بە فەرمی؛ سویسرا هەڵوەشاندنەوەی گفتوگۆکانی ئەمڕۆی ئەمریکا و ئێرانی ڕاگەیاند

KNN : Kurdish News Network
08:56 - 19/06/2026
جیهان
+
-

وەزارەتی دەرەوەی سویسرا بە فەرمی ڕایگەیاند، ئەو گفتوگۆیانەی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بڕیار بوو ئەمڕۆ هەینی لە هاوینەهەواری شاخاویی بۆرگنبستۆک بەڕێوەبچن، ئەنجام نادرێن. ئەم پێشهاتەش دوای ئەوە دێت کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، گەشتەکەی بۆ ئەو وڵاتە هەڵوەشاندەوە کە بڕیار بوو تێیدا بەشداری لە ڕێکارە فەرمییەکانی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و دەستپێکی گفتوگۆ هونەرییەکاندا بکات.

 

لە بەیاننامەیەکی کورتدا و بەبێ ئاماژەدان بە هۆکارە ڕاستەقینەکان، وەزارەتی دەرەوەی سویسرا ئاشکرایکرد کە دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران وەک ئەوەی پلانی بۆ داڕژابوو، لە کاتی خۆیدا بەڕێوەناچن. پێشتریش، وتەبێژێکی کۆشکی سپی شەوی پێنجشەممە پشتڕاستی کردبووەوە کە جێگری سەرۆکی ئەمریکا گەشتەکەی بۆ سویسرا هەڵوەشاندووەتەوە کە ئامانج لێی کۆبوونەوە بوو لەگەڵ دانوستانکارانی ئێران بۆ جێبەجێکردنی ئەو لێکتێگەیشتنەی کە شەوی چوارشەممەی ڕابردوو لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێرانەوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ کرا.

 

دواخستنی ئەم کۆبوونەوەیە، گومان و ناڕوونی خستووەتە سەر وادەی دەستپێکردنی قۆناغی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران، کە بەپێی یاداشتنامەکە ماوەی ٦٠ ڕۆژی بۆ دیاریکراوە و شایەنی درێژکردنەوەیە. لە هەمان کاتدا پرسیار لەسەر سەرکەوتنی هەردوو لا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی دروست بووە، بەتایبەت کە چەند دۆسیەیەک ئاستەنگی گەورەن.

 

یەکێک لە گرێکوێرە سەرەکییەکان دۆسیەی لوبنانە؛ سەرەڕای لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان ناوەستاندێت و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە سوپای وڵاتەکەی لەو ناوچەیە ناکشێتەوە کە بە "ناوچەی ئارام" لە قووڵایی ١٠ کیلۆمەتر لە باشووری ڕووباری لیطانی ناوی دەبات. هاوکات، لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا هەردوو دۆسیەی پارەدارکردن و "سندووقی وەبەرهێنان" بوونەتە جێی ململانێی نێوان هەردوو شاندەکە، سەرەڕای ئەوەی کە پرسی "بەڕێوەبردن"ی گەرووی هورمز دوای تێپەڕبوونی ئەو ٦٠ ڕۆژە، بە یەکێکی دیکە لە دۆسیە ئاڵۆزەکان دادەنرێت.

857 جار خوێندراوەتەوە