پارێزگاری سلێمانی: لەمڕۆوە نرخی بەنزین دادەبەزێت

11:34 - 17/11/2018
ئابوری

هەڤاڵ ئەبوبەكر: لە رۆژی شەممەوە بۆ هەر لیترێك بەنزین 25 دینار كەم دەكرێتەوە

پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت: لە مڕۆوە نرخی بەنزین بەپێی قۆناغ بەندی دادەبەزێت و تا كۆتایی هەفتەش هەوڵ دەدەن نرخەكەی بگەڕێننەوە دۆخی جاران.

هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بە KNN ڕاگەیاند: بە هەماهەنگی لەگەڵ پاڵاوگەو بازرگان و وێستگەكانی سووتەمەنی، لەهەوڵدان بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین و لە ڕۆژی شەمەوە بەپێی قۆناغ بەندی نرخەكەی دادەبەزێنن.

 

وتیشی: لە قۆناغی یەكەمدا بڕی 25 دینار بۆ هەر لیترێك كەم دەكەنەوەو تا كۆتایی هەفتەكەش هەوڵ دەدەن نرخەكەی بگەڕێننەوە دۆخی پێشتر.

 

هەڤاڵ ئەبوبەكر ئاماژەی بەوەشكرد: پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا بەردەوام دەبێت.

 

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا نرخی بەنزین ڕووی لە بەرزبونەوەكرد و بۆ هەر لیترێك بەنزین لە بەنزینخانەكانی سلێمانیدا زیاتر 75 دیناری چووە سەر، لە ئێستا نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ لە بەنزینخانەكان بە 740 دینارە و موحەسەن بە 825 دینارە

3626 جار خوێندراوەتەوە