پیرۆزبایی نوخبەی پیاوان لە (٨)ی مارسدا

چەندین ساڵە و ژنانی حیزب و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و هەندێ لە ناوەند و دامودەزگا حکومییەکان، یادی هەشتی مارس دەکەنەوە، پیرۆزباییەکان لەلایەن هەمو توێژەکانەوە بوو، ژنان و پیاوان، کەسانی سادە، سیاسی، نوخبەی رۆشنبیران و ئازادیخواز تەنانەت سەرۆکی حکومەت و حیزب، کە لە زۆربەی چالاکییەکان ئامادەییان هەبوو، بەڵام تەنها خۆیان بێ ئەوەی ژنەکانیان یا خوشک و کچەکانیان لەگەڵ بێت.

هەرچەندە  ئەمساڵیش نەگۆڕاین و هەمان شێوەی ساڵانی پێشو ئێمەی ژنان نەمانتوانی پێکەوە ئەو یادە بکەینەوە و فشارەکان زیاتر و گەورەتر و بەهێزتر بکەین، هەمووان بە تەنهاو بۆ ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکان بوو، زۆربەی چالاکییەکان لە رۆژانی هەشت و نۆی مانگی سێ دا بوون، کە نەدەتوانرا بەشداریی چالاکیی هەموو گروپە  جیاوازەکان بکەیت، بۆیە دیسان لە خۆمانەوە بۆ خۆمان بوو، هەموان ئەو ژمارە ژن و پیاوە بووین کە چەندین ساڵە دووبارە و چەندبارە بوینەتەوە .

هەموو سەرۆکی حیزب و زۆربەی سەرۆکی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، دەزگاکانی میدیا، ناوەندە رۆشنبیریەکان، رۆژنامەنوسان، نوسەر و ئەدیبەکانی ئێرە پیاوان، چەندین ساڵە خیتابی ئازادیخوازانەیان تایبەت بووە بە پرسی ژن و داکۆکیکردن لە دۆزی ژن، بەئاشکرا داوای یەکسانی ژن و پیاو دەکەن، پێیان خۆشە تا بەرزترین ئاست ژن ئازاد بێت، هەڵبەت ژن و کچی دەرەوەی خێزانەکانی خۆیان، بۆ کچ و ژنی خۆیان زۆر موحافزکارن، بەڵام پێیان خۆشە هەموو ژنانی دنیا سەربەست و ئازاد بن، چ نەنگییەکە؟!

زۆرێک لە و پیاوانەی بەپەرۆشەوە پیرۆزبایی و پشتیوانی خۆیان بۆ هەشتی مارس رۆژی جیهانی ژنان و خەباتی ئازادیخوازانەی ژنان دەنێرن و خۆیان بە پشتیوان و داکۆکیکاری سەرسەختی ژنان لەقەڵەم دەدەن، بۆ تەنها جارێک ژنەکانیان هاوشانیان نین لە بۆنەکاندا و کەسیش نایانناسێ، ئاخۆ بۆ؟

چەندین پیاوی بەناو ئازادیخواز هەن کە دەیان ساڵە دەیانناسین و لەنێو سیاسی و نوخبەی ڕۆشنبیری کوردیدا دەنگ و رەنگیان هەیە، بەڵام خێرە تا ئێستا بۆ تەنها جارێک ژنەکانی خۆتان نەهێناوەتە بۆنەیەک، خۆپیشاندانێک، پێشەنگایەک تەنانەت کۆنسێرتێک؟

چۆن باوەڕ بەو پشتیوانییەتان دەکرێت، کە پێتانوایە بۆخۆتان حەرامە و بۆ عەوام حەڵالە؟ زۆرێک لەو ژن و کچانەی چالاکن و داکۆکی لە مافی رەوای خۆیان دەکەن، رەنگە هاوسەر و باوک و برایان لەگەڵ نەبێت، بەڵام بەدڵنیایی پاڵپشت و هاوکاریانن بۆیە خۆبەخشانە لە شەقام و هەموو شوێنە نهێنی و ئاشکراکان بۆ خزمەتی ژنان کار دەکەن، بەڵام کەمێک لە و پیاوانەی لەم نێوەندەدا خۆیان بە نوخبە و رۆشنبیر و کەسانی لیبراڵ دەزانن ژنەکانیان هاوشانیانن لە خەبات، نەک لە بواری ژنان، بەڵکو کاری رێکخراوەیی و سیاسیش.

سیاسییەکانی هەرێمۆکەکەی من هەمیشە داوادەکەن با ژمارەی ژنان زیاد بێت بۆ کاری حیزبی بەتایبەت بۆ کاتی هەڵبژاردن و بۆنە سیاسییەکان، کەچی کەمینەن تا ئێستا ژنەکانیان بینرابن، مەگەر لە هەندێ پرسەدا بەشداربن، کە ئەوەش پەیوەستە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان نەک بۆ بەشدارییان وەک ژن.

ئەگەر جارێک خەمساردیی خودی ژنەکان بێت کە پاسیڤن و هیچ بەشدارییەکیان نیە، سەد هێندە کۆنەپەرستیی پیاوانی نێو خێزانەکانیانە، کە باوەڕیان بە توانا و مافی ژنان نیە، یا ترس لە بەئاگابونەوەیانە، دەنا هیچ پاساوێک نیە بۆ پاسیڤکردنیان بە مەبەست.

بۆیە زۆربەی پیرۆزباییەکانتان پیاوانەیە و نوخبەکانی کۆمەڵگاش پیاوانەن، خەباتی ژنان بە ئاکام ناگات گەر هۆشیاریی نوخبە راستگۆیانەتر نەبێت بەرامبەر هاوسەر و خوشک و کچ و ئەندامانی خێزان لە ئاست پرسێکی وەک پرسی ژندا. 

270 جار خوێندراوەتەوە