەکراوە و لەوەشناچێ کە
پێیبکرێ.
پرۆژەی
خەونەکانی ئەردۆگان کە زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نوێیە بە مردووی لە
دایک بوو، هەم لە باشوری ئەفریقا هەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەجۆرێک کە ئێستا
خودی تورکیا کەوتۆتە ناو بەرداشی چەندین پرۆژەی جیاجیاوە کە هەندێکیان سەرکوتوون و
هەندێکیشیان شکستیان هێناوە، لەوانە پرۆژەی:
١. پرۆژەی
داود، پرۆژەیەکی ئیسرائیلیە بە پاڵپشتی ئەمریکا، ئەم پرۆژەیە کار بۆ فراوانکردنی
سنورەکانی ئیسرائیل ئەکا، دۆنالد ترامپ لە خولی پێشووی سەرۆکایەتیەکەیا
نەیشاردەوەو وتی سنورەکانی ئیسرائیل کەمێک تەسکە و ئەبێ فراوانکرێ.
٢. پرۆژەی ئەوروپا-ئاسیا-ئەمریکا،
پرۆژەیەکی ڕوسییە و چەندین وڵاتی گەورەی وەک چین، هندستان، بیلاڕوس، بەرازیل،
کۆڵۆمبیا و فەنزوێلا و هەندێک وڵاتی عەرەبی شەرمنانە پشتگیری ئەکەن.
٣. پرۆژەی
ڕێگای ئاوریشم، پرۆژەیەکی چینییە کە ئاسیا، ئەوروپا. ئەفریقا و ئەمریکای لاتینی
پێکەوە ئەبەستێتەوەو مەبەست لێی سەپاندنی هەژموونی ئەو وڵاتەیە بەسەر هەموو ئەو
وڵاتانەی کە ئەکەونە سەر ڕێی ئاوریشم و دەستکەوتی بازرگانیی گەورە بۆ چین.
٤. پرۆژەی
کەنداو-دەریای سپی و سور-زەریای هندی، ئەم پرۆژەیە پرۆژە تەقلیدییە کۆنەکەی دوای
جەنگی جیهانی یەکەمی بەریتانیا-فەرەنسایە و ئێستا ئەمریکا و ئیسرائیلیش تیایا
بەشدارن.
٥. پرۆژەی
سەفەوی شیعەگەرایی، ئێران خاوەنی ئەم پرۆژەیە بوو وە سەرکەوت بوو لە بڕینی
سنورەکان و چەندین وڵات کە کەوتبوونە ژێر هەژموونی ئێران. لەوانە عێراق، سوریا،
یەمەن، لوبنان، غەزە-فەلەستین و کاریشی ئەکرد بۆ فراوانخوازی نوێ بەڵام دیسانەوە
خۆی لەبەرامبەر پرۆژەی داودا بینیەوەو ئیسرائیل گەڕانیەوە ناو سنوری ئێران و ئێستا
تەنانەت ئاسمانی ئێرانیشی خستۆتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوەو باس لەوە ئەکرێ کە حوکمی
زیاتر لە چوار دەیەی مەلاکان کۆتای پێبهێنرێ.
٦. پرۆژەی
ئیخوانی سەلەفی، ئەم پرۆژەیە هەم لە میسر شکستی هێنا هەم لە سعودیە، ئێستا سعودیە
کار لەسەر خۆگونجاندن لەنێو هەژموونی ڕۆژئاوادا ئەکات و ئەیەوێت نوێنەرایەتی
ئیسلامی میانڕەو کراوە بکات و لەو ڕێگەیەوە بەرەوپێشچوون بەدەستبهێنێ و
بەرژەوەندییەکانی پارێزراوبێت.
