مەرجەكانی وەزارەتی تەندروستی بۆ كۆمپانیای نیشتمانی دەرمان

06:13 - 02/11/2018
تەندروستی

وەزیری تەندروستی بۆ KNN: له‌ 49%ی كۆمپانیای نیشتمانی دەرمان بۆ كەرتی تایبەتە

KNN مەرجەكانی حكومەتی هەرێم بۆ بەشداریپێكردنی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لە كۆمپانیای نیشتمانی دەرمان بڵاودەكاتەوە، وەزیری تەندروستیش دەڵێت: ئەو كەرتە زۆر فراوانە و حكومەت ناتوانێت تەنها خۆی ئەو بازرگانیە بەهێزە قۆرغ بكات.

كەرتی تەندروستی بە گشتی و دەرمان بەتایبەتی بۆتە سەرچاوەی دۆسیەی گەورەی گەندەڵی و جێگەی گومان، كە پێویستی بە لێكۆڵینەوەی ورد و لیژنەی تایبەت هەیە بۆ ئەوەی دەستی بەرپرسەكانی حزب لەو كەرتە ئاشكرا بكرێت. بە پێچەوانەشەوە تا دێت تەماحی یەكێتی و پارتی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو كەرتە زیاتر دەبێت، كە دوای نەوت بە گەورەترین بواری قازانج دادەنرێت.

رێكەوت حەمە رەشید، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم بە KNNی راگەیاند: له‌ 49% كۆمپانیای نیشتمانی دەرمان دەدەنە كەرتی تایبەت، دەشڵێت: ئەو كۆمپانیایانەی دەبنە شەریكی حكومەت لە كۆمپانیای نیشتمانی دەرمان دەبێت بڕی سەرمایەكەی لە بڕێكی دیاریكراو كەمتر نەبێت، كە لە ئێستادا بە تەواوەتی یەكلایی نەبۆتەوە، ئاماژە بەوەش دەكات، ئەو كۆمپانیایانەی پێشتر دەرمانیان هێناوە، ئەگەر كێشەی یاساییان نەبێت و ناوبانگی باشیان هەبێت، دەتوانن ببنە شەریكی حكومەت لە كۆمپانیای نیشتمانی دەرمان.

وەزیری تەندروستی دەشڵێت: پزیشكانی دەرمانساز بەبێ سەرمایە دەتوانن ببنە خاوەن پشك لەو كۆمپانیایە و ئاماژە بەوەش دەكات، هیچ بەڵگەیەكی ئەوتۆیان نیە كە كۆمپانیاكانی حزب لەپشت بازرگانی دەرمانەوەن.

بەپێی زانیارییەكانی KNN یەكێتی و پارتی ئەو له‌ 49%ی كۆمپانیای نیشتمانی دەرمانیان لەناو خۆیاندا بەشێوەی له‌ 24% و نیو دابەش كردووە و مەبەستیش لە دروستكردنی ئەو كۆمپانیا تازەیە باشتركردنی كوالێتی دەرمان نیە، بەڵكو حكومەتی هەرێم لە پێناوی گەشەكردنی ژمارەیەك كۆمپانیای حزبی و ریكلامكردن بۆیان دەیەوێت كۆمپانیای نیشتمانی دەرمان دروست بكات.

لە ئایندەشدا حكومەت دەستبەرداری له‌ 51% پشكەكانی دەبێت بۆ ئەو كۆمپانیا حزبیانە، سەرباری ئەوەش دەیانەوێت بەبیانوی بەرزكردنەوەی كوالێتی دەرمان نرخی دەرمان لە هەرێمی كوردستان بەرز بكەنەوە.

258 جار خوێندراوەتەوە