کورد لە هاوکیشەی سیاسی سوریادا

بەخوێندنەوەی مێژوومان لەنێو کایەی سیاسی و سەربازی و بەرژەوەندی زلهێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکاندا،کوردو هێزە کوردیەکان پێگەیەکی ئەوتۆی نیە کەقورسایی سیاسی و سەربازی هەبێت، لەم هاوکێشە سیاسی و ئاڵۆزەی سوریادا کورد خاوەن بڕیاری سیاسی و سەربازی نیە بەڵکو کورد وەک لایەنیکی بەکارهێنراو لەخزمەت بەرژەوەندی زلهێزەکان وەک هێزێکی شەڕکەرو ئازا بەکار دەهێنرێت،واتە کورد جگە لە هێزێکی بەکارهێنراو هیچی دیکە نیە و لەهاوکێشەکەشدا هیچی دەستناکەوێت.

لەم هاوکێشە ئاڵوەزەدا کورد نەئەنجامە و نەخاڵی یەکلاکەرەوەی هاوکێشەکەیە بۆ گەشتن بەئامانج، بەڵکو لەدەرەوەی دواخاڵی هاوکێشەکەدا کورد و دۆزەکەی دەبێتە قوربانی هاوکێشەکە لەسودی زلهێزەکان،چونکە لەم هاوکێشەدا ئەوەی چاوی لەسەرە نەکوردە و نەهێزە کوردیەکان بەڵکو بەدەستهێنانی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و سەربازیەکانی زلهێزەکانە چ هەرێمی بن یان نێو دەوڵەتی.

لەم هاوکێشە سیاسیەدا، تورکیا بەتەواوی ئامانجیەتی کوردەکان وەک هێز و حیزب بگرە وەک نەتەوەش بەهەر ناونیشانێک بێت لاوازبکرێن تا ئاستی لەناوچوون و نەمان و گەشتن بەمەبەست و بەرژەوەندی خۆی لەسوریادا و دواجاریش هێزەکانی خۆی و لایەنگرەکانی وەک کارتی فشار لەبەرامبەر ئەسەد بەکاربهێنێت بۆ دەستکەوت بەدەستهێنانی بەرژەوەندیەکانی لەناوچەکەداو تەنانەت دەکرێت ڕێککەوتنی نهێنی لەنێوان ئەردۆگان و ئەسەد هەبێت بۆ گەڕانەوەی هێزەکانی ڕژێم بۆ ناوچەکانی پێشوتریان.

سوریاش ئامانجیەتی بەهەرشێوەیەک بێت تەواوی ناوچە دۆڕاوەکانی بەدەست بهێنێتەوە، ئەوەی بەشەڕ لەبەرامبەر کورد بەدەستی ناهێنێ بەفێڵی سیاسی و بەفشار و ڕێنشاندەری تورکیا بەبێ شەڕ بگەڕێتەوە ناوچەکانی پێشووتری خۆی، لەم حاڵەتەشدا تاڕادەیەک سوریا بونی هێزی تورکی پێ خۆشترە لەبوونی هەرێم و کیان وهێزێکی کوردی لەوناوچانە و بەگەڕانەوەی هێزەکانی سوریا بەواتای نەمانی هەیمەنەی سەربازی کورد لەناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات و لەهەمان کاتیشدا تورکیا بوون و گەڕانەوەی هێزەکانی سوریای پێخۆشترە بۆ ناوچەکانی باکوری سوریا لەبری هێزە کوردیەکان لەوناوچانە.

ئێرانیش ئامانجیەتی پێگەی خۆی لەناوسوریادا بەهێزتر بکات هێزەکانی خۆی و ئەوانەشی لایەنگری سیاسەت و مەزهەبگەرایی و لەژێر هەژموونی خۆیدا بەهێزببن، ئەمەش کارتێکی بەهێزی ئێرانە لەناوسوریادا دژ بە ئیسرائیل و بەرژوندیەکانی ئیسرائیل لەناوچەکەدا،لەهەمانکاتدا ڕێگریکردنی زیاترە لەپەلهاویشتنەکانی تورکیا بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئێران لەناوچەکەدا و لەمانکاتدا ئێران ئامادەیە باجی زیاتریش بدات لەپێناو مانەوەی ڕژێمەکەی ئەسەد ئەمەش خزمەت بەبەرژەوەندیەکانی ئێران دەکات لەسوریا چونکە دواجار سوریایەک دەمێنێتەوە دەستەمۆی سیاسەتەکانی ئێرانەو چۆنی بوێت وا ڕامی دەکات. 

ڕووسیاش ئامانجیەتی سوریایەکی بەهێز لەناوچەکەدا هەبێت و ئامادەی بەرگری زیاترە بۆمانەوەی ڕژێمی سوریا و بەشەرئەسەد،هاوکات مانەوی هێزەکانی ڕووسیا لەسوریا لێدانە لەبەرژەوەندیەکانی ڕۆژئاوا لەناوچەکەدا، جگەلەوەش هیچ بەرژەوەندیەکی لەگەڵ کورد و دۆزەکەیدا نیە لاوازبوون و کەوتنی کوردیشی لەڕووی پێگەوهێزەوە بەلاوە ئاساییە و مێژوو سەلماندویەتی رووسیا لە هەرسەردەمێکدا پشتی کوردی گرتبێت دواجار بەڕووخان و لەناوچونی داوە.