لەبەرامبەر
هەموو ئەو پرۆژانەیا سێ پرۆژەی تورکی هەبوون:
١. پرۆژەی
خەونەکانی ئەردۆگان کە زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نوێیە ، ئەم پرۆژە
تورکییە هەر بە مردووی لە دایک بوو هەم لە باشوری ئەفریقا هەم لە ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست بەجۆرێک کە ئێستا خودی تورکیا کەوتۆتە ناو بەرداشی ئەو پرۆژانەی سەرەوە
بەتایبەتی پرۆژەی داود کە یەکێک لە هەنگاوەکانی بچوکردنەوە و کەمکردنەوەی سنوری
دەسەڵاتی تورکیای ئێستایە و ئێستاش کارکردن لەو پرۆژەیە لە ئارادایە.
٢. پرۆژەکەی دەوڵەتی قوڵی تورکیا، "میساقی
میللی".
٣. پرۆژەی قەتەر-تورکیا، لە گۆڕینی ڕژێمەکەی ئەسەدا
سەرکەوتووبوو بەڵام هەرزوو ئەوروپا، ئەمریکا، ئیسرائیل، ئیمارات و سعودییە
هەژموونی خۆیان سەپاند و ڕۆڵی تورکیا سنوردارکرا.
هەرسێ پرۆژە تورکییەکە ڕاگیران و لوتیان
بە هەردوو گەورە پرۆژەی داود و ئیبراهیمیا تەقییەوە، ئێستا بۆ خۆپاراستن و مانەوەی
تورکیا لەو سنورەی ئێستای ئەو وڵاتەیا بەیەکگرتووی پێویستییەکی زۆریان بە پرۆسەی
ئاشتی کوردی هەیە.
ئەگەرچی
هەڵکەوتەی جوگرافی تورکیا زۆر گرنگە کە ئاسیا و ئەوروپا پێکەوە گرێئەیات و
ڕووبەرێکی گەورەی هەیە کە ٧٨٣٦٠٢ کم چورگۆشەیە بەڵام تورکەکانیش خۆیان بەزەرەرمەندی
سایکس پیکۆ ئەزانن. لەم ساڵانەی دواییا هەوڵی گەڕانەوەی تورکیا بۆ ئەو خاک و ناوچانەی کە پێشتر لەلایەن عوسمانییەکانەوە
داگیرکرابوون هەستی پێکرا لەڕێی
چالاکردنەوەی گرێبەستی "میساقی میللی*".
ئەو جوڵەو
بیرە فراوانخوازییەی تورکیا و ئەردۆگان دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و
ئەوروپایە، کە ناکۆک و دڕدۆنگە لەبەرامبەر پرۆژەکانیانا بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی
ڕۆژهەڵاتی ناوین، وە بەپێچەوانەوە خواستی نەتەوەپەرستەکانی سنوری ئێستای تورکیاشە،
کە دەستور مافی تاکلایەنەی لەو سنورەیا تەنها بۆ تورکەکان فەراهمکردووە.
بەپێچەوانەی
هەموو ئەوانەی کە باس لە تورکیایەکی بەهێزئەکەن، لە ئێستایا تورکیا زۆر لاواز و
بێچارەیە، لەلایەک ئیسرائیلی لێ ڕاستبۆتەوە و ڕێگەی نایا هیچ ڕۆڵێکی ئەوتۆی لە
سوریا هەبێ، لەلایەکیش ئەوروپا کە کێشەی قوبرس و یۆنانیان لەگەڵ ئەو ولاتەیا
زیندوو کردۆتەوە لەلایەکیش ئەمریکا کە لەدوای کڕینی سیستمی بەگری "ئیس
١٤"ی ڕوسییەوە متمانەی بەو ولاتەوە سەرۆکەکەی نەماوە، لە هەموو ئەوانەش
گرنگتر ڕەوشت ناوخۆی سیاسی تورکیایە کە ئەردۆگان زیندانەکانی کە سیاسیە دژبەرەکانی
و ڕۆژنامە ئازادەکان و سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی خەڵکەوە پڕکردۆتەوە.
هەموو
ئەوانەی لەسەرەوە باسکران هۆکارێکن کە کورد زیرەکانە، بە هۆشیارییەکی زۆر،
پەلەنەکردن و یەکگرتوویەوە وەبەرهێنان لەسەر پرۆسەی ئاشتی بکات.
