شەپۆلێکی بارانبارین و دابەزینی پلەکانی گەرما ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات

KNN : Kurdish News Network
11:04 - 13/06/2026
کوردستان
+
-

شارەزایانی کەشناسی پێشبینی دەکەن شەپۆلێکی ناسەقامگیری کەشوهەوا و دابەزینی پلەکانی گەرما چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و لە هەندێک شوێنیش ئەگەری نمەباران و تاوەبارانی بەخوڕ هەیە، کاریگەریی ئەم گۆڕانکارییەش تاوەکو ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

 

هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی، ئاشکرای کرد؛ بەهۆی هاتنی بارستەهەوایەکی ساردی جەمسەریی مامناوەند و شێدار بۆ سەرووی تورکیا، باکووری کوردستان و بەشێک لە وڵاتی شام، کەشێکی ناسەقامگیری خێرا ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

 

 

پێشبینیشی کردووە، پێش نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە (14ی حوزەیرانی 2026) تاوەکو کاتی عەسر، لە سنووری پارێزگای دهۆک، ئیدارەی زاخۆ، باکووری مووسڵ و بەشێک لە ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین، ئەگەری نمەباران یان تاوەبارانی بەخوڕی کورتخایەن و دروستبوونی هەورەبرووسکە هەبێت. هاوکات لە ئێوارەی هەمان ڕۆژەوە دابەزینی زیاتری پلەکانی گەرما دەستپێدەکات و شەوانە لە ناوچە شاخاوییەکان هەست بە ساردی دەکرێت.

 

لە لایەکی دیکەوە، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، ئاماژەی بەوە کردووە کە کاریگەریی ئەو بارستەهەوایەی لە دەریای ناوەڕاستەوە ڕووی لە ناوچەکە کردووە، دەبێتە هۆی زیاتر دابەزینی پلەکانی گەرما. ڕوونیشیکردووەتەوە، لە ڕۆژی دووشەممەوە (15ی حوزەیرانی 2026) سەنتەری ئەو بارستەهەوا فێنکە دەگاتە هەرێمی کوردستان و تاوەکو ڕۆژی چوارشەممە (17ی حوزەیرانی 2026) کاریگەرییەکەی دەمێنێتەوە، پاشان پلەکانی گەرما دووبارە دەست بە بەرزبوونەوە دەکەن.

472 جار خوێندراوەتەوە