ماکرۆن: دەبێت رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا بە خێرایی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

KNN : Kurdish News Network
12:00 - 15/06/2026
جیهان
+
-

سەرۆکی  فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران دەکات و داوا دەکات بە خێرایی و بەتەواوی لەلایەن سەرجەم بەشداربووەکانەوە جێبەجێ بکرێت.

 

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاندووە کە دەبێت ئەم ڕێککەوتنە ڕێگە بە کردنەوەی خێرا و بێمەرجی گەرووی هورمز بدات. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو ئەرکە نێودەوڵەتییەی لەگەڵ شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) دایانمەزراندووە، ئامادەیە بۆ پشتیوانیکردنی ڕێککەوتنەکە و دەستپێکردنەوەی گواستنەوەی ئاوی بەبێ سنووردارکردن و پارە وەرگرتن، کە مەرجێکی سەرەکییە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و ئابووریی جیهان.

 

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەم ڕێککەوتنە دەرگا بۆ دانوستانێکی گشتگیرتر دەکاتەوە و دەبێت ببێتە دەرفەتێک بۆ وەڵامدانەوەی نیگەرانییەکانی پەیوەست بە پرۆگرامی ئەتۆمی و مووشەکیی بالیستیی ئێران و سیاسەتە ناسەقامگیرەکانی لە ناوچەکەدا.  فەرەنسا جەخت دەکاتەوە کە بەم شێوەیە دەتوانرێت ئاشتییەکی پتەو و درێژخایەن لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بنیات بنرێت و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیە شانبەشانی هاوبەشەکانی ڕۆڵی تەواوی خۆی بگێڕێت.

 

سەبارەت بە پرسی لوبنانیش، سەرۆکی فەرەنسا دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی هەوڵە چالاکەکانی دەسەڵاتدارانی لوبنان بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی دەوڵەت، کە تاکە لایەنە بۆ دابینکردنی سەقامگیری و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکە و وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی خەڵکەکەی، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستیان بە ئاگربەستێکی بەهێز و درێژخایەن هەیە.

69 جار خوێندراوەتەوە