وەزارەتی کارەبای عێراق هۆشداریی دەدات لە دۆخی وزە و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ڕاوەستانی تەواوەتی هەناردەی غازی ئێران، زیاتر لە پێنج هەزار مێگاوات کارەبا لە تۆڕی نیشتمانی کەمیکردووە. بۆ ڕێگری لە قەیرانی هاوینیش، بەغدا شاندێک دەنێرێتە تاران.
ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لە ئێستادا هەناردەی غازی ئێران بە تەواوی ڕاوەستاوە، ئەمەش بووەتە هۆی لەدەستدانی 5500 مێگاوات لە بەرهەمهێنانی کارەبا، کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بەغدا و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور دروست کردووە."
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی وەرزی گەرما، وتەبێژی وەزارەت ئاماژەی بەوەکرد، کە بڕیارە بەمزووانە شاندێکی فەرمی سەردانی تاران بکات بۆ گفتوگۆ لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی غاز و دیاریکردنی ئەو بڕەی کە بۆ هاوینی داهاتوو دابین دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد کە کارکردن لە سەکۆی غازی شل لە بەندەری "خور زوبەیر" بەردەوامە و بڕیارە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2026 تەواو ببێت، کە ڕۆژانە 500 ملیۆن پێ سێجا غاز دابین دەکات و 3500 بۆ 4000 مێگاوات کارەبا دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو تۆڕەکە.
وەزارەتی کارەبا رونی دەکاتەوە کە هەماهەنگی کراوە بۆ دابینکردنی غازی ناوخۆیی بۆ وێستگەی بەسمایە و وێستگەکانی باشوور، هاوکات "کاز ئۆیل" وەک سووتەمەنییەکی جێگرەوە بەکاردەهێنرێت.
وەزارەتی کارەبا دەڵێت: "لە ئێستادا بەهۆی فێنکیی کەشوهەواوە هاووڵاتیان هەست بەو کورتهێنانە گەورەیە ناکەن، بەڵام مەترسییەکە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما زیاتر دەبێت."
180 جار خوێندراوەتەوە