چوار ساڵی داھاتوو چۆن دەبێت..!


لە ھەڵبژاردنی ٣٠ ی ئەیلول پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەی پێی کرا کردی ھەر چۆنێک بێت ئامانجەکانی خۆی بەدەست ھێنا و توانی پڕۆسەکە وەک یارییەک کۆتای پێ بێنێت بەوەی ٤٥  کورسی بۆخۆی دیاری بکات ئەمەش تەنھا یەک ئامانجی سەرەکی ھەبوو کە بریتی بوو لە داگیرکردنی پەرلەمانی کوردستان لە ڕووی شكڵییەوە ئەگەر نا پارتی ھەرگیز باوەڕی بە پڕۆسەی پەرلەمانی و دیموکراسی نەبووە و ھیچ کات ڕێزی لە عورفی دەوڵەت داری و یاسا نەگرتووە وە ھەر کاتێک ویستبێتی  کۆی ھەیکەلی حوکمڕانی لەبەرژەوەندی خۆی بەکار ھێناوە و وەک داشی دامە یاری بە گشت دامەزراوە شەرعی و نیشتیمانیەکان کردووە .

ئاشکرایە پارتی لەبەرامبەر لاوازی و پەرتەوازەیی ھێزە نەیارە و ڕکابەرەکانیدا توانیویەتی تەزویری گەورە بکات و ببێت بە ھێزی یەکەم و سو ئیسفادە لە بێ گوتاری و لێکترازانی حیزبەکانی تر ببینێت و خۆی بکات بە خاوەنی بڕیار .

بە مێژووی پارتی ھەر کات توانیبێتی دەست بەسەر ھەر شتێکدا بگرێت ئەوە بە دڵنیاییەوە چارەنوسی بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار بردووە و لەکۆتاییشدا بە قازانجی بنەماڵەی بارزانی و زەرەری خەڵکی کوردستان شکاندویەتیەوە ...

لە ئێستادا پارتی دوور لە ھەر عورفێکی سیاسی و دەوڵەت داری بە ئاماژەی ھەرەشە ئامێز و داگیرکاردنی حکومەت و پەرلەمانی داھاتوو لێدوان دەدات و دەیەوێت بەحت بە ئەجێنداو ویستی تاک ڕەوانەی خۆی کۆی پرۆسەی خولی داھاتوو بەڕێوە بچێت ،

بەجۆرێک لە ھەیکەلیەتی سەرۆکایەتی حکومەت گشت پۆستە ھەستیار و باڵاکان و زۆرینەی وەزارەتە سیادی و گرنگەکان بۆخۆی بێت و لەم ڕێگایەوە ھەرچۆنێکی بوێت سیاسەت و ستراتیجی حکومەتی داھاتوو دیاری بکات و کۆی دەسەڵات و بڕیاری سیاسی و داراییو و ئابوری و ئاشایش و پێشمەرگە و پەیوەندیەکان و وزە لە ئێستا زیاتر قۆرخ بکات و بڕیاری کۆتایی لای خۆی بێت .

ئەم قسەیە بۆ پەرلەمانی داھاتووش بە دوو ئامانج ڕاستە :

یەکەم ، پارتی دەیەوێت کۆی پڕۆسێسی پەرلەمانی و یاسادانان و چاودێری کردن ئیحتیوا بکات و ھەر یاسایەک لە بەرژەوەندی جۆی  بێت ئەوە پەسەند بکرێت وە ھەر جۆرە ھەنگاوێکی پەرلەمانی لەبەرژەوەندی خۆیدا و لە بازنەی خۆیدا بمێنێتەوە .

واتە پارتی بە ڕێکاری یاسایی  و پەرلەمانی دەیەوێت ئەجێندای خۆی بەسەر کۆی خەڵکی کوردستان و ھێزو لایەنە سیاسیەکاندا فەرز بکات بە دڵنیایەوە ئەم ھەنگاوەی پارتی بە ھاوکاری کۆتا و حیزبۆکەکانی دەوری کە پەنجا کۆ یەکی پەرلەمانی تەواو دەکەن و بۆ ھەر کارێک بیەوێت بە ئاسانی نیسابی یاسایی بۆ تەواو دەکات .

دووەم : پارتی دەیەوەێت نەفەسی دیموکراسی و خەباتی پەرلەمانی لە چوار ساڵی داھاتوودا بخنكێنێت و چیتر ھیچ لایەنەێک پشت بە پەرلەمان نەبەستێت و پەرلەمان نەکەن بە جوگرافیای بەرگری کردن و ناوەندی گۆڕانکاری.
 
ھەروەھا داگیرکردنی پەرلەمان و دەسەڵاتی پەرلەمانی و تەحجیمکردنی پەرلەمانتاران بە جۆرێک گەر بێت و ھەر پەرلەمانتارێک دژایەتی پارتی بکات بە ئاسانی سزا بدرێت و لە بە ڕێکاری یاسایی  مافی ئەندام بوونی لێ بسەندرێتەوە و پارێز بەندی لەسەر لا ببرێت و ھەر جۆرێکی تر لە سزادان بیەوێت بیسەپێنێت بەسەر پەرلەمان و فراکسیۆنە ڕکابەرەکانیدا ، بە ڕێچکەی یاسایی و ھیچ کەسیش نەتوانێت تانەی لێ بدات چونکە پارتی نیوە کۆ یەکی مسۆگەر کردووە و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیش ھاوکاری دەبێی .

لەئێستادا زۆر پێویستە ھەڵوێستێکی جدیی نیشتیمانی لەلایەن حیزبەکانی دەرەوی پارتی دروست ببێت و  کار و گوتاری سیاسی یەک بخەن تا بتوانن ڕێ بەم قۆرخ کاریەی پارتی بگرن وەگەر نا بە دڵنیایەوە لە چوار ساڵی داھاتوو دا کۆی پرۆسەی حکومەتی و پەرلەمانی دەبێەتە کاڵایەک بەدەستی پارتیەوە و ھەرچۆنێکی بوێت بەو شێوەیە ئاڕاستەی دەکات.

170 جار خوێندراوەتەوە