لە دوای هێرشە
نوێیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ سەر یەکتر، نرخی نەوت بەرزبوونەوەی نوێی
بەخۆیەوە بینی و بەهای دۆلار و پێوەرەکانی بازاڕی پشکەکانیش دابەزینیان تۆمارکرد.
لە یەکەم
کاتژمێرەکانی دەستپێکردنی کارەکانی بازاڕە داراییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، بەهای
دۆلار بەرامبەر دراوە سەرەکییەکانی وەک پاوەندی بەریتانی، یۆرۆ و یەنی ژاپۆنی
دابەزینێکی کەمی تۆمارکرد. لە لایەکی دیکەوە، نرخی نەوت جارێکی دیکە ڕووی لە
بەرزبوونەوە کرد؛ بە جۆرێک نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنتی دەریای باکوور بە
ڕێژەی %1.7 بەرزبووەوە و گەیشتە 94 دۆلار و 68 سەنت، هەروەها نەوتی خاوی تەکساسیش
بە ڕێژەی %2 گەشەی کرد و گەیشتە 91 دۆلار و 84 سەنت.
هاوکات، ڕێژەی
هەڵاوسانی ساڵانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ڕێژەی %0.4 بەراورد بە
مانگی ڕابردوو زیادی کرد و گەیشتە %4.2، کە لە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵی ڕابردوودا
هاوشێوەی نەبووە.
لە هەمان کاتدا، چاوەڕوان دەکرێت بانکی ناوەندیی
ئەوروپا و یەدەگی فیدراڵیی (بانکی ناوەندیی ئەمریکا) بۆ یەکەمجار لە ماوەی زیاتر
لە سێ ساڵی ڕابردوودا، نرخی سوو بەرز بکەنەوە و پێشبینیش دەکرێت بانکی ناوەندیی
ئەوروپا لە ماوەی پێنج مانگی داهاتووی ئەمساڵدا، لانی کەم دوو جاری دیکە نرخی سوو
زیاد بکات.
582 جار خوێندراوەتەوە