لە چوارچێوەی سەردانە دیپلۆماسییەکانیدا بۆ شاری بەغدا، شاندی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتیی دانا ئەحمەد مەجید، لەگەڵ دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقی فیدراڵ کۆبووەوە.
ئەم دیدارە لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەی شاندی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان دێت بۆ پایتەختی عێراق، کە تێیدا لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق کۆبوونەوە بۆ درێژەدان بە دیدار و گفتوگۆ سیاسی و دیپلۆماسییەکانیان.
لە کۆبونەوەکەدا بزووتنەوەی گۆڕان جەختی لەسەر پاراستنی سەقامگیری و ئاشتیی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە عێراقدا کردووەتەوە. هاوکات، گفتوگۆی چڕ لەسەر تێپەڕاندنی ئەو قەیران و ئاستەنگانە کراوە کە ڕووبەڕووی پرۆسەی سیاسیی عێراق بوونەتەوە، لەگەڵ پێداگریی تەواو لەسەر چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق. بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەش کردووە کە دەبێت چارەسەرەکان لە چوارچێوەی دەستووردا بن و خزمەت بە بەرژەوەندییە گشتییەکان و باشترکردنی ژیانی خەڵک بکەن.
54 جار خوێندراوەتەوە