ئاژانسێکی دارایی جیهانی: ئابووری عێراق بەرەو پاشەکشەیەکی گەورە دەچێت

KNN : Kurdish News Network
03:16 - 13/06/2026
ئابوری
+
-

ئاژانسی (S&P) بۆ هەڵسەنگاندن و پۆلێنی متمانەی دارایی جیهانی، هۆشداری دەدات کە بەهۆی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، لە یەک ساڵی داهاتوودا ئابووریی عێراق ڕووبەڕووی پێشبینیی نەرێنی دەبێتەوە. مەترسییە سەرەکییەکانیش بریتین لە داخستنی گەرووی هورمز لەبەردەم کەشتییە بازرگانییەکان و ئەگەری زیانگەیاندن بە ژێرخانی ئابووریی عێراق.

 

ڕاپۆرتی ئاژانسەکە ڕوونیکردووەتەوە، ئابووریی عێراق بەشێوەیەکی زۆر پشتی بە کەرتی نەوت بەستووە، ئەمەش وایکردووە لە کاتی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتدا ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە ببێتەوە. پێشبینیش دەکرێت لە ساڵی 2026دا بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بۆ 2.9ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزێت، کە ئەمەش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەڕێژەی سەدا 28 کەمیکردووە.

 

بەو پێیەی داهاتی نەوت زیاتر لە سەدا 90ی بودجەی عێراق پێکدەهێنێت، ئاژانسەکە پێشبینی دەکات تا کۆتایی ئەمساڵ دۆخی دارایی عێراق لەژێر فشارێکی قورسدا بمێنێتەوە و تێکڕای بەرهەمی ناوخۆییش بەڕێژەی سەدا 15 پاشەکشە بکات.

 

ئاژانسەکە پێیوایە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەتوانێت تا ڕادەیەک قەرەبووی ئەم زیانانە بکاتەوە، بەڵام بەو مەرجەی لە نیوەی دووەمی ساڵدا هەناردەی نەوت ئاسایی ببێتەوە. پێشتریش لە مانگی ئازاردا، بەهۆی مەترسییەکانی جەنگ و دابەزینی هەناردەی نەوتەوە، عێراق خرابووە لیستی چاودێریی نەرێنییەوە.

89 جار خوێندراوەتەوە