ئەگەرەکانی دوای پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان

پێش هەمو شتیک ئەمەی رویدا رێککەوتنێکی سیاسی بو کە زۆر دەمێکە بەرنامەی بۆ داڕێژرابو لە نیوان سەدریەکان وەک براوەی یەکەم و سونەکان کە بۆ یەکەم جارە وەک پێکهاتەیەکی بەهیز و یەکگرتو دەرکەوتون وە بەشێک لە کورد کە پارتی دیمکراتی کوردستان سەرکردایەتی دەکات کە گەورەترین فراکسیۆنی کوردین.

 

سەرەتا ئەبێت ئەوە بزانین کە ئەمە سەرەتایەکی نوێیە لە شیوازی حوکومڕانی کە تا رادەیەک پێ دەچێت مەبدەئی توافق وەک عورفیکی سیاسی بەو شیوە تەقلیدیەی پێشو ئیتر لەمڕۆ بەدواوە کەمتر کاری پێ بکرێت بەڵکو مەبدەئی زۆرینەی هەڵبژاردن دەبیتە ناوەندی حوکمرانی کە ئەمە پێشهاتێکی نوێیە و تا رادەیەک رون نیە نامۆیە بۆ ئەمڕۆی پڕۆسەی سیاسی عێراق، بەڵام پێ ئەچێت لە ئایندەدا ببیتە داهێنانی نەریتیکی سیاسی ئەگەر بە شێوە سروشتیەکەی بڕوات بەڕێوە و لەبەرژەوەندی پێکهاتەکان تەواو بێت دور نیە جۆریک لە سەقامگیری سیاسی دروست بکات کە پێشتر بەدی نەکراوە چونکە بەم پڕۆسەیە قورسایی هەمو لایەنیکی وەک خۆی دەرخست وە عێراقی لە تەوافقی پێکهاتەکانەوە گواستەوە بۆ رێککەوتنی سەرکەوتوەکانی پێکهاتەکان نەک سەرجەم نەتەوە و تائیفە جیاوازەکان.

 

لە ڕوی پڕۆسەی دیموکراسیەوە ئەم هەنگاوە سیستەمێکی تەندروستی پەرلەمانی پێکدێنێت کە لە حکومەتێکی زۆرینەی نیشتیمانی و ئۆپۆزیسیونێکی بەهێز پێکدێت کە دەبێتە چاودێر لەسەر کارەکانی حکومەت، کە لە کۆتاییدا دور نیە لە خزمەتی مافەکانی خەڵک و بەرژەوەندی وڵات تەواو بێت، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە نابێتە جێگای نیگەرانی و رەخنەیەکی زۆر کە دەبێتە مایەی پێشهاتێکی ترسناک و هەڵوەشانی نێوخۆی پێکهاتەی شیعە و کورد بە تایبەتی کە هەردو پێکهاتەکە زەرەرمەند دەبن لە روی سەنگی سیاسیەوە بە دەستوەردانی دەرەکی زیاتر و قوڵبونەوەی کێشەکان و سەرهەڵدانی ئەگەرێکی ترسناک کە خۆی لە پێکدادان و شەڕی ناوخۆی نێو ماڵی شیعە و کورد دەبینێتەوە.

 

ماوەی چەند ساڵێکە نێو ماڵی شیعە جۆریک لە تێکچون و هەڵچونی بە خۆیەوە بینیوە تەنانەت زۆرینەی خەڵکی شیعە نیشینەکان ناڕازین لە حوکمی لایەنە شیعەکان وە ناڕازایەتیەکان گەشتونەتە لوتکە و لە ئاکامی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزاییەکانی شیعە هەڵبژاردنی پێشوەخت کرا، بەڵام پێ ئەچێت ئەم پێشهاتە نوێیە بە تەنیا بەس نەبێت و خەڵکی ناڕازی تێر نەکات، وە هەروەها لایەنەکانی شیعەی سەر بە ئێران گروپی چەکدارن وە خۆیان لە حەشدی شەعبیا دەبینەوە کە بە فەرمی ناسینراون لەلایەن پەرلەمانەوە وە ئەمانەش ببنە بەشێکی سەرەکی سەرهەڵدانی پێکدادان و تێکدانی ئەمن و ئاسایش ئەگەر جۆریک لە سازان و رازیکردن ئەنجام نەدرێت.

 

نێو ماڵی کورد چەند ساڵێکە دوچاری لێکترازن و نا ئومێدی و بێ متمانەییەکی زۆر بۆتەوە، ئەم هەنگاوە کێشەی نێوان یەکێتی و پارتی زیاتر قوڵدەکاتەوە و هاوسەنگی هێز لە هەرێم بەتەواوی لەق دەکات لە بەرژەوەندی پارتی، بۆیە یەکێتی لە بەردەم دوڕیانێکی زۆر سەختدایە، بڕیار بۆ یەکێتی زۆر قورس دەبیت کە چۆن مامەڵە بکات تا بتوانیت بەشێک لەو هاوسەنگی سیاسی و قورسایەی خۆی بپارێزێت. ئەوەمان بیر نەچێت کە هەڵکەوتەی یەکێتی ناتوانێت لە دەسەڵات بەدور بێت بۆیە هەر ئەبێت بگەڕێتەوە بۆ دانوستاندن جا بۆیە چەند ئەگەرێک دیتە پێشەوە بۆ یەکێتی کە رەنگە وەک جاران گۆڕەپانەکە بۆی فراوان نەبیت تا بتوانیت بە ئارەزوی خۆی مناوەرەی تێدا بکات.

