زاراوه‌ی ڕه‌سه‌نی کوردی‌ (مردەوە ژی‌)


زمان کۆمەڵێک دەرگا بۆ چوونەژوورەوە دەکاتەوە و کۆمەڵێک دەرگا بۆ هاتنە دەرەوە دروستدەکات، لەساڵۆنی‌ ئیمپراتۆرەکان و لە کۆمیتی‌ دیبلۆماسییەکان و لە کۆڵانی‌ هەژاراندا زیاتر لە زمانێک بەکاردەهێنرێت، زمانی‌ زیادە.. زمان دەبێتە قیڕِە و کارتی‌ پێناسەکردنی‌ فرەجۆر! ئەوە زمانە دابەشمان دەکات. هونەری‌ قسەکردن،هونەری‌ دواندنی‌ زمانە بە ئاست و شێوەی‌ جیاواز و لە شوێنی‌ جۆراوجۆردا.. دەشێ هەموو ئەوانە بکەونە نێو فەلسەفەی‌ زمانەوە، زمان دیاردەیەکی‌ تەواو ئاڵۆز و بێسەروبەرە، زمان جەوهەری‌ بوونە، زمان بوونی‌ جەوهەرە، زمان وەکو مرۆڤە، بەدوای‌ جوانکاری‌ و خۆڕێخستنەوەدایە، زمان مۆدێلە، ئەم مۆدێلەش بەپێی‌ تێپەڕبوونی‌ ڕۆژگار دەگۆڕێت، هیچ هێزێک توانای‌ ڕاگرتن و ڕێگری‌ لەبەردەم مۆدێلی‌ زمان و گۆڕانی‌ زمانی‌ نییە. لەلایەکی‌ ترەوە زمان وەکو مرۆڤ خواستی‌ تازەکردنەوە و خۆسازانی‌ هەیە.زمان بونەوەرە و بونەوەریش پێویستی‌ بە خۆراک هەیە و بێ خۆراک ناتوانێت هەڵبکات.

لێرەدا قسە لەسەر وشەیەک دەکەین کە لەنێو فەرهەنگدا حەشاردراوە و بواری‌ ژیاندن و ژینگەی‌ بۆ سازنەکراوە، ئەویش (مردەوە ژی)یە. دەکرێت بڵێین وشەکانی‌ زمان مێژوویان هەیە، ئەو مێژووە چی‌ دورمەودا، یان نزیک مەودا بێت. بەم پێیە (مردەوە ژی‌) مێژوویەکی‌ لەهەناوی‌ خۆیدا هەڵگرتووە، نوێنەر سەردەمەکەی‌ خۆیەتی‌.

وشەکە مێژووی‌ کۆنی‌ کورد و ژیانی‌ چادر و ڕەشماڵ نشینی‌ کورد دەگێڕێتەوە.لە ژیانی‌ کۆچەریدا، کۆچەرییان ڕەشماڵیان هەڵداوە لەسەر زەوی‌، پایەی‌ ڕەشماڵەکانیان بە مێخ و گوریس قاییم کردووە، دیارە لەگەڵ تێپەڕبوونی‌ کاتدا ئەو گوریسە شی‌ بۆتەوە و لە پچڕان نزیک بۆتەوە، کۆچەرییان هاتوون گوریسەکەیان لە پچڕان ڕزگار کردووە، بە کردەیەش وتراوە (مردەوە ژی‌) واتا دووبارە سازدان و ژیانەوەی‌ ئەو گوریسە، کە لەبەرامبەردا (Recycling) لە ئینگلیزیدا و (اعادە التدویر) لە عەرەبیدا و (بازیافت) لە فارسیدا بەکارهاتووە، واتا: دووبارە دروستکردنەوەی‌ پاشماوە و کەرەستەکۆن و ڕزاوەکان،پاشان بردنی‌ بۆ کارگەکان و دروستکردنی‌ کەرەستەی‌ بە کەڵک لێیان.

دەکرێت وشەکە (مردەوە ژی‌) زیاتر فراوان بکەین و بیکەینە مردەوە ژی‌ کردن، بۆ وێنە: ئەم کەرەستە کۆنانە مردەوە ژی‌ دەکەینەوە.

ئامانج لە نوسینی‌ ئەم ووتارە ئەوەیە ئەم ووشەیە هەر لە فەرهەنگدا نەمێنێتەوە، بەڵکو زەمینەی‌ بۆ خۆش بکەین، وەکو ڤیگنشتاین دەڵێت: "واتای‌ ووشەکان لە بەکارهێنانیاندایە". ڕەوایە بگوترێ فەرهەنگەکان گۆڕستانی‌ ووشەکانن.

251 جار خوێندراوەتەوە