هەریەک لەهێزەکانی هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمریکاو بەریتانیا و فەرەنسا ئامانجی یەکەمیان پاراستنی ئیسرائیلە لەمەترسی و هەژموونی ئێران و لایەنگرەکانی چونکە ترسی ڕۆژئاوا تەنیا بوون و ئامادەیی ئێرانە لەسوریا، ئامانجی دووەمیان پاراستنی پێگەوبەرژەوەندی خۆیانە لەناو پێگەی سیاسی سوریادا،بەهێزبوونی پێگەی ئێران لەسوریادا بەشێوەیەک لەشێوەکان ئێران دەکاتە خاوەن بڕیاری سیاسی لەسوریادا بەمەش مەترسی زیاتر لەسەر ئاسایشی ئیسرائل دروست دەکات و ئەوکاتیش ئێران نەک تەنیا وەک دەوڵەتێک بەڵکو وەک(قاڕەیەک) لەبەرامبەر ئیسرائیل و ڕۆژئاوا دەوەستێت و هەژموونی سیاسی و سەربازی خۆی لەهاوکێشەکەدا دەسەپێنێت، بەمەش ئێران سەرکەوتوو دەبێت، هەرهێزێکێش لەسوریادا براوەبوو کلیلی هاوکێشەکەی لەبەرژەوەندی خۆی لەدەستتدا دەبێت،لەمەشدا شەڕەکە شەڕی بەدەستهێنان و پاراستنی بەرژەوەندی و هەژموونە لەناو هاوکێشەی سیاسی و سەربازیەکەی لەسوریادا، لەم هەوڵەی ئێرانیشدا بوون و مانەوەی کورد هیچ گرنگیەکی ئەوتۆی نیەو بگرە لەگەڵ نەمانی هێزەکوردیەکان و گەڕانەوەی سوپای سوریادایە بۆ ناوچەکانی پێشوتری بەڵام تاڕادەیەک پێی خۆشە پەکەکە لەقەندیل هەبن دژ بەتورکیا چالاکی سیاسی بکات.

دواجار ئەوەی گرنگە تیشک بخرێتەسەری و هەڵوەستەی لەسەربکرێت کورد و دۆزەکەیەتی لەهاوکێشەی سیاسی و سەربازی و فرە هەژموونی و فرەخاوەنی سوریادا، لەم هاوکێشەیەدا کورد تەنها سەودای پێوەدەکرێت و ئەنجامێکی دیارو ئەوتۆی دەستناکەوێت و دۆزەکەشی دەبێت بەقوربانی چاوچنۆکی زلهێزە بەرژەوەندی خوازەکان لەناو هاوکێشەکەدا، واتە کورد لەدەرەوەی هاوکێشەکەدایە و تەنها وەک هێزێکی شەڕکەری ئازا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکان بەکاردەهێنرێت بێ ئەوەی هیچ خاڵێکی ئەوتۆی دەستکەوێت، کەواتە دۆڕاوی سەرەکەی لەهاوکێشەی سوریاو ململانێی زلهێزە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیەکاندا تەنها کورد و هێزە کوردیەکانە،ئەمەش ڕێک دێتەوە لەگەڵ بۆچونەکەی لازاریف کەدەڵێت:(دۆزی کورد لەدراوێک دەچێت بۆئاڵوگۆڕ دەشێت) خولاسەی قسە، ئێمەی کورد لەسوریا دراوێکین لەهاوکێشەکەدا بەئاسانی بۆ خزمەتی هەموولایەک بەکاردەهێنرێین و تەنها وەک شەڕکەرێکی ئازا بەکارمان دێنن و سەیردەکرێین، کورد لەدەرەوەی هاوکێشەکەدا وەک هێزێکی شەڕکەری ئازا بەڵام دۆڕاو دەبێت بەقوربانی و بەبێ هیچ دەستکەوتێک دەبێتە هێزی دۆڕاوی سوریا،تەنانەت بەناچاریش بێت هێزە کوردیەکان ئامادەن لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیادا هێزە دوژمن و چەوسێنەرەکەی بەشار ئەسەد بگەڕێتەوە ناوچەکانی پێشوتریان و تەواوی ناوچەکەیان تەسلیم بکەنەوەو دواجاریش سوپای سوریا هەیمەنەی سەربازی و عەسکەرتاریەتی خۆی دەسەپێنێتەوە و هێزە کوردیەکان،پەندێکی کوردی هەیە دەڵێت: ( دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە)بەڵام لەو سەودایەدا ئەمە بۆکورد سودی نابێت و لەم هەوڵەناچاریەشدا دەستکەوتێکی ئەوتۆیان دەستناکەوێت،چونکە دوژمن هەر دوژمنەو ئەمە بەشێوەیەک لەشێوەکان پیلانی تورکیاو سوریایە بۆ گەڕانەوەی ڕژێمی ئەسەد بۆناچەکانی خۆیان.

مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە کورد وەک نەتەوە و کوردستانیش وەک خاک لەسەرەتای سەدەی شازدەهەمەوە تا ئێستا قوربانی یەکەمی سەوداکان و ململانێ و هاوکێشە سیاسی و سەربازیيەکانە لەناوچەکەداو ئەمجارەش کوردی سوریا بەئامانج ناگات و دەکرێت بەقوربانی شەڕ و ململانێکانی هاوکێشە سیاسیەکانی سوریا.

303 جار خوێندراوەتەوە