وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی
گواستنەوە و گەیاندن ڕایدەگەیەنن، سبەینێ تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەست
پێدەکەن، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە گزی، ڕۆژانە بۆ ماوەی یەک کاتژمێر هێڵەکانی
ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییە پەیوەندییەکان دەپچڕێندرێن، چەند دامەزراوە و
خزمەتگوزارییەکیش لە بڕیارەکە بێبەری دەکرێن.
پەیمان خواجە،
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند، سبەینێ تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 دەست
پێدەکات و لە ماوەی تاقیکردنەوەکاندا بە شێوەیەکی کاتی هێڵی ئینتەرنێت لە هەرێمی
کوردستان دەپچڕێت، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ ڕێگریکردن لە هەوڵەکانی گزی لە کاتی
تاقیکردنەوەکاندا. بڕیارەکەش تا کۆتاییهاتنی تەواوی تاقیکردنەوەکان بەردەوام دەبێت.
لە لایەکی
دیکەوە، دیلان ڕەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوە کرد،
لەسەر داواکاریی وەزارەتی پەروەردە و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی، تەنها لە ڕۆژانی
تاقیکردنەوەکاندا خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت، کورتەنامە و نامەی وێنەیی
ڕادەگیرێن. ڕوونیشیکردەوە کە بڕینی هێڵەکان ڕۆژانە لە کاتژمێر 6:30ی بەیانییەوە تا
7:30ی بەیانی دەبێت.
وتەبێژی
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاشکراشی کرد کە چەند شوێنێک لە بڕیاری بڕینی
خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت بەدەر دەکرێن و بە هیچ شێوەیەک نابێت هێڵەکانیان بپچڕێت،
کە بریتین لە:
سەنتەری
زانیاریی (هەژماری من) لە گەڕەکی 32ی پارک.
سەرجەم
ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM).
تەواوی
بانكەکان.
فڕۆکەخانەکان.
داتا
سەنتەری پرۆژەی (ڕووناکی) و (پێوەری زیرەک).
سەرباری
چەند شوێنێکی دیکە کە بەپێی سنووری کارکردنی کۆمپانیاکان ئاگادار دەکرێنەوە.
925 جار خوێندراوەتەوە