بەڕێوەبەرایەتی
گشتیی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای هورمزگان ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی شەوی
ڕابردووی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئێران، ئاوی خاوێن لە "20 هەزار
کەس" لە دانیشتووانی ناوچەی بەمانی بڕاوە.
بەپێی
ڕاگەیەندراوێکی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای هورمزگان، لە میانی هێرشەکەی
شەوی ڕابردوودا، دوو کۆگای کۆنکرێتیی هەڵگرتنی ئاو بە توانای لەخۆگرتنی دوو هەزار
و 500 مەتر سێجا لە ناوچەی بەمانی، بە مووشەک کراونەتە ئامانج و بەتەواوی لەکار
کەوتوون. ئەو کۆگایانە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی شارۆچکەی
کوهەستەک و 10 گوندی دەوروبەری بوون.
لە لایەکی
دیکەوە ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، ناوچەکە خاوەنی سەرچاوەی ئاوی
ژێرزەویی پێویست نییە بۆ ئەوەی بەپەلە بکرێتە جێگرەوەی کۆگاکان، تێکچوون و
وێرانبوونی ئەو سەرچاوانەش کێشەیەکی گەورە و جدی بۆ تۆڕی ئاودابینکردنی ناوچەکە
دروست دەکات.
249 جار خوێندراوەتەوە