گۆڕان و گۆڕان


پاش دە ساڵ ئەزمونی گۆڕان و، تێپەڕاندنی دوو ساڵ پاش کۆچی دوایی رەوانشاد کاک نەوشیروان، دامەزرێنەرو خوڵقێنەری ئەم بزوتنەوەیە. کاتی ئەوە ھاتووە ھەڵسەنگاندنێکی سیاسیی بۆ کۆی ھەڵوێست و ھەڵسوڕانی گۆڕان بکرێ، لە ماوەی ١٠ دە ساڵی رابردوودا.

یەکەم:
ئەگەر ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلولی ١٩٦١ سەرەتای قۆناغێکی نوێ بێ لە خەباتی سیاسی و چەکداری، ھەروەھا ھەڵگیرسانەوەی شۆڕش لە ١٩٧٦ بە تەواوکەرو درێژەپێدەری ئەو خەباتە دابنێین، کە سەرەنجام راپەڕین و رزگاری بەشێک لە کوردستانی لێکەوتەوە، ئەوا دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان وەرچەرخان‌و شۆڕشێکی نوێ بوو لە مێژووی سیاسی و حوکمڕانی کوردستان، چونکە، یەکەم جار بوو لە مێژوی کورد دا، ھێزی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی لەناو حکومەتێکی کوردستاندا، لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە دروست ببێ، ھێزێک لەگەڵ لەدایکبوونیدا بتوانێ متمانەی چواریەکی دەنگدەران بەدەستبهێنێ.

بۆ یەکەم جار میللەت بەخەباتی راستەقینەی پەرلەمانی ئاشنا بوو، ناڕەزایەتیەکانی نێو ماڵ و بازاڕو شەقامی بردە نێو ھۆڵی پەرلەمانەوە. حکومەتی ناچارکرد وەڵامی خەڵک بداتەوە.

ئەم شۆڕشە دیموکراسیەی گۆڕان ئەزمونێکی نوێ بوو پرۆسەی حوکمڕانی، بۆ پێشکەوتنی بیرکردنەوەی سیاسی ھەموو تاکێک، تەنانەت وەکو ئاڵنگاریەک لە ئاستی ناوچەکەشدا تێبینی دەکرا.

دووەم:
ئەم شۆڕشەی گۆڕان، پرۆسەیەکی ساناو ئاسان نەبوو، دەرکردن و ئەشکەنجەدان و برسیکردنی ھەزاران کەسی ئازاو چاونەترسی بەدواوە بوو. بۆیە بەرگەگرتنی گۆڕان بەرامبەر ھەموو ئەو گوشارە ناڕەوایانە، لەلایەک دەرخەری بەھێزی ئیرادەی ھاوڵاتی بێ چەک بوو، بەرامبەر بە دەسەڵاتێکی پڕچەک و بێ ویژدان، لەلایەکی تر، ئەزمونێکیش بوو بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی، لەپاش شەڕی ناوخۆی ساڵانی نەوەتەکان، ئایە دەکرێ ئێمە تەواو جیاواز بیر بکەینەوە، بەشێوەیەکی یاسایی و مەدەنی بەرەنگاری یەکتر ببینەوە، بەڵام یەکتر نەکوژین؟!

سێیەم:
گۆڕان دەرگای کردەوە بۆ ھێزەکانی دیکە، بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆی بیانکات بە خاوەنی پرۆژەی چاکسازی، چونکە لە بنەمادا گۆڕان پرۆژەیەو جێبەجێکردنی پرۆژەکەی مەبەست بوو، نەک جێبەجێکردنی دەبێتە دەسکەوت بۆ کێ. لەم پێناوەدا بۆ چەندین مەلەف پاکێج و بەرنامەی ھەبوو بۆ حکومەت، کە دەکرا سودی لێ ببینن بەبێ بەشداریکردنی گۆڕان لە حکومەت.