 

ئەگەرێک هەیە هەرچەندە لاوازە، بەڵام چاودێرانی سیاسی باسی لێوە دەکەن وە ڕێی تێدەچێت راستی تێدا بێت، ئەویش ئەوەیە کە کشانەوەی یەکێتی بە رێککەوتن کرا بێت لەنێوان خۆی و پارتی بۆ ئەوەی هەمو هێلکەکانیان نەکەنە یەک سەبەتەوە لە ئەگەری سەرنەکەوتن وە هەروەها لێکتێگەشتنی نێوان پارتی و یەکێتی لە رەوشی یەکێتی و فشارەکانی ئێران لەسەری! کە قورسە بی گوێدانە ئەو لایەنە بتوانیت بڕیار بدات، بەڵام ئەگەر ئەمە تەنها بۆچون بێت و دوربیت لە واقیعەوە ئەوە یەکێتی دوچاری ئەم ئەگەرانە دەبێتەوە.

 

١- لە ئاکامی ژمارەی دەنگدانی ئەو سێ لایەنەی رێککەوتنەکە نزیکەی ٢/٣ دەنگی پەرلەمان پێک دەهێنن و هەر لایەنیک بیەوێت بەربژێری هەبێت بۆ هەر پۆستێک بێ رێکەوتن لەگەڵ ئەم کوتلە تازەیە مەحاڵە بتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بۆیە لێرەدا ئیشەکەی یەکێتی قورستر کردوە بۆ دانانی بەربژێری سەرۆک کۆمار، ئێستا لەهەمو کات زیاتر دەبێت لەگەڵ پارتی بسازێت بۆ کەسایەتیەک وە دەبێت رەزامەندی پارتی لەسەر بێت تا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت بۆیە چانسی دانانەوەی بەرهەم ساڵح زۆر تەسک بۆتەوە و دور نیە ببەستریتەوە بە پۆستی پاریزگاری کەرکوکەوە کە بەلای پارتیەوە گەمەیەکی براوەیە گەر ئەم دوو پۆستە بکاتە مەرج بەرامبەر یەکێتی.

 

٢- پێ دەچێت پارتی بەربژێری خۆی هەبێت بۆ سەرۆک کۆمار لەم حاڵەتەدا زۆر بەئاسانی دەتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و یەکێتی بکاتە دەرەوەی معادەلەکە، بەڵام بە بۆچونی من و بەشێکی زۆر لە چاودێرانی سیاسی پارتی لەم یاریە تازەیەدا دەیەویت هاوبەشێکی هەبێت کە هەر یەکێتیە بۆیە بەربژێری سەرۆک کۆمار لە یەکێتی دەبێت بەڵام بە رەزامەندی پارتی لەبەر کۆمەڵێک هۆکار کە گرنگی خۆی هەیە بۆ وەزعی پارتی لە هەرێم کە بێ هاوبەشی یەکێتی توشی سەر ئێشە و  پێکدادان و لێکترازانی راستەقینە دەبێتەوە وە پارتی لەم کاتەدا هاوبەشی یەکێتی پی گرنگە لە هەرێم بۆ بەردەوامبونی وەک حیزبی حاکم وە بە چارەنوسازی دەزانیت بۆیە ئەگەرێکی دورە بەڵام مەحاڵ نیە.

 

٣-  تەنها کارتی سیاسی بەهێز بەدەستی یەکێتی مابێتەوە کشانەوەیەتی لە حکومەتی هەریم و هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمان و داواکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەمەش بەسازان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی تر دەکرێت کە تا رادەیەک قورسە لەم رەوشەی ئەمڕۆی عێراق و کوردستان بەڵام ئەگەرێکە بۆ یەکێتی ئەگەر هیچ رێگەی بۆ نەمایەوە.

 

٤- ئەگەر هەیە ئەم پڕۆسەیە هەموی سەرنەگرێت و هەڵوەشێتەوە چونکە لایەنی تەنسیقی دوور نیە تانەی یاسایی لە هەموو خودی پڕۆسەکە بدەن وە هۆکاری یاساییان بەدەستەوە هەیە لە سەرکەوتنی ئەم هەوڵە و  لەم حاڵەتەدا پارتی پشکی زەرەری زۆرتر دەبێت و دوچاری جۆرێک لە شکست دەبێتەوە کە نەخوازرا و دەبێت بۆ پارتی و رەوشی مەسەلەکە هەموی قڵپ ئەبێتەوە، بەڵام لای زۆربەی چاودێران و واقعی ئەمڕۆی عێراق ئەمە تەنها فشارە لەلایەن لایەکەی تری شیعە بۆ دانوستان و بەدەستهێنانی پشکێک لە دەسەڵات بۆیە ئەگەرێکی تارادەیەک سەرنەکەوتووە و دورە لە واقیعەوە.

 

بۆیە چاوەروانی زیاتر لەم پڕۆسەیە ئەوەیە کە دانوستاندی زیاتر بەڕێوەیە و لایەنی تریش رازی دەبن بینە ناو ئەم رێککەوتنەوە بە یەکێتیشەوە، بەڵام هەموویان ناگرێتەوە دوور نیە دۆڕاوترین کەس و لایەن نوری مالکی بێت کە کۆتایی بە دواڕۆژی سیاسی بهێنرێت وە هەر لایەنێکی لەگەڵ بێت، دەبێت بە مەرجەکانی ئەو سێ لایەنەی رێککەوتن رازی بێت.

166 جار خوێندراوەتەوە