له‌ پێناو ڕووماڵێكی‌ پیشه‌یی‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ دروست

له‌م ڕۆژانه‌ی‌ دوایدا، به‌شێكی‌ زۆر له‌ ئه‌كاونت و په‌یج و سایته‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كانی‌ میدیایی‌ كوردی‌، كه‌وتنه‌ هه‌ڵه‌كردن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ و ڕووماڵكردنێكی‌ نا دروست له‌باره‌ی‌ كابینه‌ی‌ نوێ و ژماره‌یه‌كی‌ كه‌یسی‌ دیكه‌ی‌ وه‌كو ڕووداوی‌ كوشتنی‌ كارمه‌ندێكی‌ كونسڵخانه‌ی‌ توركیا له‌ هه‌ولێر.

ڕووداوی‌ كوشتنی‌ كارمه‌نده‌كه‌ی‌ كونسڵخانه‌ زۆر ئاڵۆزو ته‌م مژاوی‌ بوو، بۆ ڕۆژنامه‌نووس قوڕس بوو، بگاته‌ ئه‌سڵی‌ مه‌سه‌له‌كه‌، چونكه‌ حكومه‌ت و لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیداریش به‌شێوه‌ی‌ پچر پچر بابه‌ته‌كانیان بڵاوده‌كرده‌وه‌، ته‌نها ده‌توانرا به‌شێكی‌ كه‌می‌ ڕووداوه‌كه‌ به‌ كه‌م و كوڕیه‌وه‌ بڵاوبكه‌یته‌وه‌، له‌م حاڵه‌ته‌شدا بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ر زانیارییه‌كی‌ نا دروست، یاخود به‌شێوه‌ی نه‌قس، ده‌بێه‌ هۆكاری‌ له‌ ده‌ستدانی‌ متمانه‌، چونكه‌ ناتوانرێت یه‌كگرتووی‌ زانیارییه‌كان؛ واته‌ یه‌ك له‌ دوای‌ یه‌ك زانیارییه‌كان بگه‌ینیت به‌ خوێنه‌ر ناشتوانی‌ وه‌ڵامی‌ هه‌موو پرسیاره‌كان بده‌یته‌وه‌و خوێنه‌ر تێربكه‌ی‌.

ئه‌گه‌ر سووریشی‌ له‌سه‌ر گه‌یاندنی‌ بابه‌ته‌كه‌ به‌خوێنه‌ر پێویسته‌ له‌و حاڵه‌ته‌دا چاوه‌ڕێ بكه‌ی‌ دواتر ڕاپۆرتێكی‌ به‌دواداچوون و بنكۆڵكاری‌ له‌سه‌ر بڵاوبكه‌یته‌وه‌.

بۆ تۆی‌ ڕۆژنامه‌نووس گرینگه‌ گومان له‌ هه‌موو شتێك بكه‌یت، به‌ڵام ناتوانی‌ پێشوه‌خته‌ بڕیاربده‌ی‌ ئه‌وه‌ سیناریۆیه‌، یاخود فلانه‌ كه‌س تۆمه‌تباره‌، تاوه‌كو ده‌گه‌یه‌ هه‌ندێ حه‌قیقه‌تی‌ ڕووداوه‌كه‌، ئه‌وكاتیش ناتوانێت بڕیاربده‌ی‌، به‌ڵام ڕووداوه‌كه‌ وه‌كو خۆی‌ باس بكه‌، ئه‌ویتر بۆ وه‌رگر لێگه‌ڕێ، چونكه‌ ئێستا ڕیئاكشن هه‌یه‌ له‌ نێوان تۆو وه‌رگر، له‌ ڕێگه‌ی‌ لایك و كۆمێنت و شه‌یر له‌وێ ده‌توانێت سه‌ره‌نج و ئاماژه‌كانی‌ بگه‌یه‌نێـت.

به‌هۆی‌ ڕووماڵی‌ ناپیشه‌یی‌ میدیاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌ ئێستادا میدیا به‌گشتی‌ و، سۆشیال میدیاش به‌ تایبه‌تی‌، پڕیه‌تی‌ له‌ هه‌واڵی‌ فه‌یك ( ناڕاست)، پڕوپاگه‌نده‌، واته‌ وات و، ده‌نگۆ، چه‌واشه‌كاری‌.

