کە دەنگت دا، ٢٧ ساڵ تاوانکاریی لەبیرنەکەی

نمونەیەک لە ئەمریکاوە
کە دەنگت دا، ٢٧ ساڵ تاوانکاریی لەبیرنەکەی
كه‌مال چۆمانی

برێت کاڤەنۆ -٥٣ ساڵ-، پاڵێوراوە بۆ دادگای باڵای ئەمریکا، واتا یەکێک لە دەستەڵاتدارترین کەسەکانی ئەو وڵاتە. بەڵام لە ناوەڕاستی ئەیلول، هاوڕێیەکی سەردەمی خوێندنی ئامادەیی کاڤەنۆ رایگەیاند کە کاڤەنۆ دەستدرێژیی کردۆتە سەر و هەوڵیداوە بەزۆر-سێکسی لەگەڵ بکات. چ کاتێک؟ ئەوکاتەی کاڤەنۆ تەمەنی ١٧ ساڵ بوە و ئەو ژنەش تەمەنی ١٥ ساڵ بوە. تەمەنی هەردولایان لوتکەی هەرزەکارییە.

ئێستا یەکێکە لە گەورەترین پرسەکانی ئەو وڵاتە. کاڤەنۆ ئەگەری هەیە رێیپێنەدرێ ئەو پۆستە وەربگرێ. دواجار ئێفبیئاییش لێکۆڵینەوە لەو کەیسە دەکات. ئەوەی کەمێک ئاگاداری میدیای ئەمریکیی بێت، دەزانێت هەمو میدیا و کۆنگرێس و کۆشکی سپیی و خەڵکی ئەمریکا سەرقاڵی ئەو کەیسەن.

کاڤەنۆ تاوانێکی کردوە لە تەمەنێکدا کە تا رادەیەک رێیتێدەچێت هەرزەکارێک تاوانێکی وا بکات، بەتایبەت کاتێک سەرخۆشە.

تۆ سبەی دەنگدەدەی. بیرتنەچێت کەسانێت هەن ٢٧ ساڵە تاوان دەکەن، لە رابردوش هەر لە تاوان بون؛ تاوانی جەنگ، تاوانی ئەخلاقیی، تاوانی دزیی، تاوانی کوشتن، تاوانی بازرگانییکردن لەگەڵ داعش، تاوانی گەندەڵیی، تاوانی زەویی داگیرکردن، تاوانی فرۆشتنی بێخمە و تاڵانکردن، تاوانی نەوتدزیی و گاز دزیی و نیشتیمانفرۆشیی و خاکفرۆشیی، تاوانی ژنکوشتن و دەستدرێژییکردن، تاوانی کوشتنی زیندان و ئازاردانیان، بەکورتیی هەمو تاوانێکیان کردوە.

بیرتنەچێت، گەر دەتەوێت وڵات پێشبکەوێت وەک ئەمریکییەکان تاوانی ئەو کاتەشیان بێنەوە یادی خۆت کە لە خوار ١٨ ساڵ بون.

بە هیوای هەڵبژاردنێکی پاک و بێ تەزویر، بێ توندوتیژیی...

2331 جار خوێندراوەتەوە