به‌ وێنه‌... نەوەی لەقلەقەکەی هەولێر گەڕایەوە

05:28 - 06/11/2018
هەمەڕەنگ

نزیکەی شەست ساڵ دەبوو، جووتێک لەقلەق لەسەر منارەکەی مزگەوتی خانەقای شاری هەولێر هێلانەیان درووست کردبوو، ساڵانە لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەم هەورە تریقشەی بەهاریدا، دەگەڕانەوە سەر منارەی مزگەوتەکەی خانەقا و خەڵکی دەوربەری شوێنەکەش دڵخۆشی خۆیان بە گەڕانەوەی لەقلەقەکان دەردەبڕی.

 

بەپێی گوتەی هاووڵاتییەک، ئەم جووتە لەقلەقە لە ساڵانی سییەکانی رابردوو، لەسەر منارەی مزگەوتە کۆنەکەی خانەقا هێلانەیان دروستكردبوو، بەڵام دوای ساڵی شەستەکان و دروستکردنی مزگەوتی نوێی خانەقا، ئەوا لەقلەقەکان هێلانەکەیان گواستەوە سەر منارەی مزگەوتە نوێیەکە، کە بە دووری بیست مەتر لە مزگەوتە کۆنەکە دامەزراوە، بەڵام منارەکەی بەرزترە.

 

محەمەد سدیق، تەمەن 70 ساڵ، به‌ ئاژانسی ئانادۆڵوی وتووه‌، "لە ساڵانی سییەکانەوە، جووتێک لەقلەق لەسەر منارەکەی مزگەوتە کۆنەکەی خانەقابوون و دوای دروستکردنی مزگەوتی خانەقا لە ساڵانی شەستەکان، ئەوا جووتە لەقلەقەکە هێلانەکەیان بۆ سەر منارە نوێیەکە گواستەوە و جێگیربوون".

 

محەمەد سدیق گوتیشی: "لە ساڵی 1996 لە کاتی شەڕی براکوژی، گوللـەیەک بەر یەکێک لە لەقلەقەکان کەوت و مرداربووەوە، ئەوەی دیکەش هەولێری بەجێهێشت، بەڵام دوای 22 ساڵ، نەوەیەکی لەقلەقەکە هاتووەتەوە سەر هێلانەکە و لێرە گیرساوەتەوە".

4453 جار خوێندراوەتەوە