شەهباز شەریف: ئێران و ئەمریکا لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا رێککەوتنی ئاشتی واژۆ دەکەن

KNN : Kurdish News Network
02:17 - 13/06/2026
جیهان
+
-

سەرۆک وەزیرانی پاکستان ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتوونەتە دەقی کۆتایی ڕێککەوتنی ئاشتی و لە هەمیشە نزیکترن لە واژۆکردنی، کە چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا بە تەواوی کۆتایی بێت.

 

شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتۆن و تاران ڕەزامەندییان لەسەر چوارچێوەی گشتیی ڕێککەوتنەکە دەربڕیوە بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیانەی کە چەندین مانگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوامن.

 

ڕوونیشیکردەوە کە ئامادەکارییەکان دەستیان پێکردووە بۆ سازدانی ڕێوڕەسمێکی ئەلیکترۆنی بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لە نێوان هەردوو وڵاتدا و ڕاستەوخۆ دوای واژۆکردنەکەش، لە هەفتەی داهاتووەوە گفتوگۆ تەکنیکییەکان دەست پێدەکەن.

 

سەرۆک وەزیرانی پاکستان جەختی لەوەش کردەوە، ئەم ڕێککەوتنەی نێوان ئێران و ئەمریکا، دەبێتە بنەمایەکی سەرەکی بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا.

53 جار خوێندراوەتەوە