تیرۆری کەسایەتی ژنان راگرن!


لە یەکەم رۆژەکانی دوای راپەڕینی خەڵکی کوردستان و راماڵینی بەعس لە شارەکانی کوردستان پۆل پۆل ژنان رویان لە بارەگای حیزبە سیاسییەکان کرد و خۆیان رێکخست و چالاکانە هاتنە مەیدان، لە یەکەم هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستاندا کە لە (19\5\1992) ئەنجامدرا؛ ریزی ژنان بۆ دەنگدان زۆر زیاتر بو لەو پیاوانەی سەرەیان گرتبو بۆ دەنگدان.

بەداخەوە، زۆری نەبرد ئەم جۆش و خرۆشەی ژنان بۆ کاری سیاسی بە رێژەیەکی بەرچاو کەمی کرد تەنگ پێهەڵچنینی ژنان و گێچەڵی سێکسی و تۆمەت بۆ دروستکردن بۆیان هۆکاری سەرەکی ئەم پاشەکشەیەی ژنان بو، دەیان کچ و ژنی چوست و چالاک بە ئاگا و بە هەڵوێست چونەوە ماڵەوە ئەمە هۆکارێکی گەورە بو وای کرد کایەی سیاسی بە تەواوی بۆ پیاوان چۆڵ بێت، پێش راپەڕین زۆر کەم ژنان ئەچونە ریزەکانی رێکخستنی حیزبە سیاسییەکان لە ترسی گرتن و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەریان لە زیندانەکانی بەعسدا، لە دوای راپەڕینیش ئەوەی رویدا هەمان پاشەکشەی ژنانمان بینی لەژێر داروپەردوی ترس و بە شێوازێکی تر .

ئێستاش دوای ئەو هەمو ساڵانە، ژنان هێشتا لە ژێر هەڕەشەی بە ناحەق لەکەدار کردندان، هەڕەشە و تۆقاندنی ژنان و تۆمەت بەخشینەوە بۆیان لە زیادبوندایە، لەم هەرێمە هەر ژنێک هەڵوێست و قسەی حەقی کردبێت بێزار کراون پەلاماری ناموسیان دراوە، بە تایبەتی دوای دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕان و لە سەر وەختی بەرفراوانبونی تۆڕەکانی گەیاندن و سۆشیال میدیا، بە ئاشکراو لە میدیای فەرمی و سێبەرەوە ئەو ژنانە کرانە ئامانج کە بوێرانە قسەی جدیان هەمو لەسەر خراپی رەوشی هەرێم و کەموکورتی و گەندەڵیەکانی دەسەڵاتی کوردیان ئەخستەڕو.

لەم واقعەشدا، ژنانی بزوتنەوەی گۆڕان پشکی شێریان بەرکەوت لە هەراسان کردن و بێڕێزی و تۆمەت بۆ دروست کردنانەدا، هەرچەندە خۆشبەختانە ئێمەی ژنان خۆمان راگرتوە و ئازایانە سورین لەسەر هەڵوێستەکانمان، بەڵام هەمیشە جێگای نیگەرانیمان بوە کە هاوڕەگەزەکانمان لە حیزبە سیاسییەکانی تر زۆر کەم هەڵوێستی جدیان نواندوە، ئێستاش کە ژنە پارلەمانتارێکی نەوەی نوێ لەلایەن خودی حیزبەکەی خۆیەوە روبەڕوی ئەو هەڕەشانە ئەبێتەوە و سوکایەتی پێئەکرێت و ئەترسێنرێت بۆ ئەوەی پاشەکشە بکات لە هەڵوێستەکانی؛ ئەرکی ئێمەی ژنانە لە هەمو حیزبە سیاسیەکانی کوردستان کە پشتی بگرین لەگەڵیا روبەڕوی هەمو ئەوانە ببینەوە کە ژنان ئەکەنە ئامانج .

بە بڕوای من هێرش و تۆمەت دروستکردن بۆ هەر ژنێک هێرش و تۆمەتە بۆ هەمو ئەو ژنانەی لە کایەی سیاسییدا کار ئەکەن، پاشەکشەی هەر ژنێک شکستە بۆ هەمو ژنێکی تری سیاسی، ئیتر لێرەوە ژنان بە تەواوەتی لە ناوەندی بڕیار و بڕیاردان دور ئەکەونەوە، ساڵانێکە هەمومان پێکەوە بۆ ئەوە خەبات ئەکەین بگەین بە ناوەندی بڕیاردان لە ناو دەسەڵاتی سیاسی و لە ناو حیزبە سیاسیەکاندا کەچی وا ژنێک لە بەرزترین ناوەند و دەسەڵاتی هەرێمدایە کەچی کەوتۆتە بەر هێرش و هەڕەشە، ئەوەی بەرامبەر ئێمەی ژنانی حیزبە سیاسییەکان ئەکرێت بۆ دورخستنەوەمان لە ئامانجە سەرەکیەکەمان و بۆ پەراوێز خستنمانە ئەمە وا ئەکات زیاترو زیاتر ژنان لە حیزبە سیاسییەکان لە دەسەڵات و ناوەندی بڕیار دور بکەونەوە .

لە کاتێکدا ئێمە ژمارەیەک لە ژنانی حیزبە سیاسییەکان لەسەروبەندی دروستکردنی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا سەرقاڵی هەڵمەتێکی بەرفراوانین بۆ بەشداریپێکردنی رێژەی لە (30%) ژنان لەو کابینەیەدا، کەچی هەڵمەتی ناوزڕاندنی ژنە پارلەمانتارێک بەڕێوەیە، ئیتر ژنان چۆن و بە کام پاڵپشت شەڕی چونە دەسەڵات بکەن!

بۆیە کاتی خۆیەتی و گرنگە ئێمەی ژنان هەمومان پێکەوە پاڵپشت و پشتیوانی (شادیە نەوزاد) بین هەمو هەوڵێک بۆ ناوزڕاندنی ژنان ریسوا بکەین، ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر ئەو خاتونە ئەکرێت ساڵانێکە بەرامبەر زۆربەمان ئەکرێت و لە ئایندەشدا بەردەوام ئەبێت و بەرۆکی زۆرێکی تر لە ژنان ئەگرێت، دەبا لێرەوە بە یەکڕیزی ئەم تیرۆری کەسایەتیەی ژنان رابگرین.

410 جار خوێندراوەتەوە