ئەمریكا 5ی ئەم مانگە بەشی دووەمی سزاكانی بەسەر ئێراندا دەسەپێنێتەوە

07:55 - 03/11/2018
جیهان

ئەمریكا عێراق لەبەشێك لەگەمارۆكانی سەر ئێران دەبەخشێت
ئەمریكا لە سزاكانی بۆسەر ئێران هەشت وڵات دەبەخشێت
ترەمپ لە تویتێكدا: سزاكانی سەر ئێران بەڕێوەن
عەلی خامنەئی: ئەمریكا لەبەرامبەر ئێران شكستی هێناوە


5ی ئەم مانگە گەڕی دووەمی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، عێراق بۆی هەیە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ تاران بكات بەو مەرجەی بەدینار بێت، ترەمپ دەڵێت: سزاكانیان بۆ سەر تاران بەرێوەن، خامەنەیش رایدەگەیەنێت ئەمریكا لەبەرامبەر وڵاتەكەی شكستی هێناوە...


بڕیارە رۆژی پێنجی ئەم مانگە گەڕی دووەمی سزاكانی ئەمریكا دژی ئێران بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، سزا گەلێك كە رەنگە دۆخی ئابوری ئێران ئەوەندەی تر قورس بكات، سزاكانی ئەم جارە ئەم بوارانە دەگرێتەوە.

* راگرتنی مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوتی ئێران بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەناویشیاندا كڕینی بەرهەمە نەوتیەكان و بەرهەمە پترۆكیمیاویەكانی ئەو وڵاتە.

* راگرتنی مامەڵەكردنی دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتیەكان لەگەڵ بانكی ناوەندی ئێران و دامەزراوە داراییەكانی ئەو وڵاتە.

* راگرتنی خزمەتگوزاریەكانی بواری دڵنیایی.

* كۆتایی هێنان بەمۆڵەتی كاركردنی ئەو كۆمپانیایانەی كە لەژێر كۆنترۆڵی ئەمریكادان بۆ كاركردن لەگەڵ حكومەتی ئێران.

*  سەپاندنەوەی سزا بەسەر ئەو كەسانەی ناویان لەلیستی سزاكان هێندراوەتە دەرەوە.

بەڵام پێدەچێت واشنتۆن رەچاوی دۆخی چەند وڵاتێك بكات لەو چوارچێوەیەدا ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەزاری سێ بەرپرسی عێراقییەوە بڵاوی كردوەتەوە ڕۆژی هەینی ئەمریكا عێراقی ئاگاداركردوەتەوە كە لەبەشێك لەگەمارۆكانی سەر تاران دەیبەخشێت بەمەرجی ئەوەی لەمامەڵەكردن لەگەڵ ئێران لەبری دۆلار، دینار بەكاربهێنێت، بەپێی بڕیارەكەی ئەمریكا لەمەودوا عێراق دەتوانێت ووزەو غازو پێداویستی خۆراكی لەئێرانەوە هاوردەبكات.

هاوكات ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە ئەمریكا لەسزاكانی بۆ سەر ئێران هەشت وڵات دەبەخشێت كە دەتوانن بۆ ماوەیەكی كاتی نەوت لە ئێران بكڕن.

ئەگەرچی تائێستا بەڕەسمیی و بەتەواوەتی ناوی ئەو هەشت وڵاتە یەكلایی نەبوەتەوە بەڵام ناوی هەریەك لەوڵاتانی كۆریای باشورو ژاپۆن و چەند وڵاتێكی تر هێنراوە.

هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێش سەپاندنی گەڕی دووەمی سزاكان 12 مەرجی خستە بەردەم تاران بۆئەوەی سزاكانی سەری هەڵبگیردرێن كە گرنگترینیان بریتین لە:

1- ئاشكراكردنی تەواوی بەرنامە ئەتۆمیەكەی تاران بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم.
2- كۆتایی هێنان بە بڵاوكردنەوەی موشەكی بالستی.
3- ئازادكردنی تەواوی هاوڵاتیانی ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمانی كە لە ئێران دەستگیركراون.
4-رێزگرتن لەسەروەری خاكی عێراق و رێگەدان بە نەهێشتنی چەكی میلیشیا شیعیەكان.
5-كشاندنەوەی سوپای ئێران لەسوریا.
6-راگرتنی هەرەشەكردن لەدراوسێكانی لەرێگەی هێرشی موشەكیەوە.

لەگەڵ نزیك بوونەوەی سزا نوێكان هەردوو وڵات شەڕی راگەیاندنیشیان لەدژی یەك چڕكردۆتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تویتێكدا رایگەیاند: سزاكانی وڵاتەكەی دژی ئێران بەڕێوەن، لەبەرامبەردا عەلی خامەنەیی رابەری ئێران لەوتارێكدا كە بەبۆنەی 40 مین ساڵیادی دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا پێشكەشی كرد رایگەیاند واشنتۆن لەڕووبەڕووبونەوەی تاران شكستی هێناوە و سەركەوتوو نەبووە.

1687 جار خوێندراوەتەوە