چوارەم:
گۆڕان لە تاقیکردنەوەی قۆناغی ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتو بوو، قوربانی زۆری دا تاوەکو بتوانێ چوار ساڵی سەختی بەرەنگاربوونەوەی چەک و دەسەڵات و شەڕانگێزی ھەردوو حزب ببێتەوە.

لە قۆناغی بەشداری لە دەسەڵاتیشدا، لەپێناو سوربوون لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامە سیاسیەکەی، سازشی نەکرد، گەورەترین باجیدا، بەڵام کۆڵی نەداو پاشگەز نەبوەوە.

پێنجەم:
گۆڕان راستگۆیانەو سەرڕاستانە مامەڵەی سیاسی و رێککەوتنی سیاسی کردووە، سەرەتا لەگەڵ ھەردوو حزبی ئیسلامی، سەرەڕای جیاوازیەکان، رێککەوت بۆ بەھێزکردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن، تا دوا ھەنگاو خاوەنی بەڵێنەکانی خۆی بووە، لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی.

کە رێککەوت لەگەڵ پارتی بە ھەمان شێوە، رێککەوتن نەبووە ھۆی سڕینەوەی ناسنامەو بەرنامەی گۆڕان لەپێناو دەسکەوتی کەسی و کاتی.

کە لەگەڵ یەکێتیش رێککەوت، نەبوو بە دوو بەرەوەو بەرەیەک ھەوڵی پەکخستنی رێکكەوتنەکە بدات و بەرەیەک موجامەلەی ساردوسڕ بکا، بەڵکو ڕوون‌و راشکاو ئەوەی لەسەری رێککەوتووە جێبەجێی کردووە.

شەشەم:
گۆڕان نەبوو بە داردەستی ھیچ ھێزێکی دەرەکی، مەسەلە نیشتیمانیەکانی نەکردە قوربانی بەرژەوەندیە حزبیەکان. پەیوەندیە دەرەکیەکانی شەفاف و ئاشکرا بوون. لە سەختترین رۆژگاردا، پەنای بۆ ھێزی دەرەکی نەبرد لەدژی دەسەڵات یان حزبەکانی تر.

حەوتەم:
گۆڕان مۆدێلێکی نوێی لە کارو کارەکتەری حزبی ھێنایە ئاراوە، بەستەڵەکی سەرکردایەتی کلاسیکی تێکشکاند، فۆرمی بەشی زۆری سەرکردایەتی، لە سەرکردایەتی شۆڕشگێریەوە بۆ سەرکردایەتی مەدەنی و جەماوەریی. ھەیکەلیەتێکی حزبی وای داڕشت کە حزب لەبەر کەس پەکی نەکەوێت و زۆر بەئاسانی بتوانێ گۆڕانکاری لە سەرکردایەتیەکەیدا، یان لە ئۆرگانەکانیداو سەرکردایەتی حزب تاپۆو موڵکی کەس نییە تا مردن.

باسکردن لەو گۆڕانکاریانەی بزوتنەوەی گۆڕان لە کایەی سیاسی دروستی کرد، دوورو درێژەو قسەی زۆر زیاتر ھەڵدەگرێ.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دە ساڵی رابردوی گۆڕان بێ ھەڵەی زەق و کەموکورتی نییە.

یەکەم:
ئەقڵیەتی بەڕێوەبردن و ئاراستەکردنی گۆڕان، دوالیزمەیەکە لەنێوان کارەکتەرەکانی سەرکردایەتی سەردەمی شۆڕش و کارەکتەرەکانی پاش سەردەمی راپەڕین. جیاوازی روون لەنێوان ئەم دوو گروپە لە جوڵەو گوتارو دونیابینی گۆڕانبینیدا ھەیە، بێگومان باگراوندی ھەر یەک لەم دوو گروپە سەرچاوەی سەرەکی ئەم جیاوازیەیە. ھیچکامیشیان بێ کێشەو کەموکورتی نین، بەبێ ھەردووکیشیان مەحاڵ بوو، ئێستاش مەحاڵە، گۆڕان بەم شێوەیە خاوەنی کاریگەری گەورە بوایە. ئەندازیاری دروستکردن و راگرتنی ئەو باڵانسە، چ لەنێوان خودی گروپێکیاندا، یان لەنێوان دوو گروپە جیاوازەکەدا، خودی کاک نەوشیروانی رەحمەتی بوو، بەو کاریزماو ئەزمونە گەورەیەی کە زادەی نیو سەدە خەبات و سەرکردایەتی سیاسی‌و پێشمەرگایەتی بوو.

