بەرپرسانی
باڵای ئەمریکا وردەکارییەکانی ڕێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران ئاشکرا دەکەن و
ڕایدەگەیەنن، ڕێککەوتنەکە لەسەر بنەمای پابەندبوونی هاوبەشە و بەپێی پێشهاتەکانیش
هێزەکانی ئەمریکا ئامادەکاری بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر گەرووی هورمز دەکەن.
بەرپرسێکی
باڵای ئەمریکا بە پێگەی "ئەکسیۆس"ی ڕاگەیاندووە، ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ
تاران لەسەر بنەمای "پارەدان بەرانبەر بە ئەنجامدان" و پابەندبوونی
دوولایەنە داڕێژراوە.
ئاماژەی بەوەش
کردووە، واشنتن هیچ بڕە پارەیەکی سڕکراوی (بلۆککراوی) ئێران ئازاد ناکات، تاوەکو
ئێرانییەکان بەتەواوی پابەندبوونەکانی سەرشانیان جێبەجێ نەکەن.
لەلایەکی
دیکەوە، تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی
کردەوە، هێزەکانی ئەمریکا ڕێنماییان پێگەیشتووە کە ڕۆژی هەینی گەمارۆی سەر گەرووی
هورمز هەڵبگرن، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەش بەستراوەتەوە بە واژۆکردنی
ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە لەگەڵ ئێران.
284 جار خوێندراوەتەوە