ره‌وتى رۆژنامه‌گه‌ریى کوردى به‌کوێ گه‌یشتووه‌ ؟


  22ى نیسانى هه‌موو ساڵێک یادى رۆژنامه‌گه‌رى کوردى ده‌کرێته‌وه‌ وه‌ک مێژووى ده‌سپێکى ئه‌وبواره‌ له‌لاى نه‌ته‌وه‌ى کورد ،که ‌ئه‌م مێژووه‌ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌گه‌رى وڵاتانى تردا تاراده‌یه‌ک مێژوویه‌کى زۆر کۆن نییه‌، که‌ له‌سه‌ر ده‌ستى میقداد میدحه‌ت به‌درخان له‌ بنه‌ماڵه‌ى به‌درخانییه‌کان سه‌رهه‌ڵده‌دات به‌ده‌رکردنى یه‌که‌م رۆژنامه‌ى کوردى به‌ناوى کوردستان له‌ قاهیره‌ى پایته‌ختى میسر، به‌ڵام له‌و مێژووه‌وه‌ هه‌تا ئێستا ره‌وتى رۆژنامه‌گه‌رى کوردى به‌کوێ‌ گه‌یشتووه؟.
 
ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌ماى زانستی شیکردنه‌وه‌یه‌ک بۆ ره‌وتى رۆژنامه‌گه‌رى له‌ باشورى کوردستان بکه‌ین ،ئه‌وا ئه‌بینین به‌درێژایى ئه‌وماوه‌یه‌ له‌چوارچێوه‌ى چه‌ند توێرێکدا کارى کردووه‌ .

رۆژنامه‌گه‌رى کوردى تاپێش ساڵى 1991 و راپه‌رینه‌که ‌له‌ باشورى کوردستان له‌ژێر کاریگه‌رى توێرى ده‌سه‌ڵاتدا بووه‌ به‌شێوه‌یه‌ک که ‌له ‌خزمه‌تى ده‌سه‌ڵات و ره‌واییدان به‌ بیروباوه‌ڕو بڕیارو یاساکان و ده‌سه‌ڵاتى حوکمڕان بووه‌ ،که ‌له ‌پێداهه‌ڵدان وچه‌واشه‌کارى و پیشاندانى رووى جوانى ده‌سه‌ڵات هیچى ترى پێشکه‌ به‌کۆمه‌ڵگا نه‌کردووه‌ که ‌ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ش به‌هۆى ئه‌و ده‌سه‌ڵات و حکومڕانیه‌وه‌ بوبێت که‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ وڵات هه‌بووه‌ ، رێگه‌ نه‌دراوه‌ به‌ئازادى راده‌ربڕن و ئازادى رۆژنامه‌گه‌رى که‌له‌رواڵه‌تدا واپیشان ده‌درا که‌ئازادى هه‌یه‌ ،هه‌ربۆیه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ رۆژنامه‌گه‌رى کوردى له‌ژێر کاریگه‌رى توێرى ده‌سه‌ڵات بووه‌ .

له‌دواى راپه‌رین له‌ساڵى 1991 جۆرێک له‌ئازادى و کرانه‌وه‌ى رۆژنامه‌گه‌رى هاته‌ ئاراوه‌، به‌ڵام نه‌توانرا له‌ژێر هیچ تیۆرێک خۆى ببینێته‌وه‌ ،به‌شێوه‌یه‌ک که‌ راگه‌یاندن بۆ به‌رژه‌وه‌ندى حزب کارى ده‌کرد که‌ ده‌کرێ بڵێین نزیک بوو له‌توێرى ئیشتراکى (لیبراڵى) که ‌له ‌به‌رژه‌وه‌ندى مارکسیه‌ت و شوعیه‌تدا بوو، به‌ڵام له‌ کوردستانى باشوور له‌خزمه‌تى حزبدا بوو، راگه‌یاندنى حزبى به‌شێوه‌یه‌ک ته‌شه‌نه‌ى سه‌ند که‌توانى گۆڕه‌پانى رۆژنامه‌گه‌رى داگیر بکات که‌تا هه‌نوکه‌ش به‌رده‌وامى هه‌یه‌ .