ئەم دوو بیرکردنەوەیە پاش دوو ساڵ لە غیابی کاک نەوشیروان، ئێستا لە قۆناغی ھەوڵدان بۆ یەکتر قبوڵکردنن، بەڵام ھێشتا بەستەڵەکی تەمەن و دونیابینی‌و گۆڕانبینی لەنێوانیاندا نەتواوەتەوە. بە ئاسانیش ناتوێتەوە.

دووەم:
حزب لە ھەموو دونیا لەسەر دوو پایە بەندە، بەرنامەو کارەکتەرەکانی، لە ماوەی رابردوودا بەشێک لە کارەکتەرکانی گۆڕان خۆفرۆش، یان سیخوڕ دەرچوون. بەشێکیش زۆر بەڕێزەوە ماڵئاواییان کرد لە کاروانەکە، کە ئەمیان مافێکی رەوای ھەموو کەسێکە. بێگومان بەشێک لە متمانەی ھاوڵاتیان لەدەستچوو بەم ھۆیەوە. گومان و دڵەڕاوکێی لەنێو ھەڵسوڕاوان دروستکرد.

سێیەم:
ھەر لەبارەی کارەکتەرەکانەوە، حاڵی حازر بەشێک لە کارەکتەرەکانی گۆڕان لە دەرەوەی بزوتنەوەکەوە گوتاری سیاسی دەدەن و بەشێکیشیان بێدەنگ، بەڵام بەجوڵەوە، چاوەڕوانن. خاڵی ناکۆکی ئەم بەشە لەگەڵ گۆڕان، چۆنێتی‌و خاوەندارێتی بڕیاردانە، لەکاتێکدا ھەموو ئەو ھەڵسوڕاوانە تا ماوەیەکی نزیک خاوەنی پێگەو پۆستی کاریگەرو جۆراوجۆربوون، لە ھەردوو جڤاتەکە، و جڤاتی نیشتیمانیش، کە تاکە جڤاتی بڕیاردەرەو ھیچ بڕیارێک لە دەرەوەی ئەم جڤاتە نەدراوە.

ھەرچۆنێک بێ، بەھەر ھۆیەک بێ، بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی گۆڕان وا دەخوازێ دەرگایەکی نوێی دۆستانە، لەنێوان ئەو ھەڵسوڕاوە بەڕێزانەی بەھەر ھۆیەک بێ، نیگەرانن، بکرێتەوە بۆ گفتوگۆی زیاتر بەمەبەستی گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی. ئەگەر مەبەست کاری تەندروستی حزبی بێت بۆ بەرژەوەندی گشتی، ئەوا دەرفەتی ئاشتبوونەوە لەبارو بەردەستە، خۆ ئەگەر مەبەستەکان جیاواز بن، ئەمەیان بابەتێکی دیکەیە.

گۆڕان بۆ خۆی وەرچەرخانێکی سیاسییە، داھێنەرو داینەمۆکەی ئەقڵ و ئەزمونی سەرکردەیەکی مێژوویی بێوێنەیە، وزەکەی دۆزێکی رەوای ھاوڵاتیە، تاوەکو ئەو دۆزە بمێنێ، گۆڕان وەک پرۆژەیەکی زیندوو دەمێنێ و دەبزوێ.

471 جار خوێندراوەتەوە