کاتێک شوان دەبێت بە بەرپرس

لە کۆمەڵ و کۆمەڵگا کەمتر ئاڵۆزەکاندا بەرپرسیارێتییەکان زیاتر راستەوخۆ و کەسی بوون، واتە بەرپرسیارێتی راستەوخۆی کەسەکان لە نێو خێزان، دێ و ئاوەدانییەکاندا. هەربۆیەش ئاسان بوو کە ئەم جۆرە بەرپرسیارێتییە بە پەیوەندی نێوان "راعی" و "رەعیەت" وەسف بکرێت. رەعیەت هەروا وەسفێکیش بوو بۆ کۆمەڵە خەڵکێکی ئاسایی، کە پێگە و پایەیەکی تایبەتیان لە نێو کۆمەڵدا نەبوو. هەر بۆیەش هەر جۆرە زیانێک کە بەر رەعیەت دەکەوت، زیانێک بوو لە راعی دەکەوت. ئەمەش بەرپرسیارێتییەک بوو لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هەر پێویستی بە رێکخستنیش نەبوو.

ئەم جۆرە پەیوەندییە وەک ئیستیعارەیەک لە پەیوەندییە سرووشتییە نامرۆییەکانەوە گوازراوەتەوە بۆ پەیوەندییە نێوان مرۆییەکان و لەوێش بە سروشتی زانراوە، هەر بۆیە بە دەستەواژەی "كلكم راع و كلكم مسۆول عن رعیته" تەعبیری لێکراوە. ئەم جۆرە لە پەیوەندی شوانکارەیی ئەو کاتە گرفتی تێدەکەوێت، کە پەیوەندییەکە چیدی لەو جۆرە پەیوەندییە راستەوخۆیانە نین، کە دەرەنجامەکانی راستەوخۆ بەر کەسی راعی بکەون، چ سوود بێت چ زیان. چەمکی رۆڵیش لێرەدا گۆڕانێکی ریشەیی بەسەردا دێت و سەرچاوەی هەم رەوایەتی و هەمیش ئەداکردنی لە سرووشت و سرووشتییبوونەوە دەگوازرێنەوە بۆ کۆمەڵێک نۆڕمی کۆمەڵایەتی، چ عورفی و نەنووسراو بن ئەم نۆڕمانە یان نووسراو و بە دۆکومێنتکراو. چیدیکەش مەرج نابێت کە سوود و زیانەکانی ئەم جۆرە لە رۆڵی بەرپرسیارێتی قازانج و سوودەکانی راستەوخۆ بۆ کەسی بەرپرس بگەڕێنەوە. هەر بۆیەش ئیدی پێویست بە رێکخستنی ماف و ئەرکەکانی (پاداش و سزاکانی) باش یان خراپ بینینی رۆڵی بەپرسیارێتی دەبێت.

گرنگی هەبوونی دەستوور و یاسا و رێنماییە هاوشێوەکانی دیکەش لە کۆمەڵگا نوێییەکاندا لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەگەر رۆڵە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتی، کارگێڕی و سیاسییەکان کەم تا زۆر سرووشتیانە تەماشا بکرێن، ئەوا رێکخستنیان چیدیکە پرسێکی سرووشتی نین، بەڵکو پرسگەلی رێنمایی، یاسایی و دەستوورین.

پێسپاردنی ئەرکێک بە کەس یان کەسانێک، کە تەنیا لە بیری سوودە گورگەمرۆییانەکەی خۆیاندا بن و بنەمایەکی دیکە بۆ ماف و ئەرکەکانیان نەبینن، کارەساتگەلێکی لێدەکەوێتەوە کە رۆژانە لە کۆمەڵگای خۆمان و لای دراوسێکانمان دەیانبینین. چەندمان بیست کە نەخۆشێک بە هۆی کەمتەرخەمی دوکتۆر و کارمەندانی نەخۆشخانەوە دووچاری پەککەوتەیی بوو یاخود گیانی سپاردووە؟ چەندمان بیست کە رووداوێکی هاتوچۆ و رەفتارێکی سەرەڕۆیانە چەندین قوربانی لێکەوتۆتەوە؟ لەم دوو ساڵەی رابردوودا چەندە شاهید و گوێبیستی کەوتنەوەی ئاگری پر زیان و زەرەر بووین؟ ئیدی هەر لەمجۆرە رووداوە رۆژانەییانەوە بگرە تا دەگاتە لەدەستدانی ناوچە و پارچەی نیشتمان. مەترسی ئەم رەوشەش لە پاڵ زیانە راستەوخۆکانی، لەدەستدانی متمانەیە بە یەکتری، بە دامودەزگاکانی وەک کارگێڕی، تەندروستی، ئابووری، پەروەردەیی، سیاسی و هی دیکە و هەتا دەگاتە بێئومێدبوون لە دەسەڵاتێکی خۆماڵیش، کە سەردەمانێکی زۆر خەونی نزیک بە هەمووان بوو.

واپێدەچێت رووداوەکەی موسڵیش یەکێک بێت لەم جۆرە کەمتەرخەمییانە، دەرکنەکردنی بەرپرسیارێتی و نەبوونی ترسی لێپێچینەوە. هەر ئەمەشە سەرچاوەی زۆربەی قەزا و قەدەرەکانی ئەم رۆژگارەی خۆمان.

 

له‌ ئه‌ژماری تایبه‌تی نوسه‌ر له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك وه‌رگیراوه‌

209 جار خوێندراوەتەوە