ماندێلاش لە لیستی تیرۆری ئەمەریكادا بو!


ئایا دەزانن (نیلسۆن ماندێلا) پاڵەوانی روبەڕونەوەی رەگەزپەرستی لە لیستی تیرۆری ئەمەریكادا بو، تەنانەت خەبات و قوربانیدانی ئەو زاتە و (27)ساڵی زیندانی لەپێناو ئازادی و بنەبڕكردنی رەگەزپەرستی نەبوە بەهانەیەك بۆ ئەمەریكا تا لەو لیستەدا دەریبهێنێت، ئەو ساتەی (نیلسۆن ماندێلا) لە زیندان هاتە دەرەوەو وەك سمبولی ئازادی و بنەبڕكردنی رەگەزپەرستی لەسەرتاسەری جیهاندا ناسێنراو لەساڵی (1994) دا بوە یەكەمین سەرۆكی رەشپێست لە مێژوی باشوری ئەفریقادا، هێشتا ئەمەریكا ئامادە نەبو لە لیستی تیرۆرەكەیدا دەریبهێنێ، خۆشی و حزبەكەشی كە (كۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقی) بو، تا ساڵی (2008) وەك تیرۆریست مانەوە، تا دواجار لە ڕۆژی (28)ی تەموزی ساڵی (2008) بەبڕیارێكی كۆنگرێسی ئەمەریكاو واژۆی (جۆرج بوشی كوڕ) كە ئەوكات سەرۆكی ئەمەریكا بو، ناوی ماندێلا لە لیستەكەدا دەرهێنرا، واتە 5 ساڵ بەر لە مەرگی ماندێلا ئەمەریكا ئەو هەنگاوەی نا!

باشە پرسیارەكە ئەوەیە، بۆ ئەو هەمو ساڵە ماندێلا لە لیستی تیرۆری ئەمەریكادا مایەوە؟ باشە ئەمەریكا سۆز و خۆشەویستی و پاڵپشتی خەڵكی لە سەرانسەری جیهاندا بە ئەمەریكاشەوە، بۆ ماندێلا نەئەدی؟ بەرجەستەبونی فەلسەفەكەی ماندێلای لەنێو رێكخراو و گروپە مرۆڤدۆستییەكانی دونیادا بەس نەبو  تا ئەمەریكا ئەم هەنگاوە بنێ؟ ئەی باشە مەترسی ماندێلا بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لەچیدا بو؟ ....؟

ساڵانێكی زۆر چاودێرانی سیاسەتی ئەمەریكا بە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەوە سەرقاڵ بون و بەم هەڵوێستەی واشنتن سەراسیمە بون، بەڵام دواجار خوێندنەوەی زۆربەی زۆیان بۆ مانەوەی ماندێلا لە لیستی تیرۆری ئەمەریكادا، كۆمەڵێك ئیعتیباراتی سیاسی بو نەك شتێكی دی.

سەرباری ئەوەی ساڵانێكە پەكەكەو سەركردەكانی لە لیستی تیرۆری ئەمەریكادا جێكراون، بەڵام ئەمەریكا لەهەندێك وێستگەدا دژ و لەهەندێك وێستگەشدا بێدەنگ و تەبا بوە لەگەڵ جوڵەكانی پەكەكەدا، واتە ئەمەریكا بەپێی دۆخ و زەمان و هەڵسەنگاندنی بەرژەوەندییەكانی خۆی مامەڵەی كردوە نەك لیستی تیرۆر، هەروەك وەك چۆن لەسەرتاسەری جیهاندا مامەڵە ئەكات، ئەگەر گرتنی (عەبدوڵا ئۆجەلان) بە لوتكەی دژایەتی ئەمەریكا بۆ پەكەكە بێتە ئەژمار، ئەوا بێدەنگی و ئاسانكاری ئەمەریكاش بۆ جوڵەی هێزەكانی پەكەكە لە كوردستانی عێراق و سەرپێخستنی ئەزمونی حكومڕانی رۆژئاوای كوردستان (نزیك لە پەكەكە) بە لوتكەی هەماهەنگی و ئاسانكاری ئەمەریكا بۆ پەكەكە دێتە ئەژمار، تەنانەت پەیوەندییەكانی لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان لە ئاستێكدایە، ئامادەیە بەشێوەیەكی مەیدانی پارێزگاری لە ئەزمونی سیاسی و ئیداری رۆژئاوای كوردستان بكات كە بەرجەستەی فەلسەفەی (عەبدوڵا ئۆجەلان) دەكات. بە وردبونەوەی زیاتر لە رابردو، بۆمان دەردەكەوێت ئەمەریكا لەچەندین وێستگەی جیاوازدا هەماهەنگی و لێكتێگەیشتنی لەگەڵ پەكەكەو سەركردەكانیدا هەبوەو توركیاش چەندینجار بەڵگەی لەسەر ئەو پەیوەنییانە بڵاوكردۆتەوەو هەڕەشەی كردوە!

