کێ رێزی لەدەنگدەرانی تایبەت نەگرتوە؟


دوای ئەوەی توانیمان لەدانیشتنی نائاسایی رۆژی (٦/٦)ی پەرلەمانی عیراقدا و بە ئامادەبونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتارانەوە دەنگ لەسەر پێشنیارە یاسایەک بدەین بۆ ئەوەی تەواوی سندوقەکانی دەنگدان بەدەست ئەژماربکرێنەوە و چەندین رێکاری دیکە دژ بە تەزویر و تەزویرچیان لەخۆبگرێت؛ لەنێویاندا هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لەهەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو هەمو ساختەکارییەی لەو دەنگدانەدا کراوە، ئیتر تەزویرچیەکانی کوردستان زۆر زیاتر لەتەزویرچیانی شیعە و سوننەش پەشۆکاون و ترس و دڵەڕاوکێ دایگرتون، بۆیە دەیانەوێ بەهەر شێوەیەک بێت رێگری لەئاشکراکردنی تەزویرکارییە ئابڕوبەرانەکانیان بکەن.

ئیتر دیسانەوە پەنایان بۆ موزایەدەکردن بردۆتەوە و باس لەوە دەکەن کە گوایە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لەهەرێمی کوردستان بێ رێزییە بە هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش، لەکاتێکدا ئەوان بەدرێژایی چەندین ساڵە بێ رێزی بەرامبەر پێشمەرگەو هێزە چەکدارەکانی دیکەی هەرێم دەکەن، چونکە ئەوە ئەوانن کە؛
۱/ چەندین ساڵە رێگری لەیەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەو بەدامەزراوەییکردنی دەکەن.

۲/ زیاتر لەنیوەی هێزی پێشمەرگەیان کردوەتە پاسەوانی شەخسی خۆیان و مناڵ و باخ و ڤیلاکانیان.

۳/ نەک هەر لەنێوان حزبەکانی خۆیان دابەشیان کردون، بەڵکو هەر بەرپرس و فەرماندەیەکیان گروپێک لەپێشمەرگەیان کردۆتە بارمتەی مەزاج و بەرژەوەندی شەخسی خۆیان.

٤/ پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ لەململانێی ناوخۆیی و دژی خۆپئشاندەران و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و ئازادیخوازان بەکاردەهێنن کە دواترینیان هەڵکوتانە سەر مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان بو.

٥/ خوێنی زیاتر لە (۱۸٠٠) شەهید و زیاتر لە (۱٠) هەزار برینداری شەڕی داعشیان کردە پێخۆری سەفقەی سیاسی حزبەکانیان و لەماوەی چەند سەعاتێکی کەمدا لە (۱٦ی ئۆکتۆبەر)ی ساڵی پاردا بەفیڕۆیاندا و تەواوی ئەو خاکەی کوردستان (بە کەرکوکیشەوە) کە پێشمەرگە بەخوێنی خۆیان پاراستیان، ئەو دو حزبە تەسلیمی هێزە عیراقیەکانیان کردەوە و شکۆی پێشمەرگەشیان شکاند.

٦/ لەروی بژێوی و موچەوە، پێشمەرگە لەتوێژە هەرە غەدرلێکراوەکانن، لەکاتێکدا دەبو خۆیان و خێزانەکانیان ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکرێت، نەک موچەکانیان ببڕن و ناچاریانکەن بچن کرێکاری و کاسبی بکەن.

۷/ دواترین بێڕێزیشیان بەرامبەر پێشمەرگەو هێزەکانی ناوخۆ ئەنجامدانی ئەو هەمو تەزویرکارییە بو کە لەناو دەنگدەرانی تایبەت کردیان، سەرەتا بە هەڕەشەلێکردنی نانبڕینیان و ئینجا لەسەرنانی کڵاوی بانگەشەی حزبەکانیان و دواتریش ساختەکردنی دەنگەکانیان، ئەویش نەک هەر بۆ لیستی حزبەکانیان، بەڵکو بۆ هەندێ کاندید و دژی هەندێ کاندیدی خودی حزبەکانیشیان.

بۆیە ئەوەی بێڕێزی بەرامبەر بە پێشمەرگە و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و قوربانیدانەکانیان کردوە، ئەوانەن کە تەزویریان لەدەنگەکانیان کردوە، نەک ئەو یاسایەی دەنگدانی تایبەتی هەرێمی هەڵوەشاندۆتەوەو بە مەبەستی دەرخستنی ئەنجامە راستەقینەکانی دەنگی خەڵک و کەشفکردنی دەستی رەشی تەزویرکاران دەرکراوە.

2670 جار خوێندراوەتەوە