كوردانی تاراوگە ...لێرە دەتوانن چی بكەن؟


هەمووان پەرت وبڵاوبووینەتەوە، هەمووان خەمی ژیان و خەمی ئایندە و خەمی مانەوە و، گەڕانەوەمان لە كۆڵناوە. ئێمە لێرە (هه‌نده‌ران) كێشەی ئازادیی و ترسمان نییە، بەڵام دەزانین لەوێ هاوڕێ وهاوپیشەكانمان لەبەردەم ترس و بچووكبوونەوەی ئازادیدان. ئێمە لێرە كێشەی كارەباو ئاو رێگای خراپ و دەرمانی ئێكسپایەر و، خواردنی ماوە بەسەر چوومان نییە، وەلێ دەزانین ناسیاو و خزم و كەسوكارمان، لەبێ كارەبایی و گەرما تاقەتی بردوون. بەدەست دەرمانی خراپ و خواردنی پڕ بەڵاوە دەناڵێنن.

جولەكەكان لەهەركوییەكی دونیا بن بێ دەنگ نابن لەسەر هەق و مافی خۆیان، كەچی ئێمە دەزانین چی بەكەسوكارمان دەكرێت و بێده‌نگین
خەونی ئێمە وەك هەر تاكێك ئەوەیە: ئێمە لێرە ژیان بەهەموو ئاستەنگەكانییەوە قورس و سەختە، بەڵام دەشتوانین مرۆڤبوونی خۆمان تێیدا ببینینەوە. لەوێ ژیان سەخت وپڕ گرفت وقەیرانە و لەبەرامبەریشدا مرۆڤ لەبەردەم شكاندن و، بچووكردنەوەی كەرامەتییدایە.

تائێستا ئێمەی كوردانی تاراوگە نەمانپرسیوە: ئەركی ئێمە چییە؟ئایا تەنها دەربڕینی ناڕەزاییە لەناو فەیسبووك و نووسینی تانە و رەخنەی قورسە لە حكومڕانی وڵاتەكەمان؟ یان ئەركێكی گەورەتر دەبێت بەجێ بهێنین؟
ئێمە ئەركی ئەوەمان لەسەر شانە ئەم پەرتبوونە كۆتایی پێبهێنین. لێرەوە دەنگی نەخێری گەورە بەرووی دەسەڵاتی كوردی بەرزبكەینەوە.
جولەكەكان لەهەركوییەكی دونیا بن بێ دەنگ نابن لەسەر هەق و مافی خۆیان، كەچی ئێمە دەزانین چی بەكەسوكارمان دەكرێت و چ قەیرانێكی دارایی دروستكراوە بۆیان و، چەندە ژیانیان بۆتە تاریكی، بەڵام بێ دەنگین!

ئەركی ئێمە دروستكردنی جوڵانەوە و بزوتنەوەی نوێی كاركردنە. كارمان دانانی بەرنامەی بە گروپە بۆ ئەوەی لێرەوە جوڵەیەك بكەین بە دۆخی وەستاوی هەرێم. ئەگەر لەوێ هاوڕێ و هاوپیشەكانمان لەترسی تەقەی سەربارەگاكان نەوێرن جوڵە بكەن، خۆ ئێمە دەتوانین هەنگاوی گەورە بنێین بۆ ئەوەی دەنگمان بگاتە جیهان.

ئێمە ئەركی ئەوەمان لەسەر شانە ئەم پەرتبوونە كۆتایی پێبهێنین. لێرەوە دەنگی نەخێری گەورە بەرووی دەسەڵاتی كوردی بەرزبكەینەوە.

لێرەوە دەتوانین شتی گەورە بكەین.

ئایا ئێمەی كوردانی هەندەران دەتوانین؟ بەڵێ، دەبێت بتوانین.

4404 جار خوێندراوەتەوە