دانانی نرخی (12) ملیۆن دۆلار لەسەر هەرسێ سەركردەی پەكەكە (جەمیل بایك و موراد قەرەیلان و دۆران كاڵكان)، تاڕادەیەك ئاستێكی بەرزترە لە پۆلێنكردنێكی ئاساییانە لە لیستەكەدا، بەڵام هێشتا مەرج نییە هەنگاوی كردارەكی بەدوادا بێ و ئەمەریكا جدی بێت لەو بڕیارەدا، رەنگە هەندێك ئیعتیباراتی سیاسی نوێ پاڵی بە ئەمەریكاوە نابێ نەك خواستێكی راستەقینە بۆ قۆڵبەستكردنی ئەو سێ سەركردەیە، پێدەچێت نرخ دانان لەسەریان كارتێك بێت بۆ كێشكردنی زیاتری نەیارەكانی نەك كەمكردنەوەی مەترسی لەسەر ئاساییشی نەتەوەیی خۆی، بەتایبەت لە دۆخی شێواوی سیاسی و سەربازی ئەمڕۆی ناوچەكەو، گەمارۆو فشارە زۆرەكانی بۆ سەر ئێران.

بەڕای من، مەترسییەكە بەو شێوەیە نییە كە هەندێك وێنای ئەكەن، گوایە بەم نزیكانە ئەمەریكا (جەمیل بایك و موراد قەرەیلان و دۆران كاڵكان) قۆڵبەست ئەكات و رەوانەی سجنی گوانتانامۆ یاخود تەسلیم بە توركیایان ئەكاتەوە، بەڕای من ئەو دۆخەی گەلەكۆمەكێكەی سەر (عەبدوڵا ئۆجەلانی) تێدا ئەنجامدرا، جیاوازە لەم دۆخەی ئێستا، هاوكێشە سیاسییەكان گۆڕاون و پێویستیان بە خوێندنەوەی نوێ هەیە، ئەوەشمان بیرنەچێت، هەرچی خرایە لیستی تیرۆری ئەمەریكاوە مانای وانییە ئەمەریكا پەیوەندی لەگەڵ ناكاو لە دەرفەت دەگەڕێ بۆ قۆڵبەستكردن و زیانپێگەیاندنیان، یەكێتی و پارتی دو نمونەی دیاری ئەم حەقیقەتەن، ئەو دو حیزبە ساڵانێكی زۆرە لە لیستی تیرۆری ئەمەریكادان، كەچی حكومەتەكەی واشنتۆن بەدرێژایی ساڵانی رابردو باشترین پەیوەندی لەگەڵیاندا هەبوەو ئامادەیە گەورەترین باڵیۆزخانەی خۆی لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە هەولێر بكاتەوەو هاوكاری دارایی پێشمەرگەش ئەكات كە بەهێزێكی فەرمی و نیشتمانیشی دانانێت.

بەڕای من، ئەم پۆلێنبەندییە نوێیەی ئەمەریكا بۆ لیستی تیرۆر، تەنها لەسەر پەڕە دەمێنێتەوەو ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، تەنها سەوداو مامەڵەیەكی سیاسی نوێیە لەگەڵ توركیا بۆ پاراستنی بەرژوەندییەكانی خۆی لە ناوچەكەدا، بۆ خێراتركردنی فشارو گەمارۆكانییەتی لەسەر ئێران نەك شتێكی دی. دوریش نییە رۆژێك بێت، ئەمەریكا ناوی (عەبدوڵا ئۆجەلان و هاوڕێكانی و پەكەكەش) لەلیستی تیرۆردا دەربكات، هاوشێوەی ئەوەی بەرامبەر بە (نیلسۆن ماندێلا و حیزبی كۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقی) ئەنجامیدا!

91 جار خوێندراوەتەوە