ئەگەر ئێران دامەزراوە ئەتۆمییەکانی هەڵبوەشێنێتەوە، پاڵپشتی دارایی زیاتر وەردەگرێت

KNN : Kurdish News Network
09:22 - 13/06/2026
جیهان
+
-

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی ئاشکرای کردووە کە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ئێران، لە ڕێککەوتنی بەرایی ئاشتی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "ئاسوودەیە"، بەڵام تا ئێستا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.


بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەو ڕۆژنامەیە، کە پشتی بە زانیاریی نێوەندگیرە مەدەنی و سەربازییەکانی ئێران بەستووە، هێشتا ڕوون نییە کە ئایا لە خولی داهاتووی دانوستانەکاندا ئێران لە کۆتاییدا ڕەزامەندی لەسەر مەرجەکانی ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەردەبڕێت یان نا، بەهەمان شێوە خێرایی بەڕێوەچوونی ئەو گفتوگۆیانەش نادیارە.


لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە، ئێران تەنها لەبەرامبەر واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا هیچ شتێک بەدەست ناهێنێت. ئەو بەرپرسە تەئکیدی کردووەتەوە کە هەر دەنگۆیەک سەبارەت بە پێدانی ملیارەها دۆلار بە تاران دەستبەجێ دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنە سەرەتاییەکە، "دوورە لە ڕاستییەوە".


ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ڕوونیکردووەتەوە، دەستکەوتە ئابوورییەکان تەنها کاتێک خەرج دەکرێن کە ئێران پابەندییەکانی خۆی لە ڕێککەوتنەکەدا جێبەجێ بکات؛ ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر ئێرانییەکان یۆرانیۆمی پیتێندراوی بەرز ڕادەست بکەن، هەندێک پاڵپشتی دارایی وەردەگرن، وە ئەگەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانیشیان هەڵبوەشێننەوە، دەستکەوتی دارایی گەورەتریان دەبێت.

112 جار خوێندراوەتەوە