بێدەنگی لە ئەدەبیاتی نەوشیروان مستەفادا


پانتایی ئەدەبیاتی كاك نەوشیروان، ڕووبەرێكی گەورەی ئارامگری و بێدەنگییە، تێڕامان و بیركردنەوەیە، لەو كاتانەی تەشقەڵەی زۆری پێدەكراو ئازار ئەدرا، ئەو لە هەمو ساتێ بێدەنگتر بو، ئارامتر بو، چونكی بێدەنگی لای ئەو فەزیلەت بو، لە ڕێگەیەوە ئاستی جەهل و ناوەڕۆكبەتاڵی نەیارەكانی بەرچاو دەخست، ئەوكاتانەی نەیارەكانی ئەدوان، ئەم بە بێدەنگی خۆی ئازاری ئەدان، لە پەراوێزی ڕووبەرێكی بەرتەسكی بیركردنەوەدا گەمارۆی ئەدان، ئەو لەسەر بنەمای زۆر بڵێیی و هەڵەڕۆیی ڕێگەی ئەدا نەیارەكانی نمایش كەن، دەرفەتی ئەدان هێرشكەن، تا دەرئەنجام لەگێژاوی جەهل و نەفامی خۆیاندا ڕوویان ڕەشكەن.

لە مێژووی دوور و نێزیكی دونیای سیاسەتی ئێمەدا كەم سیاسی ئەبینیتەوە هێندەی نەوشیروان مستەفا بێدەنگ و ئارامگر بوبێ، كەم سیاسیش ئەبینیتەوە كە دوابێ، هێندەی نەوشیروان مستەفا وورد و كاریگەر دوابێ، ئەو كە ئەدوا هەموان بێدەنگ ئەبون، هەموان لە سیحری تۆنی دەنگ و سەلیقەی هەڵاوێری چەمك و وشەكان ڕادەمان، تەنها گوێگرتن چارەنوسی یارو نەیاری بو، كورت و پوخت، ئامانجدارو بەرهەمدار ئەدوا.

ئەرشیفی دوان و وتەكانی هەڵدەیتەوە، لەخۆڕادوانێك، نمایشێكی بێناوەڕۆك، وتارێكی لەرزۆك نابینیتەوە، وتەكانی ئەو خوڵقێنەری دوو زەمەنی جیاكار بو لەیەك، زەمەنی پێش دوان و زەمەنی دوای دوان، هەرگیز كەشی سیاسی و كۆمەڵایەتی پێش دوانی لە دوای دوانی نەدەچو، بە وتەكانی گۆمی مەنگی سیاسەتی ئێمە دەشڵەقاند...

پەندێك هەیە دەڵێ وەستای قسان و كۆڵەواری دەستان، زێدەڕۆیی نەبێ زۆرینەی سیاسییەكانی كورد ئەو پەندە دەیانگرێتەوە، قسەو بەڵێنیان زۆر و كرداریان كەم، نەوشیروان مستەفا بەپێچەوانەی زۆربەی سیاسیەكانی كوردەوە پیاوی مەیدان و كردار بو، هەركات قسەشی كردایە وەستایانە ئەدواو هەركات جوڵەیەكیشی بكردایە وەستایانە دەجوڵا، بەڵگەی ئەم حەقیقەتە زۆرە، كاتێك كارەساتی هەكاری ڕوویدا زۆركەس لە دوورەوە بانگەشەی كۆتایی شۆڕش و خەباتیان دەكرد، كەچی بە بێدەنگی و دووربینی نەوشیروان مستەفا، شۆڕش گەشەی كردەوە، كاتێكیش لەدوای شەهیدبوونی شاسوار جەلال (شەهید ئارام) بانگەشەی لاوازبونی ڕێكخراوی كۆمەڵە دەكرا، كەچی لەسەر دەستی نەوشیروان مستەفا و بە بێدەنگی، كۆمەڵە بوە بەهێزترین ڕێكخراوی سیاسی و چەكداری مێژووی باشوری كوردستان، كاتێك لەسەروبەندی شاڵاوی ئەنفالدا هەندێك سیاسی لە دوورەوە بانگەشەی كۆتایی شۆڕشی نوێیان دەكرد، كەچی بەدووربینی و پلانی وردی نەوشیروان مستەفا، دیسانەوە بەبێ هەڵاو بەبێدەنگی، شۆڕش كڵپەی كردەوەو خۆشی بوە ئەندازیاری ڕاپەڕین و ڕزگاری باشوری كوردستان، كاتێكیش زۆرێك لە سیاسیە دووڕووەكان، شەرمنانەو لەپشتەوە باسی چاكسازی و ڕیفۆرمیان دەكرد، ئەوە نەوشیروان مستەفا بو بەئاشكراو بێ دوودڵی، بوە ڕابەری بیری ڕیفۆرمخوازی، كاتێك زۆرێك لە سیاسییەكان نغرۆی گەندەڵی و پاشەڵپیسی بوبون، ئەوە نەوشیروان مستەفا بو بەبێدەنگی و لەپاڵ كۆمەڵێك هاوڕێیدا، یەكەمین ڕێكخراوی مەدەنی و ڕیفۆرمخوازانەی سەرپێ خست .... هەموان بینیشمان كاتێك سیاسییەكانی كورد بەبێ ئامادەگی نەوشیروان مستەفا یەكەمین هەنگاوی ستراتیژیان ناو ڕیفراندۆمیان ئەنجامدا، بە دەنگە دەنگ و هەڵای ئیعلامی چی كارەساتێكیان خوڵقاند ...

تا لە ژیاندا بو، كەمتر قسەی كرد، زۆرتر بیری كردەوە، ڕێگەیدا هەنگاوەكانی، نوسین و تێڕوانیەكانی، پاشخان و بەرنامە سیاسی و مەعریفییەكانی بدوێن، زۆر بەكەمی خۆی بە واتەواتی نەیارەكانییەوە سەرقاڵ كرد، بەلایەوە گرنگ نەبوایە وەڵامی بوختان و چەواشەكاریی نەیارەكانیشی نەئەدایەوە، ئەگەر ژەهری ڕق و كینەی نەیارەكانی لەلایەن ئەو سیاسیانەوە بوایە كە تەنها پیشەیان قسەكردن بو، ئەوە هەرگیز وەڵامێكی نەبو، هەتا ئاستی نەبون فەرامۆشی دەكردن ...

دوای مەرگ و بێدەنگی هەمیشەیی ئەو، ئیدی بەشێك لە سیاسییە زۆربڵێكان، قەرەقۆزو كارەكتەرە نمایشكارەكان زێدەتر كەوتنەوە قسە، بە دەملێدان لە مێژووی شكۆمەندو پڕسەروەری ئەم زاتە هەوڵی نمایشكارانەی خۆیان دایەوە، بە ئاوەژووكردنی هەندێك ڕاستی، خۆیان بە باڵای بەرزی ئەودا هەڵواسی، بەدڵنیاییەوە گەر ئێستاش زیندوو بوایە هەر بێدەنگی هەڵدەبژاردو جگە لە ئیدامەدان بە پڕۆژەو بەرنامە گشتگیرەكەی كە بەرهەمی بیری ئەو بو، شتێكی تری نەبو بۆ وتن، چونكی ڕووبەرێكی بەرفراوانی ئەدەبیاتی ئەو بێدەنگی و ئارامی بو، تێڕامان و بیركردنەوەیەكی قوڵ بو..!

615 جار خوێندراوەتەوە