بۆچی بایکۆت ئەکەین؟

بەکورتی، کورد وتەنی:
لەبێ کەسییا تۆم کردووە وەکەس
نەوەکەس دەرچووی نەوە نیوە کەس

بایکۆت، دەنگنەدان و بەشداری نەکردن یاخود سوتاندنی دەنگ واتە هیچ یەکێک لەو هێزو کاندیدانە جێی متمانەی من نین لەبەرئەوەی کاری پەرلەمانتاری و کاری حیزبایەتی ناشیرین بووەو بچوککراوەتەوە لەبەرژەوەندی حیزبی وشەخسی کەسەکان و جێبەجێکردنی ئەجێندای وڵاتان و حیزبەگەورەکان، پەرلەمانتار پێگەیەکی بەرزەو جێپەنجەلەحوکمی وڵاتدا جێئەهێڵێ و چاودێری حوکمی وڵات دەکات بەڵام ئەم کارە سوککراوەو بچوککراوەتەوە لەبۆڵەبۆڵ و بەخشینەوەی زانیاری هاوتای پەیامنێری ڕۆژنامەو تەنانەت هاوتای هەرتاکێک کەلەسۆشیال میدیادا قسەئەکات.
بۆیە بایکۆت یاخود دەنگ سوتاندن گوتنی نەخێرە بەدەنگی بەرز بۆ نەک تێکڕای حیزبەکان بەتەنیا بەڵکو بۆ ئەو کەشوهەوا ناشیرین و سوککراوەی دروستکراوەو پەرلەمانتار خۆی ناشیرین و بچوککردۆتەوەو پێگەوکاریگەری نەماوە.
حیزبەکان ئەوەنەی پێیان ناخۆشە خەڵک بایکۆت بکات یاخود دەنگەکەی بسوتێنێ ئەبوایە چەن ساڵەخەمێکیان لەو توڕەهاتەی دروستیان کردووە بخواردایە، تۆی بەڕێز هاتووی بەرنامەیەکت هێناوە بەکەیفی خۆت و ئەتەوێ هەربەزۆر خەڵک بێن و لەگەڵ بەرنامەکەی تۆ ڕابێن و بێنەسەر بەرنامەکەی تۆ؟ ئەمە کوێی حیزبایەتی و دیموکراسی و سیاسەتکردنە؟
یان حیزبێکت لەسەر پەت وبەرژەوەندی حیزبەکانی دەسەڵت دروستکردووەو خەمی وڵاتانی دراوسێیشت لەپرۆگرامی حیزبەکەتا خواردووەو ئەوەی مەبەست نیەو جێی نابێتەوە لات خەمی خەڵکەو قیبلەتان لەگیرفانتانایە تەبعەن خەڵک دەنگت پێنادەن و بایکۆتت ئەکەن.
کاتێ ئێوە بەوشەیەک باسی بەبنەماڵەکردنی دەسەاات و حیزب ناکەن،
کاتێک ئێوە بازاڕ بۆ پرۆژەکانی دەسەڵات گەرم ئەکەن و لەڕووی سایکۆلۆجییەوە خەڵکی بۆ ڕائەهێنن و خۆشتان پێ ئپۆزسێونی عەیارە بیست وچوارە، دەی خەڵک دونیای بینیوەو دزو درۆزنی زۆردەم پێش ئێوە بینیوە وائەزانی ئێوە دەتوانن بیخەڵەتێنن؟
خەڵک لەپەنجاوهەشت ئاغاواتی ڕەدکردەوە، ئێوە ئێستا هەمووتان یان حیزبی ئاغاواتن یان حیزبی سێبەری ئاغان یان وەکو ئاغا ڕەوت ئەکەن، ئێوە شێخی تەریقەتتان لای خەڵکی کوردەواری کردبوو بەدێو هەتا خۆتان ڕێکخست، ئێستا یەکی بەناو شێخێکتان بۆ خۆتان داتاشیوەو چاوەڕێن خەڵک بتانخاتە پێشی خۆیەوەو ئەشهەدوتان بۆ بکات؟
ئێوە شەست ساڵە خەڵک لەپەنجاوهەشتەوە شیعرەبەناوبانگەکەی دژبەئاغا دەوت من حورمەتەن بۆ ئێوەی بەڕێز ناینوسم کەچی ئێستا هەموو خەڵکتان کردووە بەڕەعیەت و خێروبێری ئەم وڵاتەتان دادۆشیوە، سەد ڕەحمەت لەکفن دز.
بەوشێوەیەش هێشتا ئەوانەتان کەهەرلەدوای حیزبەدەسەڵاتتدارەکانەوە حەنکەحەنکتانە یەژی سکڵ لەدەمتانایە بەرامبەر بە خەڵک و تەخوینی ئەکەن!، یەکێ بەناوی هەڵەی ئەخلاقی، یەکێ بەناوی خزمەتکردنی دەسەڵات و ئەویتری بەناوی خوداو قورئان و...هتد.
گۆڕان نمونەیەکی نزیکی حیزبایەتییەو دەنگدەرەکانی سزایەکی جوانیانداو بیست وپێنج کورسییان پێ سفرکردەوە، ئێوە ئەوانەتان کەپێش گۆڕان حیزب بوون کەهەروەکو پێش دروستبوونی گۆڕان مامەڵەلەگەڵ خەڵکی ئەم وڵاتەدا ئەکەن وەئەوانەتان کەلەبەشی دیوە ناشیرینەکەی گۆڕانەوە هاتوون و هەمان گۆرانی گۆڕان زۆربەناشیرینی و ناخۆشی بۆ خەڵک یەژنەوە هێشتان دەرستان لەگۆڕان وەرنەگرتووە کەچی چاوەڕێن خەڵک بەگوڵ پێشوازیتان لێبکات؟!
نەخێر، دەنگێکی زوڵاڵەو ڤیتامینێکی بەهێزە بۆئەم سیستەمە داڕزاوەی کەبەرهەمی سی وچوارساڵی حوکمڕانی کوردی و حیزبەبەناو ناڕازییەکانیەتی.
حیزبایەتی و لایەنگیریکردن لەسیاسەتا دڵداریکردن نیە، هاندەری یانەو هەڵبژاردە یان یاریزانێک نیە هەتا خۆشەویستی و هەڵوێستت بەرامبەری نەگۆڕێ، کێ خزمەت و ئازادی پێیە 
سەرمان بۆی لەڕێیە بەڵام ئێوە دەنگی دەهۆڵن لەودوور دێیە.

189 جار خوێندراوەتەوە