پێنجوێن؛ لەماوەی یەك هەفتەدا 20 كەس بەهۆی خواردنی قارچكەوە ژەهراوی بوون

04:38 - 11/11/2018
تەندروستی

پێنجوێن؛ هاوڵاتیان قارچك وەك خۆراكێكی بەسود بۆ خواردن بەكار دەهێنن

قارچكی خۆرسك لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێم لە ناوچە شاخاویەكان هەیە پێنجوێنیش یەكێكە لەو ناوچانەی قارچكی زۆرە و  لەگەڵ هەڵتۆقینیدا هاوڵاتیان كۆیدەكەنەوە و دەیخۆن، بەپێی ئامارێكی نەخۆشخانەی شەهیدانی پێنجوێن، لەماوەی هەفتەیەكدا 20 كەس بەهۆی خواردنی قارچكی ژەهراویەوە رەوانەی نەخۆشخانە كراون.

لایەنی تەندروستیش دەڵێت: قارچكی سروشتی چەند جۆرێكی هەیە و هەیانە ژەهراویە و گەر لە قارچكی ئاسایی جیا نەكرێتەوە ئەوا لەكاتی خواردنیدا كەسەكە توشی ژەهراوی بون دەكات.

قارچك یان كوارگ روەكێكی سروشتیە لەناوچە شاخاویەكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی خۆڕسكانە دەڕوێت و لەلایەن هاوڵاتیانەوە دوای ئامادەكردنی بەشێوازی جۆراوجۆر وەك ژەمە خۆراك سودی لێدەبینرێت.

قارچك، وێرای دەیان سودی تەندروستی، ئەگەر جۆرە سودبەخشەكانی لە زیان بەخشەكان جیانەكرێتەوە زیانی تەندروستی لێ‌ دەكەوێتەوە.

بەگوێرەی ئامارێكی نەخۆشخانەی شەهیدانی قەزای پێنجوێن لە ماوەی یەك هەفتەدا زیاتر لە 20 هاوڵاتی بەهۆی خواردنەوە ژەهراوی بوون و رەوانەی نەخۆشخانە كراون، بەڕێوەبەری راگەیاندنی نەخۆشخانەكەش دەڵێت: سەرجەمیان بەهۆی نەناسینی جۆری قارچكەوە ژەهراوی بوون.

قارچك لەپایزان و بەهاراندا لە دوای باران و هەورەگرمە زۆرتر لە چیاكان سەردەردێنێت بەهۆی خواستی زۆریش لەسەری لە هەرێمی كوردستان چەندین كارگەی بەرهەمهێنانی قارچك دروست كراوە.


703 جار خوێندراوەتەوە