له‌کۆتایى ساڵى 2000 جۆرێک له‌ رۆژنامه‌ى ئازاد و سه‌ربه‌خۆ سه‌ریهه‌ڵدا که ‌به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان بانگه‌شه‌ى بۆ رۆژنامه‌گه‌رى سه‌ربه‌خۆ و ئازاد ده‌کرد که‌بووه‌ سه‌ره‌تایه‌ک بۆ ده‌رکه‌وتنى کارى رۆژنامه‌گه‌رى سه‌ربه‌خۆ و دوور له‌حزب و ده‌سه‌ڵات، که ‌ده‌کرێت تاڕاده‌یه‌ک خۆى له‌چوارچێوه‌ى تیۆرى ئازاد دا ببینێته‌وه‌، که‌ده‌وترا سه‌رچاوه‌ى داهات و کارکردنى سه‌ربه‌خۆى هه‌یه‌ و دووره‌ له‌حزب و کارده‌کات بۆ خزمه‌تکردنى ره‌وتى رۆژنامه‌گه‌رى کوردى، که‌تاراده‌یه‌ک ده‌ستپێک بوو له‌و جۆره‌ کارکردنه‌ى رۆژنامه‌وانیى له‌و سه‌رده‌مه‌دا و دواتر و له‌ساڵانى دواتردا ئه‌م جۆره‌ له‌ رۆژنامه‌گه‌رى و کارکردنه‌ زیادیکرد و جێگه‌ى دیارى هه‌بوو له‌رژنامه‌گه‌رى کوردى ،تاده‌رکه‌وتنى چه‌ندین رۆژنامه‌و رادیۆو که‌ناڵى ته‌له‌فزیۆنى سه‌ربه‌خۆ ،له‌هه‌مانکاتدا راگه‌یاندنى حزبى له‌پێشچوون و زیادبووندا به‌رده‌وامى هه‌بووه‌  .

دواتریش له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌ جۆرێکى تر له‌کارى رۆژنامه‌وانى سه‌ریهه‌ڵدا که‌خۆى له‌راگه‌یاندنى بازرگانیدا ده‌بینێته‌وه‌ ،به‌شێوه‌یه‌ک ته‌نها ئامانجى به‌ده‌ستهێنانى قازانج و سوود و ره‌واجیدان به‌کاڵاو شمه‌ک و ساغ کردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌کان له‌بازاڕدا بوو، ته‌نها ئامانجى به‌ده‌ستهێنانى مادده‌ی بوو، راگه‌یاندنى بۆ به‌ژه‌وه‌ندى دامه‌زراوه‌ یان کۆمپانیاکه‌ى خۆى وه‌ک ئامرازێک به‌کارده‌هێنان و هاورده‌کردنى به‌رهه‌مى بیانى و نمایشکردن و پێشکشه‌کردنى بۆده‌ستکه‌وتنى قازانج .

