لە فینلاندەوە فێر بن

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، ڕاپۆرتێکی هەمەلایەنەی بڵاو کردەوە کە تێیدا نووسرابوو هەر کەس دەیەوێت لە بارەی فەرمانڕەوایی درووستەوە بتۆژێتەوە، پێویستە لە هێلسنکیی پایتەختی فینلاندەوە دەست پێ بکات.

من ناتوانم کۆی ڕاپۆرتەکە بۆ خوێنەر بگوێزمەوە؛ هەر بۆیە هەندێک زانیاریی لێ ڕادەگوێزم. ئێمە ڕاهاتووین کە ئینگلتەرا و ئەمریکا و )هەندێجاریش یابان و کۆریای باشوور)، وەکو هێماکانی هەستانەوە و گەشەکردن بە نموونە بهێنینەوە، بەڵام ئێمە لەوەدا نەمانپێکاوە، چونکە هەر کەس دەیەوێت بزانێت سەرکەوتنی فەرمانڕەوایی و ڕیفۆرمی کۆمەڵگە چۆنە، دەبێت لە فینلاند-ەوە دەست پێ بکات؛ ئەمە کرۆکی ئەو شتەیە کە ئەو ڕۆژنامە سەنگینە نووسیویەتی.

ژنانی فینلاندی پێش هەموو ژنانی دونیا و لە ساڵی ١٩٠٦دا مافی دەنگدانیان بەدەست هێناوە

فینلاند کۆڵۆنییەکی هەژاری پاشکۆی ڕووسیا بوو، گەلەکەی تاڵاوی برسێتییان چەشتووە و بەو هۆیەشەوە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا دەیەکی دانیشتووانەکەی لە ناو چوون. ساڵی ١٩١٧ (وەکو زۆرینەی دەوڵەتە عەرەبییەکان) سەربەخۆیی بەدەست هێنا. هەنووکە ڕێکخراوە جیهانییەکان، لە ڕووی تەناهیی و جێگیریی و فەرمانڕەوایی چاک و کەمیی گەندەڵیی و تاوانەوە؛ کۆماری فینلاند لە پێشەنگی دەوڵەتانی جیهاندا ڕیزبەند دەکەن.

فینلاند سێیەمین شەفافترین دەوڵەتی جیهانە، لە بێگەردیی هەڵبژاردندا دووەمە، لە یەکسانیی کۆمەڵایەتییدا پێنجەمە، کۆمپانیا و دامەزراوەکانی لە واری مامەڵەی ئاکارییەوە دووەمی جیهانن، لە ڕووی پێگەی کۆمەڵایەتیی و یەکسانیی بە پیاوان؛ ژنانی فینلاندی لەسەر ئاستی جیهان سێیەمن، ژنانی فینلاندی پێش هەموو ژنانی دونیا و لە ساڵی ١٩٠٦دا مافی دەنگدانیان بەدەست هێناوە، ئێستاش ٤٢%ی ئەندامانی پەرلەمان لەوانن، دەوڵەتی فینلاند نزیکەی یەک لەسەر سێی بودجەی ساڵانەی بۆ ئامانجە کۆمەڵایەتییەکان بەکار دەهێنێت و لە بواری یەکسانییشدا پێنجەم دەوڵەتی جیهانە.

یەکێک لە فینلاندییەکان بەو شێوەیە نیگای کۆمەڵگەکەی خۆی کردووە: "وڵاتەکەمان قەوارەیەکی کۆمەڵایەتییە کە پرۆفیسۆرەکان درووستیان کردووە".

ئەم سەرکەوتنە سەرسووڕهێنەر و گەشەکردنە بەرفراوانە سەرنجی هەموو توێژەرانی ڕاکێشاوە. هۆڵسترۆم؛ یەکێک لە براوەکانی خەڵاتی نۆبڵ لە ڕشتەی ئابوورییدا، پێشکەوتنی وڵاتەکەی بە "پەرجوو" ناوزەد کردووە، لە ڕاستییدا پەرجووشە؛ بەراورد بە هەژاریی وڵاتەکە و کەمیی سەرچاوە سرووشتییەکان و دژواریی کەشوهەواکەیەوە.

هەندێک لە توێژەرەکان هۆکاری ئەم پەرجووەیان بۆ گیانی هاوڵاتییانی دامەزراو لەسەر دڵسۆزیی لە کار و ڕۆحی هەرەوەزیی و پەیوەندیی دیالۆگئامێزانە لەگەڵ دەسەڵاتدا گەڕاندۆتەوە، هەموو ئەمەشیان لە وشەیەکی فینلاندییدا کورت کردۆتەوە کە هیچ بەرابەرێکی لە زمانەکانی دیکەدا نییە کە ئەویش وشەی «سيسی»ـیە، کە بە مانای "خۆڕاگریی و ئارامگرتنی ئازایانە بە بێ گوێدانە دەرەنجامی کارەکە" دێت. وشەی «سيسی» لە بەرەنگاری ئەم گەلە بچووکە بەرانبەر یەکێتی سۆڤێت و تێکشکاندنی سوپای سوور پێش دووەمین جەنگی جیهانییدا بەرجەستە بووە.

پێموایە نهێنی پێشکەوتنی ئەم گەلە «٥.٥ ملیۆن کەس» دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەر لە سەرەتای سەربەخۆییانەوە پێداگرییان لەسەر زانست و فێربوون کردووەتەوە. ڕابەری بزاڤی سەربەخۆییان پرۆفیسۆرێکی زانکۆ بووە، دوای سەربەخۆییش لە لایەن مامۆستاکانەوە فەرمانڕەوایی کراوە کە سێیەکیان خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا و لە پلەی پرۆفێسۆردا بوون. یەکێک لە فینلاندییەکان بەو شێوەیە نیگای کۆمەڵگەکەی خۆی کردووە: "وڵاتەکەمان قەوارەیەکی کۆمەڵایەتییە کە پرۆفیسۆرەکان درووستیان کردووە".

ئەو فەرمانڕەوا پرۆفیسۆرانە پێداگر بوون لە سەر بڵاوکردنەوەی فێربوون لە وڵاتەکەیاندا. فێرخوازانی فینلاندی لە ڕووی توانستی خوێندنەوەوە پێگەی دووەمی جیهانیان گرتووە، نەخوێندەواریی شتێکە کە تەنیا لە بارەیەوە بیستوویانە و نازانن چییە، کڵێسا ژن و پیاو مارە ناکات هەتا نەیسەلمێنن زۆر بە باشیی نووسین و خوێندنەوە دەزانن. بێگومان هیچ دامەزراوەیەکی دەوڵەتیش هاوڵاتییەک دانامەزرێنێت کە خوێندنەوە و نووسین نەزانێت. باوەڕم وایە ئەم جەختکردنەوەیە لە فێربوون و سەرنجام مەعریفە و کولتوور؛ نهێنیی سەرکەوتنی فینلاندە.

 

لە «الشرق الأوسط»ـەوە

و: یاسین ئافتاو

1026 جار خوێندراوەتەوە