شاندێکی باڵای ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد.

KNN : Kurdish News Network
03:12 - 15/06/2026
کوردستان
+
-

شاندێکی باڵای ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد.


ئەمڕۆ لە شاری هەولێر شاندێکی باڵای ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی ، سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانیان کردو گفتگۆ لەبارەی باشكردنی پەیوەندیە سیاسیەکانی نێوان هەردولا کرا و جەختکرایەوە کە پێویستە ململانێ سیاسیەکان نەبنە هۆی دواخستن و نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پێویستە بە یەکچاو سەیری هاوڵاتیانی عێراق بکرێت لە زاخۆوە تا بەسرە.

 

شاندەکەی ڕەوتی حیکمە پێکهاتبوون لە سەباح ساڵحی، نوێنەری عەممار حەکیم لە کوردستان، فازڵ حەیدەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری ڕەوتەکە و بژار خۆشناو، لێپرسراوی پەیوەندییەکان. لە بەرامبەریشدا لەلایەن ئاوارە سلێمان و کاروان محەممەد، ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و سەید حەسەن، لێپرسراوی کارگێڕیی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەولێر پێشوازییان لێکرا.


لەمیانی پێشوازیکردنەکەدا بزووتنەوەی گۆڕان پەیامێکی ئاراستەی عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی کرد و داوا دەکات ململانێ سیاسییەکان نەبنە هۆی نەناردن و دواخستنی مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، جەختیش دەکاتەوە کە دەبێت لە دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقدا هاووڵاتییان لە زاخۆوە تا بەسرە بە یەک چاو سەیر بکات.

 

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا لەسەر ئاستی باڵا و کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق کرا. لای خۆیەوە بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بە ڕۆڵی عەممار حەکیم لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، کە ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبووە لە ئاشتەوایی و تێپەڕاندنی قەیرانەکاندا.

 

هەروەها بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامەکەیدا بۆ سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، ئەوەی وەبیری شاندەکە هێناوەتەوە کە لە کابینەی نوێدا وەزیری دارایی عێراق لەسەر پشکی ڕەوتی حیکمە دیاریکراوە، بۆیە پێویستە ڕێگری بکرێت لە تێکەڵکردنی کێشە و ململانێ سیاسییەکان بە ژیان و بژێویی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و نابێت مافە داراییەکانیان دوابخرێت.

86 جار خوێندراوەتەوە