شۆرش حاجی: جڤاتی نیشتیمانی بریاری بەشداریكردن یان بون بە ئۆپۆزسیۆن دەدات

07:39 - 17/11/2018
کوردستان

وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەجیا لەگەڵ گۆران ‌و یەكێتی كرد كۆبویەوە
شۆرش حاجی: پارتی پێی باشە گۆڕان بەشداری كابینەی نوێی حكومەت بكات
شۆرش حاجی: جڤاتی نیشتیمانی بریاری بەشداریكردن یان بون بە ئۆپۆزسیۆن دەدات
سەعدی ئەحمەد پیرە: یەكێتی بەشداریكردنی راستەقینەی دەوێت


ئەمڕۆ وەفدێكی راوێژكاری پارتی لە سلێمانی لەگەڵ گۆڕان و یەكێتی بەجیا كۆبویەوە، پارتی بۆ وەرگرتنی رای ئەو دوو حیزبە سێ‌ خاڵی خستۆتە ڕوو، گۆڕان و یەكێتیش ئەجێندا و روئیای خۆیان بۆ حكومەتی داهاتوو خستۆتەڕوو، بەوەش كاری وەفدە راوێژكارییەك بۆ بارزانی دەبێت و بەرەسمی دانوستان دەستپێدەكات
.

كۆبونەوە راوێژكارییەكەی وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوو وێستگەی جیادا لەگەل گۆڕان‌و یەكێتی ئامانجی دەسپێكردنی دانوستانەكانە بۆپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.

بەپێی زانیاریەكانی KNN وەفدی پارتی هیچ نوسراوێكیان بۆگفتوگۆكردن وەك پرۆژە پێنەبووە، ئەجێندای خۆیان لە سێ‌ خاڵدا بۆ یەكێتی و گۆڕان خستۆتە روو، ئەویش ئەوە بوە كە ئەگەر بەشداربن لە حكومەت لەسەر چ بنەمایەك دەبێت و چۆن بەشداری دەكەن و ئەجێندایان چی دەبێت.

لەگەڵ گۆڕان گفتوگۆیەكی یەك كاتژمێری كرا، وەك شۆرش حاجی، ئەندامی خانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت، پارتی پێی باشبوە گۆڕان بەشداری حكومەت بكات، لەبەرامبەردا گۆڕان هێشتا بڕیاری نەداوە و پێویستی بە بەرچاوی رونی زیاترە بۆ ئەوەی بچێتە حكومەت یان ئۆپۆزسیۆن بێت..

 

مەحمود محەمەد، ئەندامی وەفدەكەی پارتی، دوا بەدوای كۆبونەوەیان لەگەڵ گۆڕان وتی، لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ گۆڕان هەبووە و ئامانجیان ئەوەیە حكومرانیەكی سەرتاسەری  لەكوردستان بێتە كایەوە..

ئەگەرچی بەشداریكردنی یەكێتی لە حكومەت یەكلابۆتەوە، بەڵام دوای كۆبونەوەكەی ئەمڕۆیان لەگەڵ پارتی، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتی یەكێتی شەراكەتی راستەقینە دەوێت نەك بەشداریپێكردن..

سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە KNNوت، وەفدەكەی ئەمڕۆی پارتی بۆ دانوستان نەبوو، تەنها وەفدێكی راوێژكاری بوو، وەفدی دانوستانكاری پارتی بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی دەبێت، كە دواتر سەردانی لایەنەكان دەكات بۆ دانوستانی پێكهێنانی حكومەت.

2853 جار خوێندراوەتەوە