هەرێم؛ كاردانەوە دژی دانەمەزراندنی دەرچوانی بەشە پزیشكییەكان فراوانتر دەبێت

04:43 - 04/11/2018
تەندروستی

هەرێم؛ رێكخراوی خانمە پزیشكەكانی كوردستان بەیاننامەیەكی ناڕەزاییان بڵاو كردەوە
خانمە پزیشكەكانی كوردستان داوای دامەزراندنی دەرچوانی كۆلێژە پزیشكییەكان دەكەن


 نزیكەی هەزار خانمە پزیشكی كوردستان، رەخنەی توند لە حكومەت و وەزارەتی تەندروستی دەگرن لە بەرامبەر دانەمەزراندنی دەرچوانی چەند ساڵی رابردووی كۆلیژە پزیشكییەكان.

رێكخراوی خانمە پزیشكەكانی كوردستان، بەدروشمی نەخێر بۆ نەخۆشخستنی پیشەی پزیشكی، بەیاننامەیەكی ناڕەزایەتییان بڵاوكردەوە و تێیدا داوا دەكەن، حكومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی چیتر كەمتەرخەم و بێباك نەبێت لە ئاست چارەنوسی ئەو هەزاران دەرچووە پزیشكیانەی كوردستان لە پسپۆڕی و بوارە جیاجیاكاندا.

داوا ش دەكەن، چیتر كەرتی تەندروستی و ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیانی هەرێم رووبەڕووی مەترسی نەكرێتەوە و حكومەت كاری جدی بكات بۆ دامەزراندنی دەرچوانی كۆلیژە پزیشكیەكان.

بەیاننامەكە ناو و واژۆی 901 خانمە پزیشكی لەسەرە و تێیدا هاتووە، بەهۆی بێ پلانی حكومەتەوە لە ئێستادا هەر 10 هەزار هاوڵاتیەك تەنها نۆ پزیشكی گشتییان بەردەكەوێت و بۆ هەر 10 هەزار نەخۆشێك تەنها دوو پزیشكی ددانیان بەردەكەوێت.

259 جار خوێندراوەتەوە