وەسێتەکەی (سێوان) جێبەجێ بکەن

لەوانەیە ئەم هەرێمە تاکە شوێن بێت لەم جیهانە کە تێیدا "تاوان" و روداوەکانی کوشتن وەک روداوێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و دواى روداوەکان و بڵاوبونەوەى لە میدیادا کپ دەبنەوە، تیرۆکردنى رۆژنامەنوسان و کوشتنى ژنان و کوشتنى کەسێک لەسەر فول لایت و دەیان نمونەى دیکەى زیندو شایەتى ئەو راستییەن.

دواین رووداو چیرۆکی تراژیدی مەرگی سێوان تەمەن (22) ساڵ و سێ منداڵەکەیەتى، کە رۆژی دووشەممە (24/12/2018) دوای زیاتر لە هەفتەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە، سێوان گەڕایەوە لای منداڵەکانی.

 

بنەماڵەی سێوان جەخت دەکەنەوە، کە کچەکەیان لەگەڵ منداڵەکانی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە سوتێندراوە


تراژیدى و بە سوێیى رووداوەکە بەتایبەت دواى بڵاوبونەوەى وێنە و ڤیدیۆى سێوان پێش گیانلەدەستدانى وایکرد قسە و باس زۆر بکرێت لەسەر رووداوەکە، پۆلیس و دادگا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن، کە ئەو رووداوە ئاسایی نەبوە، بنەماڵەی سێوان جەخت دەکەنەوە، کە کچەکەیان لەگەڵ منداڵەکانی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە سوتێندراوە، هەرچەندە بنەماڵەی هاوسەرەکەی سێوان داوا دەکەن پەلە نەکرێت تا دادگا کەیسەکە یەکلایی دەکاتەوە.

وەک خێزانەکەی سێوان باسیان کردوە، پێشتر کێشەی کۆمەڵایەتییان هەبووە، سەرچاوەی کێشەکان زۆرن، لەوانەش خێزان و بنەماڵەکان، کۆمەڵگە و دەستوەردانی کەسانی دیکە لە ژیانی تایبەتی کەسەکان.

ئەوەی تێبینی دەکرێت سێوان و هاوسەرەکەی لە تەمەنێکی لاویدا هاوسەرگیریان کردوە، واتە "پێش تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیرى"، نەبوونی هۆشیاری و ترس لە تانە و تەشەری کۆمەڵگە وایکردوە کێشەکان کەڵەکە بن، ئەوە سەرباری بونی کاریگەری راستەوخۆی سوڵح و سوڵحکاری "دیوەخانەکان" لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا.

رووداوەکە تا رادەیەکی زۆر دەنگدانەوەی لە نێو سۆشیال میدیادا هەبوو، بەڵام رای گشتی لەسەر رووداوەکە دروست نەبو، ئەوەی دەبینرێت تەنها هەوڵی تاکە تاکەی رێکخراو و سەندیکاکانە، ئەم رووداوە لە هەر وڵاتێکی دیکەی دونیا بوایە، دەنگدانەوە و کاردانەوەی زۆری ئەبو، زۆر دوور نەکەوینەوە؛ ساڵی (2015) رووداوی سوتاندنی ژنێک و سێ منداڵى لەلایەن باوکێکەوە لە وڵاتی ئوردن کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا.

لەو رووداوە جەرگبڕەی چەمچەماڵیشدا دەبوو لە بەرزترین ئاستى دەسەڵاتەوە وەڵامدانەوە و بەدواداچون هەبوایە بۆ کەیسەکە، دەبو رووداوێکی لەم شێوەیە بە سانایی و وەک بابەتێکی میدیایی تێپەڕنەبوایە و لە هەموو شار و شارۆچکەکان ماتەم رابگەیەندرایە، رێپێوان و فشار بکرایە، تا ئەوکاتی راستی و دروستی رووداوەکە یەکلا بێتەوە، ئەگەر ئەوەی روویداوە "تاوانە"، دەبێت بکەرانی توندترین سزا بدرێن، ئەرکی هەموو لایەنێک و رێکخراوەکانە هەوڵ بدەن یاساکان توندتر بکرێت، سازش لە مافی گشتی نەکەن، تاوانبار ئازاد نەکرێ، سنورێک بۆ سوڵح و سوڵحکاری دابنرێت، شکۆ بۆ یاسا بگەڕێتەوە و یاسا دادوەر بێت بۆ ئەوەی مافی کەس نەفەوتێت.


سێوان پێش مەرگی دەپاڕایەوە لەوەی کەیسەکەی دانەخرێت، بەڵێ دەبێت وەسێتەکەی سێوان جێبەجێ بکرێت


سێوان قوربانی دەستی ستەم و زوڵمی خێزان و کۆمەڵگە بوو، پێش مەرگی دەپاڕایەوە لەوەی کەیسەکەی دانەخرێت، بەڵێ دەبێت وەسێتەکەی سێوان جێبەجێ بکرێت و کەیسەکە دانەخرێت، دەبێت یاسا سەروەر بێت تاوەکو لانى کەم رۆحی سێوان و منداڵەکانى، لەو دونیا ئارام بن.

کەیسەکەى سێوان برینێکى بەسوێیە، بەڵام تەنها خەفەت خواردن و هاوسۆزى بەس نییە، دوبارەنەبونەوەى ئەو روداوانە و سڵ کردنەوە لە یاسا کۆدەنگى و هەڵوێستى دەوێت.

10503 جار خوێندراوەتەوە