بەنیشتیمانى كردنی هێزی پێشمەرگە

بەشی یەكەم:

هێزی نیشتیمان چییە..؟
بریتییە لە سوپای فەرمى وهێزی چەكداری وڵات، بەوە جیادەكرێتەوە لە هێزە ناڕەسمییەكان، ئەمانە دەرچوی مەشق و راهێنانی كۆلیژە سەربازی و فێرگە جەنگییەكانن. بەشێوەیەكی زانستی و سەربازییانەی سەردەم پێكهێنراون و رێكخراون و گۆش كراون بەخۆشەویستی و پاراستنی نیشتیمان.

ئەم هێزانە پابەند و ملكەچی نیزام و یاسا سەربازییە كارپێكراوەكانن. بە پێچەوانەی سوپا نانیزامی ونافەرمییەکانی وەك  میلیشیاو بەكرێ گیراوانی شەڕ وهێزە نیمچە سەربازی و خۆبەخش و فیدائیەكانن.

واتا سوپای فەرمى ووڵات بریتییە لەو سوپایەی كە بەشێوەیەكی رێكوپێك و زانستییانەمەشق و راهێنانی پێكراوەو پابەندی یاسا سەربازییە كارپێكراوەكانی ووڵاتە.

ئەركی هێزی نیشتیمانی پاراستنی ئەمن و ئاسایشی وڵات و پاراستنی سنورەكانی زەمینی و ئاسمانی و دەریاییەكانی ئەو ووڵات و هەرێمەیە كە لە پێناویدا درووست بووە، یان دورخستنەوەی مەترسییە دوژمنكارییەكانی سەر وڵاتەكەی و پارێزگاری كردنیەتی، لە هەندێ حاڵەتدا سوپا لە كارەساتە گەورە ناوخۆییەكانی ووڵاتەكەی دەستوەردان دەكات بۆ  بەرژەوەندی  گشتی .

گەلی كورد لە هەموو قۆناغەكانی مێژوو كەم تا زۆر هێزی چەكداری هەبو بۆ پارێزگاری لە خۆی و نیشتیمانەكەی، هەندێ جار و بەتایبەت لە شۆڕشەكانی ئەم دواییانە، ئەم هێزانە هێزی گەورەو پڕ چەك و تاڕادەیەكیش رێكخراو بون، بەڵام هیچ كات دەسەڵاتدارانی كورد نەیان توانیوە ئەم هێزانە بەشێوەیەكی سەربازییانەی سەردەم رێك بخەن و بیخەنە خزمەتی دۆزی رەوای نیشتمان و نەتەوەوە. زیاتر ئەم هێزانە لە دەستی حیزب و گروپ وخێڵ و عەشیرەتدا بوون، زیاتر بۆ شەڕی ناوخۆ و یەكلا كردنەوەی كێشە سەربازی و عەشائریەكان بەكار هێنراون .


 بەشی دووەم:

لە هەرێمی كوردستان  زیاتر لە 30 ساڵە  هێزی پێشمەرگە  بە حساب لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە رێكخراون، بەڵام لەسەر ئەرزی واقع ئەم هێزانە لەهێزی دوو حیزب زیاتر نین.

هەردو حیزب كە هۆكاری گەورەو سەرەكین بۆ مانەوەی  ئەم هێزانە بەم جۆرەی ئێستا، هەروەها هەنگاو نەنانیان بۆ ئەوەی ئەم هێزانە وەك هێزی نیشتیمان دەربكەون.

هەر ئەم دوو حیزبەشن ماوەی 30 ساڵە بانگەشەى ئەوە دەكەن  كە هێزەكان یەك دەخەنەوەو لە دەستی حیزبەكاندا دەری دەهێنین.

ساڵی 2009 بەڕێز بەرهەم کە ساڵح سەرۆكی حكومەت بوو، لە سەر جادەی سلێمانی تاسڵوجە، لەوحە كانی سەر لەبەر چاوی كەناڵەكانی راگەیاندن فڕێدایە خوارەوەكە نوسرابون (فەرماندەیی گشتی و مەڵبەندی رێكخستنی پێشمەرگە)، گوایا چی تر هێزی حیزب نامێنێ وهێزی پێشمەرگە دەبێ بەهێزی نیشتیمان.

لەم رۆژانەی رابورد بەڕێز سەرۆكی هەرێم لەكۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان داوای لە هەردوو حیزبی دەسەڵات كرد دەستی حیزب لە ناو پێشمەرگە  دوور بخەنەوە..و.. تاد.

جگە لەوەی چەندین جارو لەچەندین شوێنی جیاواز لە لایەن هێزی هاوپەیمانان و دۆستانی گەلەكەمان. لە ناوخۆی كوردستانیش چی لەلایەن  حیزبەكان یان رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی یان كەسایەتییە سیاسی و سەربازییەكان پڕۆژەو داواكاری پێشكەش كراوە و فشاری زۆر كراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی دڵخۆشكەر نیە.


بەش سێ یەم:

زۆر بە سادە و ساكار، ئەگەر هەردوو حیزب بەڕاستی نیەتی ئەوەیان هەبێ بۆ یەكگرتنی ئەم هێزانە و دوور خستنەوەی دەستی حیزب لە ناویدا،و ناساندنی وەك هێزێكی نیشتیمانی، چەند خاڵێكی زۆر سادە و ساكار هەیەكە دەبێ بەزووترین كات و هەر ئێستا هەنگاوی جدی بۆ بنێن و بەپەلە لە پارلەمان یاسایەكی بۆ دەربكەن :
- هەردوو هێزەكانى 70 و 80 و هەموو هێزەكانی تر لەژێر هەر ناوێكدابن بە زوترین كات بخرێنە ژێر فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگە.
- دەستوەرنەدان لەكێشە سیاسییەكانی ناوخۆ و تەحریم و تەجریمی شەڕی ناوخۆ.
- لابردنی هەموو لق و مەڵبەند و كۆمیتە و ناوچە و ناوەندە حیزبیەكان لە ناو هێزی پێشمەرگە ،لەجیاتی كادرانی حیزب مامۆستاو كادری هۆشیاری نیشتیمانی دابنرێت.
- دەستلەكار كێشانەوەی هەموو فەرماندە و ئەفسەران و قەدەغەكردنی كاری سیاسی لەناو هێزی پێشمەرگە بەیاسا.
- لابردنی دەست بەجێ ی بندیوارەكان.
- لابردنی تەسكیە بۆ وەرگرتن لە كۆلیژە سەربازیەكان وناوەندەكانی وەرگرتنی خۆبەخش.
- وەستاندنی دامەزراندن و لەجێ دانان لەناو پێشمەرگە و وەرگرتن بە موالید و بەشێوەی خۆبەخش یان ئیجباری.
- كردنەوەی ناوەندە كانی مەشق و ڕاهێنان.
فەرموون گەر دەتانەوێ پێشمەرگە یەكبخەن و بیكەن بە هێزی نیشتیمان لەم خاڵە سادەو ساكارانەوە دەست پێ بكە ن .

فەرمون كێ دەیەوێت كوردستان هێزێكی نیشتیمانی هەبێت، ئەوە ئەرز و ئەوە گەز.

كەسیش دەستی نەگرتوون.

286 جار خوێندراوەتەوە