له‌م حاڵه‌تدا بۆ خوێنه‌ر قوڕس ده‌بێت، جیاوازی‌ بكات له‌ نێوان( زانیاری‌ راست (فاكت) ، زانیاری‌ ناڕاست ، شیكردنه‌وه‌)، زۆرجاریش میدیا باوه‌ڕپێكراوه‌كانیش تووشی‌ هه‌ڵه‌ ده‌بنه‌وه‌ به‌هۆی‌ ساغنه‌كردنه‌وه‌ی‌ (Verification) زانیارییه‌كان.
هه‌نوكه‌ زانیارییه‌كانی‌ سۆشیال میدیا، بۆته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ زانیاری‌ بۆ میدیاكان، به‌ڵام ئه‌و (هه‌واڵ و بابه‌ت و ڤیدیۆو وێنانه‌ی‌)، له‌ سۆشیال میدیا له‌ لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌ داده‌نرێن و بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، كه‌ پێیانده‌وترێ هاووڵاتی‌ ڕۆژنامه‌نووس (citizen journalist)، جێگای‌ باوه‌ڕ نین و پێویستی‌ به‌ پشتڕاستكردنه‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ جیاوازی‌ زۆر له‌ نێوان "رۆژنامه‌نووسی‌ حه‌قیقی‌" و " هاووڵاتی‌ رۆژنامه‌نووس" هه‌یه‌، هاووڵاتی‌ رۆژنامه‌نووس، ناتوانێ به‌ شێوازێكی‌ پیشه‌یی‌ ڕووماڵ بكات و ئه‌و كارانه‌شی‌ ئه‌نجامیده‌دات، به‌ده‌رن له‌ كاری‌ پڕۆفێشناڵی‌ و، ئه‌وان ورد و ده‌قیق نین له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌.

بۆیه‌ بۆ خوێنه‌ر ( وه‌رگر)، واباشه‌ له‌م جۆره‌ حاڵه‌تانه‌و، له‌سه‌رده‌می‌ ڕاگه‌یاندنی‌ مۆبایل (mobile journalism) ، كه‌ به‌ دوای‌ زانیاری دروستدا ده‌گه‌ڕێت چه‌ند هه‌نگاوێك بگرێته‌ به‌ر:

* گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ زانیارییه‌كان.

*به‌ده‌ستهێنانی‌ زانیاری‌ له‌و ده‌زگا باوه‌ڕپێكراوانه‌ی‌، كه‌ ده‌زگای‌ ڕه‌سمی‌ و مۆڵه‌تی‌ كاركردنی‌ ره‌سمیان هه‌یه‌، ناوو ناویشانیان دیارو ڕوونن.

*هه‌تا بكرێت دوركه‌ونه‌وه‌ له‌و كه‌ناڵ و ده‌زگاو میدیاو په‌یجانه‌ی‌، كه‌ ئامانجدارن و سه‌ر به‌ گروپ و لایه‌ن و كه‌سێكی‌ دیاریكراون.

*له‌ حاڵه‌تی‌ گه‌ڕان به‌ دوایی‌ زانیاری‌، پێویسته‌ جیاوازی‌ بكه‌ن له‌ نێوان زانیاری‌ راست ( فاكت)، له‌گه‌ڵ شیكردنه‌وه‌.

*پشت مه‌به‌ستن به‌ سه‌رجه‌م ئه‌و ئه‌كاونت و په‌یجانه‌ی‌ ( به‌ تایبه‌ت فه‌یسبوك و تویته‌ر)، كه‌ سێبه‌رن و به‌ ناوی‌ جیا جیا دروستكراون.

*پشت مه‌به‌ستن به‌هه‌ندێ میدیای‌ بیانی‌، كه‌ ئامانجێكی‌ دوژمناكارانه‌ی‌ هه‌یه‌و، خه‌ڵكی‌ تووشی‌ چه‌واشه‌كاری‌ و هه‌ڵه‌ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ پێناوی‌ ئامانجی‌ دیاریكراوی‌ خۆیان.

* باوه‌ڕنه‌كردنی‌ ته‌واو، به‌و هه‌واڵ و زانیاری‌ و وێنه‌و ڤیدۆیانه‌ی‌، كه‌ له‌ لایه‌ن هه‌ندێ " راگه‌یاندنی‌ ئایدۆلۆژیست"ه‌وه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌.

* ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ وه‌ریده‌گرن، له‌ یه‌ك گۆشه‌و ڕه‌هه‌نده‌وه‌ ( یه‌ك لایه‌ن)، سه‌یریان مه‌كه‌، چونكه‌ ڕووداوه‌كان ره‌هه‌ندو لایه‌نی‌ زۆرو جیاوازیان هه‌یه‌و حه‌قیقه‌ت لای‌ یه‌ك لایه‌ن و شوێن نییه‌.

