بافڵ تاڵەبانی بۆ رێگرتن لە بەشداری گۆڕان لە حكومەت داوای دیدار لە بارزانی دەكات

08:23 - 08/11/2018
کوردستان

بارزانی ئامادە نەبوە چاوی بە بافڵ تاڵەبانی بكەوێت
یەكێتی: گۆڕان بێتە حكومەت رێگا نادات موچە كەمبكرێتەوە
یەكێتی: گۆڕان بێتە حكومەت داوای ئاشكراكردنی داهاتمان لێدەكات


یەكێتی هەوڵەكانی چڕدەكاتەوە بۆ ئەوەی بە هەرنرخێك بێت حكومەتی داهاتوو تەنها لە پارتی و یەكێتی پێكبێت، بۆ ئەوەش بافڵ تاڵەبانی داوای دیداری بارزانی كردوە و پەیامەكەشی پرۆژەیەكە، كە ئەگەر گۆڕان بەشدار نەبێت لە حكومەت یەكێتی چی بۆ پارتی دەكات، بەڵام بارزانی دیدارەكەی رەتكردۆتەوە.

لە كاتێكدا هێز ‌و لایەنەكانی هەرێم لە بیری ئەوەدان چۆن و بە چ ئەجێندایەكەوە بەشداری حكومەتی  داهاتوو بكەن، یەكێتی ئەجێندای یەكەم و خاڵی لە پێشینەی بووە بەوەی بە هەر نرخێك بێت بزوتنەوەی گۆڕان لەو حكومەتەدا نەبێت.

لەو بارەیەوە، ماڵپەڕی شارپرێس بڵاویكردەوە، بافل تاڵەبانی، كوڕە گەوەی تاڵەبانی چەند جارێك داوای بینینی مەسعود بارزانی كردووە، بەڵام بارزانی رەتیكردۆتەوە بیبینێت.

ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكردوە، كە بافل تاڵەبانی، دەیەوێت بارزانی ببینێت تاوەكو بە هەر نرخێك بێت رازی بكات، بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم بەشدار نەبێت.

تەنانەت بەرپرسانی باڵای یەكێتی بە بەرپرسانی پارتییان وتووە، یەكێتی هەرگیز پارتی جێنەهێشتووە، وەك چۆن لە  2013 ماوەی سەرۆكایەتی بارزانییان درێژكردەوە و لە 2015 ش لەگەڵ پارتی مانەوە و گۆڕانیان بەجێهێشت لە مەسەلەی سەرۆكایەتی هەرێمدا، بە هەمانشێوە لە داهاتووشدا ئەگەر گۆڕان لە حكومەتدا نەبێت، ئامادەن بەڵێ‌ بۆ هەر هەنگاوێكی پارتی بكەن، بە پرسی دەستور و سیستەمی حكومرانی و كەرتی نەوت و تەنانەت مەسەلەی پارێزگاری كەركوكیشەوە.

پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی یەكێتی نایەوێت بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەتدا بەشدار بێت؟ ئەم هەموو تەنازولە بۆ پارتی لەپێناو ئەوەی گۆڕان بەشدار نەبێت لە حكومەت بۆ؟

خاڵی سەرەكی و لەپێشینە ئەوەیە كە بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر زاری بەرپرسەكانیانەوە نەیانشاردۆتەوە، كە بچنە حكومەت كاری لەپێشینەیان باشكردنی ژیانی خەڵك و ئاشكراكردنی داهات و گەرانەوەی موچە فەوتاوەكان و كۆتایی هێنان دەبێت ستەمی پاشەكەوتی موچە.

ئاشكراكردنی داهات بۆ یەكێتی گرفتێكی گەورەیە، چونكە مەترسیە بۆسەر ئەو داهاتەی بەشێوەیەكی ناشەرعی بەرپرسانی ئەو حزبە دەستیان دەكەوێت و بۆ خۆ گەورەكردن و ململانێ‌ ناوخۆیی و دەرەكیەكان بەكاری دەهێنن، ئەوەش وا دەكات سەرانی ئەو حزبە نەتوانن رەعیەتەكانیان بەدەوری خۆیانەوە بهێڵن ئەگەر داهاتەكەیان نەمێنێت.

گرفتێكی تری یەكێتی، كە نایەوێت گۆڕان بەشداری حكومەت بێت ئەوەیە، ئەو حزبە بەهۆی ململانێ ناوخۆییەكانەوە پۆستی دوانی دەوێت بۆ رازیكردنی باڵەكانی خۆی، لەو روەوە پێشتر رۆژنامەی باس زۆر بەروونی ئەمەی ئاشكراكردبوو، كە لە لە بەرامبەر جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ قوباد تاڵەبانی، كۆسرەت رەسوڵ داوای سەرۆكی پەرلەمان دەكات، بەڵام بە بەشداری گۆڕان پۆستەكانی یەكێتی زۆر كەم دەبنەوە و ئەوەش ناكۆكیەكانی ناو باڵەكانی ئەو حزبە قوڵتر دەكاتەوە.

هەرێمی كوردستان، كە ئێستا لە هەركات زیاتر رووبەڕووی قەیران بۆتەوە و لەبەردەم چەندین مەترسیدایە، بەرهەمی حوكمڕانی 50 بە 50 ی یەكێتی و پارتیە لەرابردوودا، كە لەجیاتی خزمەتكردن هەموو شتێكی ئەم هەرێمەیان نیوە بە نیوە دابەشكردبوو، هەر ئەوەش وایكردوە، سەرەڕای ئێسقانشكاندنی یەكتر لەبەرچاوی دۆست و دوژمن لەبەغدا و لە 16ی ئۆكتۆبەردا، كەچی ئێستا پەیوەندییەكەیان بە زەواجی كاسۆلیك و هاوبەشی مێژویی و جوگرافی وەسفدەكەن.

5284 جار خوێندراوەتەوە