نێچیرڤان بارزانی: یەکخستنەوە و یەکگرتوویی پێشمەرگە گەرەنتی مانەوەی قەوارەی هەرێمە

KNN : Kurdish News Network
11:43 - 21/06/2026
کوردستان
+
-

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، جەخت لە خێراکردنی هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، یەکگرتوویی پێشمەرگە گەرەنتییە بۆ مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پاراستنی مافە دەستوورییەکان، هاوکات داوا لە بەغدا دەکات پابەندبوونەکانی لە دابینکردنی پێداویستییەکان بەرامبەر بە پێشمەرگە جێبەجێ بکات.

 

لە میانی وتارێکیدا لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی 210 خوێندکاری کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەرکی هەمووانە پارێزگاری لە ناوبانگ و مێژووی قوربانیدانی پێشمەرگە بکەن و دەبێت ئەو هێزە لە چوارچێوەی هێزێکی نیشتمانی، یەکگرتوو و پیشەییدا خزمەت بکات. هۆشداریشی دا کە نابێت پێشمەرگە هیچ کاتێک ببێتە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکان.

 

سەبارەت بە بژێوی و گوزەرانی هێزەکانی پێشمەرگە، سەرۆکی هەرێم جەختی کردەوە کە دەبێت باشترکردنی ژیانیان لە پێشینەی کارەکانی حکومەت بێت و بایەخ بە فێربوونی تەکنەلۆژیای جەنگی سەردەم بدرێت.

 

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامی تەبایی و یەکڕیزیی ئاراستەی حزب و لایەنە سیاسییەکان کرد و ڕایگەیاند، هێز و مانەوەی هەرێم کاتێک مسۆگەر دەبێت کە تەبا بن و بەرژەوەندییە باڵاکان بخەنە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە.

 

هەروەها تیشکی خستە سەر ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە و جیهان، کە پێویست دەکات سستییەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە چارەسەر بکرێن و پرۆسەکە بەخێرایی بە ئەنجام بگەیەندرێت.

 

 لە کۆتاییشدا دووپاتی کردەوە کە پاشەڕۆژی هەرێم و عێراق پێکەوە بەستراونەتەوە و هەرێمی کوردستان وەک فاکتەری ئارامی دەمێنێتەوە، بێ ئەوەی ببنە بەشێک لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.

87 جار خوێندراوەتەوە