لەکۆتایشا
ئەبێ بپرسین کە کێ کێ لە ئاشتی زەرەرمرندئەبێ و کێش لە شەڕا قازانج ئەکا جگە لە
بازرگانەکانی چەک نەبێ؟
*میساقی میللی:
تورکیا
بەبیانوی بونی "پەکەکە"وە زۆرجار ههڵئهكوتێتهسهر باشوری كوردستان،
ئهو دهوڵهتەی كهپێی ئهڵێن توركیا میراتگری دهوڵهتی عوسمانیە، میساقى میللى
توركی له28ی كانونی دوهمی ساڵی 1920 بهپێی ئاگربهستی "مهندهرۆس"
له30ی ئۆكتۆبهری ساڵی 1918دا كه لهنێوان هێزهكانی هاوپهیمانان: (ئیتاڵیا، فهرنسا،
بهریتانیاو دهوڵهتی عوسمانی) واژۆكرا، لەو پەیماننامەیەدا سنوری توركیا
دیاریكرا كه سنوری توركیای ئێستا تێئهپهرێنێ بۆ سوریاو عێراقو شارهكانی حهلهبو
موسڵو كهركوكو ههولێرو سلێمانیش ئهگرێتهوە.
بەپێی بەڵێننامەکە توركیا ئهو مافهی ههبوو نههێڵێت
ئهوشارانه لەهیچ لایهكهوه داگیربكرێو سوپای بۆ بجوڵێنرێ، بهڵام دوای تێگهیشتنی
بهریتانییهكان لهسنوری جوگرافیاو ههڵكهوتهی موسڵ، ئاگربهستی "مهندهرۆسیان"
پشتگوێخستو پهلاماری شاری موسڵیانداو ئهوشارهیان لهدهستی عوسمانی دهرهێنا.
لهكۆتایی جهنگی جیهانی یهكهم، وڵاتانی زلهێز ئهیانویست
دهوڵهتی عوسمانی لاوازبكهن كه تهنها چهند ناوچهیهكی كهمی لهدهستا
مابوو، ئهوانیش سنوری توركیای ئهمڕۆو ڕۆژئاواو باشوری كوردستانو بهشێك لهخاكی
یۆنانی لهژێر دهستا مابوو، دهرهنجام سهرهتا پهیمانی سیڤهرو دواتر پهیمانی
میساقى میللى له28ى كانونى دوەمى 1920 لهمهجلسی پهیمانی دهوڵهتی عوسمانی پهسندكراو
بهمجۆرهش لهچوارچێوهی كۆماری توركیا بچوكیان كردهوه.
پهیماننامهی میساقی میللی توركی چهند خاڵێكە:
١ـ لهكاتی ئاگربهستی مۆندۆرۆس ئهوناوچهیهی
دهستی بهسهردانهگیرابوو بهدڵنیاییهوه خاكی توركیایهو نابێ پارچه
بكرێت.
٢ـ ئهگهر پێویستبكات لهههرسێ ویلایهتی
قهرسو ئهردههانو باتوم، ڕیفراندۆم ئهنجامبدرێت بۆئهوهی لهژێردهستی
عوسمانی بمێنێتهوه یان نا.
٣- عهرهبهكان مافی خۆیان دیاریئهكهنو
ئهو شوێنهی لهژێردهستی عوسمانیدابێتو زۆرینهی عهرەب بێت ئهوا ڕیفراندۆمی
تێدا ئهكرێت .
٤- چارهنوسی یاسایی ڕۆژئاوای توركیا بهههڵپهسێراوی
ئهمێنێتهوه، تهنها بهڕیفراندۆم چارهنوسی یهكلادهكرێتهوه.
٥- ئاسایشی ئیستانبوڵو دهریای مهڕمهڕه
لهلایهن عوسمانیهكانهوه فهراههمدهكرێتو لهبهرامبهر ههموو جۆره
هێرشێك پارێزراو ئهبێت.
٦- كهمینهكان لهوڵاتانی تردا واته ئهو
شوێنانهی تورك كهمینهن دهبێ مافیان پارێزراوبێتو بهفهرمیش ڕابگهیهنرێت.
215 جار خوێندراوەتەوە