به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگاى سه‌رنجه‌ له‌ره‌وتى رۆژنامه‌گه‌رى له‌باشورى کوردستان له‌گه‌ڵ هه‌بوونى ئه‌م هه‌موو جۆره‌ له‌راگه‌یاندن و سه‌رهه‌ڵدانیان له‌دواى راپه‌رین جۆرێک له‌ راگه‌یاندن سه‌رهه‌ڵدا که‌ خۆى له‌راگه‌یاندنى حکومى ده‌بینیه‌وه‌ هه‌رله‌ رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن، به‌ڵام ماوه‌یه‌کى زۆرى نه‌خایاند و ئه‌و ‌ره‌وته‌ش وه‌ستا له‌کاتێکدا پێویست بوو میدیاى نیشتمانى (که‌ناڵى نیشتمانى) هه‌بێت بۆ خزمه‌تکردنى سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر بنه‌ماى پێکهاته‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى، که ‌له‌چاو میدیاى حزبى زۆر لاواز بوو نه‌یتوانى به‌رده‌وام بێت و هه‌رزوو پاشه‌کشێى کرد، له‌کاتێکدا حکومه‌تى هه‌رێم خاوه‌نى سه‌رمایه‌و دارایى باش بوو که ‌ده‌توانرا به‌شێوه‌یه‌ک گه‌شه‌ به‌و میدیابدرێت و بتوانێ ده‌نگ و ره‌نگى کۆمه‌ڵگا بێت ،هه‌رچه‌نده‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ که‌ناڵ و ده‌زگاى راگه‌یاندنى حزبى گه‌شه‌ى زیاترى کرد و که‌ناڵى حکومى پوکانه‌وه‌ى به‌خۆوه‌ بینى و کۆتایى هات ،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى حکومه‌ت بودجه‌ى حزب و لایه‌نه‌کان ده‌دات ،به‌ڵام نه‌یتوانى درێژه‌ به‌میدیایى حکومى بدات ،ده‌کرا میدیاى نیشتمانى په‌ره‌ى پێبدرێ به‌شێوه‌یه‌ک که‌ راسته‌وخۆ سه‌ربه‌ په‌رله‌مان بێت له‌رووى دابینکردنى بودجه‌ى پێویست بۆ ئه‌و میدیایه‌ و دووربخرێته‌وه‌ له‌ده‌ست تێوه‌ردان  و سه‌ربه‌خۆ بێت له‌کارکردن و دارشتنى به‌رنامه‌کانى له‌سه‌ر بنه‌ماى پێکهاته‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى و خزمه‌تکردنى کۆمه‌ڵگاو سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کان .

بۆیه‌ له‌ئێستادا و دواى تێپه‌ڕبوونى (121) ساڵ به‌سه‌ر رۆژنامه‌گه‌رى کوردى و (28) به‌سه‌ر حوکمڕانى خۆجێى له‌باشورى کوردستان  چه‌ندین جۆرى میدیا به‌دیده‌کرێ هه‌رله‌ میدیاى حزبى ومیدیاى ئازاد و میدیاى سێبه‌ر و میدیاى بازرگانى وته‌نانه‌ت میدیاى تاکه‌سى ،به‌ڵام به‌ده‌رنیه‌ له‌که‌موکورى و پێشێلکارى ،تاراده‌یه‌کیش ئازادى ره‌هاى رۆژنامه‌گه‌رى نه‌گه‌یشتۆته‌ ترۆپک و کێشه‌و به‌ربه‌ستى ده‌ستکه‌وتنى زانیارى و سه‌رچاوه‌ى هه‌واڵ هه‌یه‌،له‌گه‌ڵ بونى یاساى رۆژنامه‌گه‌رى و یاساى ده‌ستکه‌وتنى زانیارى ،رۆژنامه‌نوسان و ده‌زگاکانى راگه‌یاندن دوچارى پێشێلکارى و توندوتیژى و ماف خوران ده‌بنه‌وه‌،تائێستا رۆژنامه‌گه‌رى کورى نه‌یتوانیوه‌ له‌ژێر تیۆرى به‌رپرسیاریه‌تى کۆمه‌ڵایه‌تى خۆى ببینێته‌وه‌ ، له ‌ئێستاشدا له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامى ره‌وتى رۆژنامه‌گه‌رى له‌ باشورى کوردستان وه‌ک پێویست نیه‌و ناچێته‌ چوارچێوه‌ى هیچ کام له‌ تیۆره‌ زانستیه‌کان و وایکردووه‌ پرۆفێشناڵى میدیا بکه‌وێته‌ ژێر پرسیار و گومانه‌وه‌.

167 جار خوێندراوەتەوە