* له‌ حاڵه‌تی‌ ڕوودانی‌ هه‌واڵی‌ به‌په‌له‌ و خێراكان ، هه‌واڵه‌كان زانیاری‌ ناڕاست و درۆی‌ زۆر تێده‌كه‌وێت، بۆیه‌ چاوه‌ڕێكردن باشتره‌ له‌وه‌ی‌ زانیاری‌ نادروست وه‌رگریت.

* بۆئه‌وه‌ی‌ له‌ راستی‌ ڕووداوه‌كان به‌ ته‌واوی‌ تێبگه‌ی‌، هه‌ندێ جار پێویستت به‌ شیكردنه‌وه‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كان و باگراوندی‌ ڕووداوه‌كه‌و، پڕۆفایل و، نه‌خشه‌، ده‌بێت.

* ئاگاداربه‌! له‌ هه‌ندێ حاڵه‌ت، هه‌ندێ ده‌زگاو په‌یج، وێنه‌و ڤیدیۆی‌ كۆن و، ده‌ستكاریكراو بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ پێناو چه‌واشه‌كاری‌ و به‌لاڕێدانی‌ ئه‌سڵی‌ بابه‌ته‌كان.

* زۆرجار هه‌ندێ بابه‌تی‌ كۆن ده‌هێنرێته‌وه‌و له‌ ڕێگه‌ی‌ ( history edit) ده‌ستكاری‌ ده‌كرێت و بابه‌تی‌ دیكه‌ی‌ له‌ شوێن داده‌نرێت، دواین نموونه‌ی‌ ئه‌و پۆسته‌ی‌ له‌باره‌ی‌ ده‌ستگیركردنی‌ تۆمه‌تبارێكی‌ كوشتنی‌ كارمه‌نده‌كه‌ی‌ كونسڵخانه‌ی‌ توركیا، كه‌ تیایدا ده‌ستكاری‌ كات و مێژووی‌ پۆسته‌كه‌ كرابوو، زۆرێك له‌ په‌یج و ئه‌كاونته‌كان تووشی‌ هه‌ڵه‌ی‌ گه‌وره‌بوونه‌وه‌.

* دووربكه‌وه‌ له‌ زانیاری‌ ئه‌و په‌یج و ئه‌كاونتانه‌ی‌ كه‌ له‌ رێگه‌ی‌ نامه‌وه‌ بابه‌ت و ڤیدیۆو وێنه‌یان به‌ ده‌ست ده‌گات، دواتر به‌بێ پشتڕاستكردنه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌دمینه‌كان بڵاوده‌كرێنه‌وه‌.

* هه‌تاوه‌كو ده‌كرێت دووربكه‌وه‌ له‌ وه‌رگرتنی‌ ئه‌و هه‌واڵ و زانیاری‌ و شیكردنه‌وانه‌ی‌، كه‌ لایه‌ن ژووری‌ سۆشیال میدیای‌ حزبه‌كانه‌وه‌ بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌.

* هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ت له‌ بیربێت ئه‌وه‌ی‌ له‌ میدیاكان بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ نابێ وه‌كو فاكت وه‌ریگریت، چونكه‌ به‌شێكی‌ كه‌می‌ ئه‌وه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌ زانیاریه‌، به‌شه‌ زۆره‌كه‌ی‌ شیكردنه‌وه‌و وێناكردنی‌ ده‌زگاو ڕۆژنامه‌نووسه‌كه‌ خۆیه‌تی‌، به‌شێكیشی‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ درۆو پڕوپاگه‌نده‌و شتی‌ ناڕاسته‌.

* زانیاریه‌ گرینگ و نهێنییه‌كان به‌رده‌وام له‌و شوێنانه‌ وه‌رگره‌، كه‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ له‌ ناوه‌ندی‌ بڕیاره‌وه‌ نزیكن، ئه‌مه‌ش دوای‌ تاقیكردنه‌وه‌و ئه‌زموون تۆ دێت له‌وماوه‌یه‌دا ،كه‌ تۆ ئه‌زمونت كردووه‌ له‌گه‌ڵیداو بۆته‌ جێگای‌ متمانه‌ لات.

* هه‌واڵ و زانیاریه‌ك، كه‌ له‌ زۆر شوێنی‌ جیاواز بڵاوكرایه‌وه‌، به‌ مانای‌ ڕاست و دروستی‌ نایه‌ت، چونكه‌ ئێستا به‌شێكی‌ زۆر له‌ ده‌زگاكان بابه‌ته‌كان له‌یه‌ك وه‌رده‌گرنه‌وه‌ به‌بێ به‌دواداچوون.

 

 


سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی‌
توێژه‌ری‌ میدیایی‌

211 جار خوێندراوەتەوە