نامه‌یه‌كی كۆچه‌ر بیركار


ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یبینن، نوسینێكی زانای كورد و فه‌یله‌سوفی به‌ناوبانگی جیهان (كۆچه‌ر بیركار)ه‌ كه‌ 1-8-2018 خه‌ڵاتی فیڵدز-ی له‌بواری زانستی بیركاریدا وه‌رگرت و له‌ ته‌واوی میدیاكانی جیهان ده‌نگی دایه‌وه‌، ساڵی 2016 ئه‌م نوسینه‌ی له‌باره‌ی ژیانی خۆیه‌وه‌ نوسیوه‌ بۆ یه‌كێك له‌ میدیاكان، لێره‌دا ده‌قه‌كه‌ی بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌.

................................
وەکوو بەرکوڵێك کورتە ژیاننامەیەک ئەنووسم. لە ساڵی 1978 لە گوندی نێی سەر بە شاری مەریوان لە دایک بووم و خوێندنی بەر لە زانکۆم لە نێ و لە مەریوان تەواو کرد. هەر لەوێیش شەیدای جوانی بیرکاری بووم. دوایی چووم بۆ زانکۆی تاران و لیسانسی بیرکاریم خوێند. پاشان لە زانکۆی نۆتینگهامی بریتانیا دوکتورای بیرکاریم تەواو کرد. دوایی لە زانکۆی وارویک ماوەیە کارم کرد تا ساڵی 2006 گوێزامەوە بۆ زانکۆی کەمبریج و ئیسەیش هەر لەوێم. بە هەموو پلەکانی زانکۆدا سەرکەوتم تا بووم بە پڕۆفیسۆری تەواو.

بە گشتی مامۆستای زانکۆ سێ جۆر ئەرکی هەیە: لێکۆڵینەوە، وانە وتنەوە و ڕاپەڕاندنی کار و باری ئیداری زانکۆ. من خۆم زۆربەی هەرە زۆری کات خەریکی لێکۆڵینەوە و نووسین و بڵاو کردنەوەم لە گۆڤارەکانا.

پەروەردە کردنی خوێندکاری سەرەتایی ناڕەحەتترە لە خوێندکاری زانکۆ. بڕێ لە مامۆستاکان دڵڕەق بوون و هەموو ڕۆژێ شووڵکاری و دارکارییان ئەکردین
بۆ فێر بوونی تازەکانی دنیای بیرکاری و بۆ پێشکەش کردنی سێمینار ئەبێ بەشداری زۆرێ کۆڕ و کۆبوونەوە بکەم و سەردانی زۆرێ لە زانکۆکان و وڵاتان بکەم. تا ئیسە نزیکەی بیست وڵات گەڕاوم. ئەم وێنەیەش لە زانکۆی نەتەوەیی تایوان گیراوە (National Taiwan University).

چیرۆکی سەرکەوتن --
لەم زنجیرەدا هەوڵ ئەدەم کە باسی بڕێ لەو شتانە و کەسانە بکەم کە بوونەتە هۆی سەرکەوتنم یا بوونەتە ڕێگرم لە ژیانی خوێندەواریمدا.

لە مەریوان خوێندنگە و خوێندن بە شێوەی ئەم سەردەمە مێژوویەکی کۆنی نییە هەرچەن خوێندنی حوجرە لە زۆر کۆنەوە بووە. دوور بوونی شارەکە لە شارە گەورەکان لە لایەکەوە و کورد بوونی خەڵکەکەی لە لایەکی ترەوە بوونەتە هۆی ئەوەی کە دەوڵەتانی ئێران ئەو ناوچە پەرە پێ نەدەن.
یەکێ لە مامۆستا هەرە باشەکانم مامۆستای پۆلی پێنجم بوو بە ناوی کاک ڕەحمان کە خەڵک بە ڕەحمانی خاتوو مەلێعا ناویان ئەبرد. پیاوێکی زۆر هێمن و لە سەرخۆ بوو. هەموو ڕۆژێ دوای تەواو بوونی وانەکان داستان و حەکایەتی بۆ ئەگێڕاینەوە
چەن مانگ دوای لە دایک بوونم شۆڕشی ئێران ڕووی دا و زۆری پێ نەچوو کە شەڕی ئێران و ئێراق دەستی پێ کرد. شەڕێ کە پێوەندی بە کوردەوە نەبوو. شەڕی فارس و عەرەب بوو بەڵام ماڵی کورد بوو وێران ئەکرا. وڵاتەکەمان پەراوێز خرابوو و باری ئابووریی نالەبار بوو. خەڵکەکە هەر فریای فڕکەفڕک و کۆچکاری ئەکەوتن.

پێنج ساڵانە بووم کە لە دێی شێخەکوێرە پەنار بووین! باوکم جاروبار ئەیبردم بۆ خوێندنگە تا وردە وردە خووی پێ بگرم. خۆیشی لەگەڵمدا دائەنیشت لە پۆلەکە. لە شەس ساڵیدا بە ڕەسمی دەستم کرد بە خوێندن لە نێ. خوێندنگەکەمان ڕووت و قووت بوو. ماڵ بوو و کرابوو بە خوێندنگە. تەنیا دوو سێ دیوی تێدا بوو و بەشی نەئەکرد جا بۆیە بڕێ لە پۆلەکان لە ناو چادردا بوون. کە چوومە پۆلی سێ خوێندنگەکەمان گوێزرایەوە بۆ شوێنێکی تر. کە چوومە پۆلی چوار دیسان گوێزراینەوە خوێندنگەیەکی نوێ کە شیاوتر بوو.

سەرەڕای ئەو کەموکووڕییانە، خوێندکاری لادێیی وەک من ئەبوایە کاری کشتوکاڵیشی کردایە کە زۆر ماندووکەر بوو.

بە گشتی مامۆستاکانمان زەحمەتکێش بوون و هەوڵیان ئەدا فێرمان کەن. پەروەردە کردنی خوێندکاری سەرەتایی ناڕەحەتترە لە خوێندکاری زانکۆ. بڕێ لە مامۆستاکان دڵڕەق بوون و هەموو ڕۆژێ شووڵکاری و دارکارییان ئەکردین. لە جێی پەلکەی زولفی ڕەش پەلکەی سیمی کەوە و سووریان ئەنا مشتمان.

یەکێ لە مامۆستا هەرە باشەکانم مامۆستای پۆلی پێنجم بوو بە ناوی کاک ڕەحمان کە خەڵک بە ڕەحمانی خاتوو مەلێعا ناویان ئەبرد. پیاوێکی زۆر هێمن و لە سەرخۆ بوو. هەموو ڕۆژێ دوای تەواو بوونی وانەکان داستان و حەکایەتی بۆ ئەگێڕاینەوە. لە ڕۆژە خۆشەکانی بەهاردا ئەیبردین بۆ دەشت و چیا و لەوێ وانەکانی ئەوتەوە. جاری وایش بوو ئەیبردین بۆ دەشتی کانیسانان و پۆلێکی خوێندکاری کانیسانانیش ئەهاتن بۆ ئەوێ و هەردوو مامۆستا بە یەکەوە فێریان ئەکردین.

تا ئەو شوێنە لە بیرم بێ، یەکەم جار کە هەستم کرد حەز لە بیرکاری ئەکەم پۆلی پێنج بووم. زۆریش خەریکی نەئەبووم بەڵام باشم لێ ئەزانی. لەوانەیە لە بەر باشی مامۆستاکەمان بووبێ.

درێژەی ئەبێ ....
5593 جار خوێندراوەتەوە